بەریتانیا دووەم کۆچبەری دیپۆرتی فەرەنسا کردەوە، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەی دیپۆرتکردنەوەکان زیاد بکات.

توانا عومەر پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەریتانیا رایگەیاند، حکومەتی بەریتانیا کۆچبەرێکی ئیریتریایی بە فڕۆکە دیپۆرتی فەرەنسا کردەوە، کە لەمانگی رابردوودا بەشێوەی نایاسایی بە بەلەمی بچوک کەناڵی ئینگلیزی بڕیبوو و گەیشتبووە ئەو وڵاتە.

وتیشی، ئەو کۆچبەرە لە چەند رۆژی رابردوودا دادگا رێگری کرد لە دیپۆرتکردنەوەی، بەڵام  دوای تانەدان لە بڕیاری دادگا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە، ئەم بەیانییە لە فڕۆکەخانەی هیرۆسی لەندەنەوە دیپۆرتی فەرەنسا کرایەوە.

جێگەی ئاماژەیە، دیپۆرتکردنەوەکە لەچوارچێوەی رێککەوتنی یەک بۆ دەرەوە و یەک بۆ ناوەوەی بەریتانیا و فەرەنسایە، کە ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچوک دەگەنە بەریتانیا بەپێی رێککەوتنەکە دیپۆرت دەکرێنەوە.

هاوکات لە دوێنێوە ئەوە دووهەم کۆچبەرە کە بە بەلەمی بچوک دەگەنە بەریتانیا دیپۆرتی فەرەنسا دەکرێنەوە، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەی دیپۆرتکردنەوەکان بۆ فەرەنسا زیاد بکرێت، لەبەرانبەر هەر کۆچبەرێکیشدا کە بەریتانیا دیپۆرتی دەکاتەوە، بەپێی رێککەوتنەکەی نێوانیان، بەریتانیا کۆچبەرێک بەشێوەی یاسایی لە فەرەنسا وەردەگرێت.