حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، رۆژی شەممە، شکستی دوایین خولی گفتوگۆکانی ئاشتیی لەگەڵ پاکستان راگەیاند کە لە تورکیا بەڕێوەچوو و بەرپرسیارێتیی شکستەکەشی خستە ئەستۆی "رەفتاری نابەرپرسیارانە و ناهاریکارانەی" ئیسلام ئاباد.
زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، رایگەیاند، "لە میانی گفتوگۆکاندا، لایەنی پاکستانی هەوڵیدا بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایشی خۆی بخاتە ئەستۆی حکومەتی ئەفغانستان، لە کاتێکدا هیچ ئامادەییەکی نیشان نەدا بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ئەفغانستان یان ئاسایشی خۆی."
زەبیحوڵا موجاهید جەختیکردەوە: پاکستان نایەوێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین زۆری خایاندوە و روسیا نایەوێت کۆتایی پێبهێنێت، ئەمەش تێچویەکی زۆری بۆ روسیا و ئۆکراین هەبوە، دەشڵێت؛ ئۆکرانیا بەشێکی زۆری خاکەکەی لەدەستداوە لە شەڕەکەدا.
ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، چەنگی نێوان کێیف و مۆسکۆ درێژەی کێشا و هەردولا زیانێکی زۆریان کردووە و خەڵکێکی زۆر کوژراون.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردوە باوەڕی وایە دەتوانن کۆتایی جەنگی روسیا و ئۆکراین بهێنن و نەیشاردوەتەوە پێی باشە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پوتن لە بوداپێست ئەنجامبدات ئەگەر ئەنجام بدرێت.
ناوبرا ئەوەشیخستوەتەڕوو، لە ئێستادا هەردوولا گەشتونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت کۆتایی بەشەڕ بهێندرێت و بە ئومێدە بەم نزیکانە ئەوە روبدات.
روسیا ئاشکرایکرد، بە وردی چاودێری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەمرکا دەکەن، سەرۆکی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا دەست بە تاقیکردنەوەکان بکات، روسیا دەستەوەستان نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی، فەرمانی کردووە پێشنیازەکان سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمییەکان پێشکەش بکرێن، ئەمەش لە ئەگەری دەسپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئەمریکاوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا مۆسکۆ بە وردی چاودێری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزیری وزەی ئەمریکا، رایگەیاندبوو، پێشبینی ناکات ئەو تاقیکردنەوانە لە ئێستادا گرتنەوەی راستەقینەی کڵاوەی جەنگی ئەتۆمی لەخۆبگرێت.
حکومەتی بەریتانیا سزاکانی سەر ئەحمەد شەرعی هەڵگرت، بڕیاریشە رۆژی دووشەممە ترەمپ و شەرع لە کۆشکی سپی کۆببنەوە.
هاوکات یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا، سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع هەڵبگرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە كۆی 15 ئەندام 14 ئەندامی ئەنجومەنەكە جگە لە چین دەنگیاندا بەپێشنیازێكی ئەمریكا بۆ هەلوەشاندنەوەی سزاكانی سەر ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا و ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخی ئەو وڵاتە.
جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە رۆژی دووشەممە ئەحمەد شەرع وەک یەکەم سەرۆکی سوری دەچێتە ئەمریکا و لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە.
توێژینەوەیەک ئاشکرای دەکات، زەیتی زەیتون رێگری دەکات لە قەڵەوی و تەندروستیی مێشک دەپارێزیت.
لە نوێترین توێژینەوەی گۆڤاری "Nutritional Neuroscienceـدا، زانایانی بەرازیل لە رێگەی تاقیکردنەوەوە لەسەر مشکێکی قەڵەو، ئاشکرایان کردووە کە زیادکردنی زەیتی زەیتون بۆ سیستمی خۆراکی، یارمەتیدەرە بۆ رێگریکردن لە هاتنە ئارای هەوکردن لە ناوچەی ژێرلانک "Hypothalamus"ـی مێشکدا، کە بەرپرسە لە رێکخستنی هەستی برسێتی و سیستمی زیندەچالاکیی جەستە.
هاوکات لە توێژینەوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەو مشکانەی کە زەیتی زەیتونیان خواردبوو، کێشیان کەمتر زیادی کردبوو و پڕۆسەی زیندەچالاکی لە لەشیاندا باشتر ببوو.
گۆڤارەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، تیمی توێژەران لە زانکۆی ساو پاولۆ خۆراکێکی پڕ چەورییان داوەتە مشکەکان، هاوتەریب لەگەڵ زیادکردنی زەیتی زەیتون بۆ سیستەمی خۆراکیی هەندێکیان.
