گرژی و ئاڵۆزی سەربازیی، شەڕی ناوخۆ، برسێتی و نەخۆشی، ئەو دەردانەی ماوەی نزیکەی 40 ساڵە بەرۆکی سودانیان گرتووە و رۆژ لەدوای رۆژ ئەو وڵاتە زیاتر بەرەو هەڵدێر دەبەن. سەرەڕای ئەوانە ئێستا سودان بەدەست دەردێکی کوشندەوە دەناڵێنێت، کە نزیکە لەوەی بچێتە سەرجەم ماڵەکانەوە.

لە راپۆرتێکی مەیدانیدا ماڵپەڕی کەناڵی حەدەسی سعودی باس لە گرفتێکی گەورەی سودان دەکات، کە هاوتەریب لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دەڕوات. ماددەی هۆشبەر، ئەو ماددە کوشندەیەی بە درێژەپێدەری قەیرانەکانی سودان ناودەبرێت.

لە دوایین چالاکیاندا پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە سودان باندێکی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە، کە لە پێنج تۆمەتبار پێکهاتوون. بە وتەی پۆلیس، ئەو پێنج تۆمەتبارە لەناو ماڵەکەیاندا کریستاڵیان بەرهەمهێناوە، هاوکات، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا دەست بەسەر 700 حەبی جۆری کەپتاگۆن گیراوە.

وەک لە راپۆرتەکەی کەناڵی حەدەسدا باسی دەکات، ئەگەرچی بەرهەمهێنانی ماددەیەکی کوشندەی وەک کریستاڵ لەناو ماڵ و گەڕەکەکاندا تاوانێکی گەورەیە، بەڵام ئەو روداو و هەواڵە بۆ سودان بووەتە دوبارە و رۆژانە تۆمەتبارانی بەرهەمهێن و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن.

ئەوەی زامەکەی بۆ سودان قوڵتر کردووەتەوە ئێستا تەنها بڵاوبوونەوەی فراوانی ماددەی هۆشبەر نییە بەناو خەڵکدا، بەڵکو بەپێی ئەو سەرچاوە ئەمنییانەی کە قسەیان بۆ کەناڵی حەدەس کردووە، لەناو سەربازان و کەسانی پلەباڵای سەربازیشدا ماددەی هۆشبەر بەکاردێت.

شەڕی ناوخۆ و زێڕ و ماددەی هۆشبەر، سێ هۆکاری سەرەکی درێژەپێدەری رەوشی خراپی سودانن، لەگەڵ ئەوەشدا هاوسنوری سودان لەگەڵ حەوت وڵات و بوونی بۆشایی ئەمنی، کاری سودانی قورستر کردووە.

36 ساڵە لە سودان کودەتای سەربازیی بەردەوامە، لە ساڵی 2019شەوە سێ کودەتای دیکەی یەک بە دوای یەک لەو وڵاتەدا روویانداوە، زیاتر لە دوو ساڵە گرژییە سەربازییەکان گەیشتوونەتە لوتکە و بەهۆیەوە تا ئێستا دەیان هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 13 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون لە جیهاندا ناوی دەهێنێت.

هەر بەهۆی شەڕەوە برسێتی و نەبوونی ئاوی پاک و خۆراک و بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە لوتکەدایە، مانگانە دەیان کەس بەهۆی برسێتیی و نەخۆشییەوە لەو وڵاتەدا گیانلەدەستدەدەن، لە دوایین ئاماردا سێ رۆژ بەر لە ئێستا ماڵپەڕی نیویۆرک تایمز لەزاری چەند پزیشکێکی سودانەوە ئەوەی ئاشکرا کرد، کە بەهۆی نەبوونی خواردنەوە خەڵک پەنا دەبەنە بەر خواردنی ئالیکی ئاژەڵ و بەوهۆیەشەوە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا 18 کەس بەهۆی خواردنی ئالیکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئێستاش سەرەڕای ئەو قەیرانانە، ئەو وڵاتە رووبەڕووی بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەرانی ماددەی هۆشبەر دەبێتەوە.