لە بۆردومانێکدا بۆ سەر مزگەوتێک لە سودان 75 کەس کوژران
١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وێنە؛ ئەرشیف
لە بۆردومانێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر مزگەوتێک لە سودان زیاتر لە 75 کەس کوژران.
ژوری فریاکەوتنی خێرای کەمپی ئاوارەکان لە ناوچەی دارفور رایگەیاند، ئەمڕۆ لە هێرشێکی درۆنی خۆکوژیدا بۆ سەر کەمپەکە، کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە مزگەوتێک بە ئامانج گیراوە، زیاتر لە 75 کەس کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ لەکاتی کۆبوونەوەی ئاوارەکانی کەمپەکە لە مزگەوتەکە هێرشەکە ئەنجامدراوە،هاوکات تەرمی کوژراوەکان لە داروپەردوی مزگەوتەکە دەرهێنراوەتەوە.
لەلای خۆیەوە نوسینگەی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو کوشتنی کەسانی مەدەنی لە سودان زیادیکردووە.
هاوکات بەپێی راپۆرتێکی نوێی نوسینگەی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە سێ هەزار و 384 هاووڵاتی مەدەنی لە نێوان مانگی یەک بۆ حوزەیرانی ئەمساڵ کوژراون کە زۆربەیان لە ناوچەی دارفور بوون.