پاش تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک، توێژەران کەمبوونەوەی هەوکردنیان لە ناوەندی بەرپرسیار بۆ جڵەوکردنی هەستی برسێتی لە مێشکی ئەو مشکانەدا بەدیکردووە کە زەیتی زەیتونیان پێدراوە، ئەمەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئاستی قەڵەوییەوە هەیە.
توێژینەوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، بەکارهێنانی زەیتی زەیتون دەکرێت رێگە چارەیەکی باش بێت بۆ خۆپاراستن لە تێکچوونەکانی نێو ئەو پرۆسانەی کردەی زیندەچالاکی کە پەیوەستن بە قەڵەوییەوە.
زەیتی زەیتون لە رێگەی گوشینی زەیتوونەوە بە شێوەیەکی میکانیکی بەرهەمدەهێنرێت، بەبێ پاڵاوتن یان کوڵاندن، ئەمەش وای لێدەکات دەوڵەمەند بێت بە هەریەک لە مادەکانی پۆلیفینۆڵ و ڤیتامین E، کە هەردووکیان دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنن، لە هەمانکاتیشدا رۆڵێکی سەرەکییان لە رێکخستنی تەندروستیی جەستەی مرۆڤدا هەیە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: پێشبینی دەکەم بەم زووانە هێزێکی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە جێگیر بکرێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کارەکان لە غەززە زۆر بەباشی بەرێوەدەچن و بەم زووانە هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی غەززە لە کەرتەکە جێگیر دەکرێت.
وتیشی، تا ئێستا کێشەیەی گەورە لە غەززە روینەداوە، ئەگەر کێشەیەکیش لەگەڵ حەماس هەبێت، ئەوا چەند وڵاتێکی خۆبەخش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بڕیارە هێزە نێودەوڵەتییەکە، بە پشتگیری میسر و ئوردن راهێنان بە پۆلیسی فەلەستینی بکات، ئەمەش لە دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.
سەرۆکی پێشوی روسیا دەڵێت: لەوانەیە ترەمپ خۆشی نەزانێت مەبەستی چی بووە کە باسی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کردووە.
دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا و سەرۆکی پێشوی ئەو وڵاتە رایگەیاند، کەس نازانێت ترەمپ مەبەستی چی بووە کاتێک باسی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کرد، لەوانەیە خۆشی نەزانێت بۆ باسی ئەتۆمی کردووە.
مێدڤێدێڤ وتیشی، لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی، روسیا ناچار دەکات کە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمیی گشتگیر لەلایەن خۆیەوە هەڵسەنگێنێت.
لەچەند رۆژی رابردوودا ترەمپ رایگەیاندبوو، رێنمایی بە وەزارەتی جەنگی دابوو بۆ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی.
لەلایەکی دیکەوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، ئاشکرایکرد، مۆسکۆ لەوانەیە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەستپێبکاتەوە ئەگەر واشنتۆن ئەو کارە بکات.
جێگەی ئاماژەیە، هیچ وڵاتێک، جگە لە کۆریای باکور، لە سەدەی بیست و یەکدا هیچ تاقیکردنەوەیەکی چەکی ئەتۆمیی ئەنجام نەداوە کە تەقینەوەی ئەتۆمی بەدوادا هاتبێت.
بەهۆی داخستنی حكومەتەوە لە ئەمریكا، لە رۆژی هەینییەوە هەزاران گەشتی ئاسمانی هەڵدەوەشێنرێنەوە.
شۆن دافی، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی داخستنی حكومەت و كەمبونەوەی كارمەندەكانیان، توانای گەشتەكانیان كەمدەكەنەوە بە ڕێژەی لەسەدا 10 بۆ 40 لە قەرەباڵغترین فڕۆكەخانەكانی وڵاتەكەدا،
وتیشی، داوایان لە هێڵە ئاسمانییەكان كردوە لە رۆژی هەینیەوە گەشتەكانیان هەڵبوەشێننەوە.
لە ئەنجامدا داخستنی حكومەتی ئەمریكا سەدان هەزار فەرمانبەری فیدراڵی نێردراونەتە ماڵەوە و سەدان هەزاری دیكەش ناچارن بەبێ موچە بەردەوام بن لە كاركردن تا قەیرانەكە كۆتایی دێت.
هاوكات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دیموكراتەكانی بەوە تۆمەتبار كرد كە ئامادەن بۆ لەناوبردنی ئەمەریكا، بەڵام ئامادە نین چارەسەری كێشەی داخستنی حكومەت بكەن، لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمەوە بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجە داخستنی حكومەت دەستیپێكردووە و ماوەی 36 رۆژە بەردەوامە ئەوەش یەكەم جارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا رووبدات.
لە سەردانێکی رانەگەیەندراودا، دوای گەیشتنی ئەکتەری ئەمریکی ئەنجلینا جولی بۆ شاری خێرسۆن، کە لەلایەن دەسەڵاتی ئۆکراینەوە کۆنتڕۆڵکراوە، پاسەوانەکەی لەلایەن کارمەندانی ناوەندی دامەزراندنی خاکی (TCC)، کە هاوشێوەی فەرمانگەی وەرگرتنی سەربازییە لە ئۆکراین دەستبەسەرکرا و ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.
میدیاکانی ئۆکراین وێنە و ڤیدیۆی ئەو خانمە ئەکتەرەیان بڵاوکردوەتەوە کە لە خێرسۆن گیراوە و دوو وێنەی ئەنجلینا جۆلی بوونی ئەو ئەستێرەیە لە شارەکەدا پشتڕاست دەکاتەوە، هەندێک لە میدیاکان دەڵێن؛ ئەنجەلینا جۆلی بە بێ پرس سنوری ئۆکراینی بەزاندوە.
لە کاتی گەشتەکەی ئەنجەلینا جۆلی روداوێکی نامۆ رویدا، کاتێک شۆفێر و پاسەوانی تایبەتەکەی دەستبەسەر کرا، بە بیانوی پێنەبونی بەڵگەنامە، تا ئێستا نازانرێت ئەو کەسە ئازاد کراوە یان نا و ئەو خانمە ئەکتەرە خۆی لە ئێستادا لە خێرسۆنە و هیچ لێدوانێکی لەسەر روداوەکە نەداوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پاسەوانەکەی ئەنجلەینا جۆلی دەبرێت بۆ بەرەی جەنگ و نوسینگەی وەرگرتنی سەربازی ناوچەیی میکۆلایڤ روداوەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە شۆفێرەکەی جۆلی یەدەگ بووە و ئەرکی گەیشتن بە مەشقی سەربازی پێسپێردراوە.
جۆلی سەردانەکەی بۆ ئۆکراین لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوکاری خێرخوازیدا بووە و توانیویەتی سەردانی دامەزراوە پزیشکییە ناوخۆییەکان بکات.
لایخۆشیەوە ڤلادیمێر سالدۆ، پارێزگاری ناوچەی خێرسۆن رایگەیاند، سەردانەکەی ئەو خانمە ئەکتەرە لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەیوەندییە گشتییەکانی کیێڤەوە رێکخراوە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی سەرنجراکێشیانی جیهان بۆ ئەو بەرەیەی کە لەگەڵ روسیا لە شەڕدایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە دووپاتی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە رەسمی درێژترین داخستنی حکومەتی لە مێژووی وڵاتەکەیدا بەخۆیەوە دەبینێت و ناوبراو دیموکراتەکانیشی بە هۆکاری داخستنەکە زانی.
سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی دیدارێکی لەگەڵ سیناتۆرە کۆمارییەکان رایگەیاند، داخستنی حکومەت هۆکارێکی نەرێنی سەرەکی بوو بۆ کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێدا و دەبێت کۆتایی بە داخستنی حکومەت بهێنین.
سەرۆکی ئەمریکا وتوشیەتی؛ سیستەمی دەنگدانیان کەموکوڕی زۆری هەیە، کار بۆ گۆڕینی دەکەن و دیموکراتەکان خۆکوژانە مامەڵە دەکەن و وڵاتەکەیان لەناودەبەن.
ترەمپ جەختیشیکردوەتەوە ئەوەی دیموکراتەکان دەیانەوێت بەدەستی ناهێنن، هۆشداریشیدا لەوەی داخستنی حکومەت کاریگەری لەسەر چەند کەرتێک هەیە، لەوانەش بازاڕی بۆرسە و هێڵی ئاسمانی، جەختیشیکردەوە، "دەبێت بە هەر رێگەیەکی پێویست کۆتایی بە داخستنی حکومەت بهێنن".
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتیكدایە بە هۆی ناکۆکی نێوان هەردوو حزبی گەورەی ئەمریکا دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، حکومەتی ئەمریکا زیاتر لە مانگێکە داخراوە و ئەم داخستنەش لە مێژوی وڵاتەکەدا درێژترین داخستنە و تا ئێستاش دیار نییە کەی ئەم داخستنە کۆتایی دێت
ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا فەرمانی بە بەرپرسانی باڵای سەربازی و بەرگری کرد کە پێشنیازەکان سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی پێشکەش بکەن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە باس لەوە دەکات واشنتۆن ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە ئەنجام دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە پوتن رایگەیاند، فەرمانیداوە بە بەرپرسانی وڵاتەکەی پێشنیازەکان بۆ ئەگەری تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆپمی پێشکەش بکەن و ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەگەر وڵاتانی دیکە تاقیکردنەوەی لەو شێوەیە ئەنجام دەدەن، پێویستە روسیاش ئامادەبێت بۆ وەڵامدانمەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، لە پلاتفۆڕمی تروس، کە خۆی خاوەندارێتی دەکار پێشتر رایگەیاندبوو، ئەمریکا تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەستپێدەکاتەوە، روونیکردەوە کە ئامانج لێی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانە "بە یەکسانی" لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ روسیا.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، ئەم هەنگاوەی تیرەمپ لەسەر بنەمای دەنگۆیەکی ناو ئیدارەی ترەمپە کە باس لەوەدەکات تاقیکردنەوەی ئەتۆمی پێویستە، بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییە ئەتۆمییەکانی روسیا و چین و کۆریای باکوور کە لە ماوەکانی رابردودا، ئەو وڵاتانە سیستەمی ئەتۆمییان بەرەوپێش بردووە.
تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک جۆرج بوش وەستان و هەروەها بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی گشتگیری تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان (CTBT) لە ساڵی ١٩٩٦دا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قەدەغەکرا، کە واشنتۆن پەسەندی نەکردووە، لەکاتێکدا مۆسکۆ لە ساڵی ٢٠٢٣ واژۆی خۆی کشاندەوە.
لە تەمەنی 28 ساڵیدا، ڕاما دواجی دەبێتە گەنجترین 'خاتونی یەکەم' لە مێژووی شاری نیویۆرکدا، ئەمەش دوای ئەوەی هاوسەرەکەی، زهران ممدانی، شەوی سێشەممە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی بردەوە و دواجی خستە بەرچاوی میدیاکان.
ممدانی لە وتاری سەرکەوتنەکەیدا، لەکاتێکدا هاوسەرەکەی لە تەنیشتییەوە وەستابوو، بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژەی پێکرد و وتی: "بۆ هاوسەرە بێوێنەکەم، ڕاما، حەیاتم"، بە بەکارهێنانی وشەیەکی عەرەبی کە بە مانای "ژیانم" دێت، وتیشی: "کەس نییە کە زیاتر لە تۆ حەز بکەم لەم ساتەدا و لە هەموو ساتێکدا لەلام بێت".
چۆن یەکتریان ناسی؟
دواجی و ممدانی لە ساڵی 2021 لە رێگەی ئەپلیکەیشنی ژوانبەستنی "هینج"ەوە یەکتریان ناسیوە. لە ئۆکتۆبەری 2024 مارەیان بڕیوە و لە دیسێمبەری هەمان ساڵدا ئاهەنگیان لە دوبەی گێڕاوە، دواتریش لە مانگی شوباتدا لە ئۆفیسی تۆماری شارستانی لە مانهاتن بە رەسمی بوونە هاوسەر.
ڕاما دواجی، هونەرمەندێکی دانیشتووی نیویۆرکە و بەڕەگەز سورییە. کارەکانی زۆرجار باس لە بابەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و لە میدیا جیهانییەکانی وەک BBC News، The New York Times، The Washington Post و Vice، هەروەها لە مۆزەخانەی "تەیت مۆدێرن"ی لەندەن نمایشکراون.
سەرەڕای ئەوەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا کەم دەردەکەوت، بەڵام بەپێی CNN، لە پشت پەردەوە هێزێکی پاڵنەری سەرەکی بووە و یەکێک بووە لەو کەسانەی کە ناسنامەی براندی بانگەشەکەی ممدانی داڕشتووە.
کارە هونەرییەکانی دواجی، کە زۆربەیان رەش و سپین، رەخنە لە "ئیمپریالیزمی ئەمریکی" و ئەوەی بە "تاوانەکانی جەنگی ئیسرائیل" و "پاکتاوی رەگەزیی فەلەستینییەکان" ناوی دەبات، دەگرن، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ هەڵوێستە سیاسییەکانی هاوسەرەکەیدا.
دواجی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "یۆنگ" دەڵێت: "لەگەڵ پەراوێزخستن و بێدەنگکردنی زۆرێک لە خەڵک بەهۆی ترسەوە، تاکە شت کە بتوانم بیکەم ئەوەیە کە دەنگی خۆم بەکاربهێنم بۆ قسەکردن لەسەر ئەوەی لە ئەمریکا و فەلەستین و سوریادا روودەدات، هێندەی لە توانامدا بێت".
هاوکات وتەیەکی هونەرمەند نینا سیمۆن بەکاردێنێت و دەڵێت: "تا ئەو شوێنەی من بزانم، ئەرکی هونەرمەند ئەوەیە کە رەنگدانەوەی سەردەمەکەی بێت".
وتیشی: "پێموایە هەمووان بەرپرسیارێتییان هەیە کە دژی نادادپەروەری قسە بکەن، و هونەر توانایەکی زۆری هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە. پێموانییە هەموو کەسێک دەبێت کاری سیاسی بکات، بەڵام هونەر خۆی لە خۆیدا سیاسییە لە چۆنیەتی دروستکردن، پارەدارکردن و بڵاوکردنەوەیدا".
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە لەلایەن تۆڕەکانی هەواڵی "ئێن بی سی"، "سی ئێن ئێن" و "سی بی ئێس"ەوە بڵاوکراونەتەوە، زهران ممدانی، کاندیدی دیموکراتەکان و نەیاری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپ، رۆژی سێشەممە وەک سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک هەڵبژێردرا.
بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی نیویۆرک، ممدانی تەمەن ٣٤ ساڵ، پێش هەریەک لە پارێزگاری پێشووی ویلایەتەکە، ئاندرو کۆمۆ و کاندیدی کۆمارییەکان، کەرتیس سلیوا کەوتووە. بەمەش ممدانی دەبێتە یەکەم سەرۆکی شارەوانیی موسڵمان لە گەورەترین شاری ئەمریکادا و لە یەکی کانوونی دووەمدا دەستبەکار دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی راگرتنی بودجەی فیدراڵیی لە نیویۆرک کرد، ئەگەر ممدانی پۆستەکە بباتەوە. ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ممدانی بە "کۆمۆنیست" وەسفکرد و رایگەیاند، ئەو شارەکە بەجێدەهێڵێت "بەبێ هیچ دەرفەتێک بۆ سەرکەوتن یان تەنانەت مانەوە".
هاوکات لە ڤێرجینیا، ئابیگایل سپانبێرگەر، کاندیدی دیموکراتە میانڕەوەکان، بە ئاسانی پۆستی پارێزگاری ویلایەتەکەی بردەوە. سپانبێرگەری تەمەن ٤٦ ساڵ، کە ئەفسەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی بووە، دوای ئەوەی بەسەر وینسۆم ئێرل سیرز، کاندیدی کۆمارییەکاندا سەرکەوت، دەبێتە یەکەم ژن کە ئەو پۆستە لە مێژووی ڤێرجینیادا وەربگرێت.
لە نیوجێرسیش، میکی شێریل، کاندیدی دیموکراتەکان، هەڵبژاردنی پارێزگاری ویلایەتەکەی بردەوە.
ئەم سێ هەڵبژاردنە دەرفەتێکی بۆ پارتی دیموکرات رەخساند تا شێوازی جیاوازی بانگەشەی هەڵبژاردن تاقیبکاتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی 2026، کە تێیدا رکابەری لەسەر کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس دەکرێت. لە کاتێکدا سپانبێرگەر و شێریل سەر بە باڵی میانڕەوی پارتەکەن، ممدانی وەک پێشکەوتنخوازێک و دەنگێکی نەوەی نوێ بانگەشەی دەکرد.
بۆ ماوەی دەیەی رابردوو، وتاری زۆربەی دیموکراتە دیارەکان لەسەر یەک بابەتی سەرەکی چڕببوەوە: بە دوژمن نیشاندانی ترەمپ بووە ناسنامەی هەموو کاندیدێکی سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان، لە هیلاری کلینتنەوە تا جۆ بایدن و کامالا هاریس. وتارەکانیان پڕبوون لە ئاگادارکردنەوە لەسەر کەسایەتی، سیاسەتەکانی و ئەو مەترسییەی کە بە بۆچوونی ئەوان بۆ سەر دیموکراسیی ئەمریکای دروست دەکرد.
بەڵام دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو شێوازە کاریگەری پێویستی نەماوە، دیموکراتەکان لەو کاتەوە بەدوای گوتارێکی نوێ و یەکگرتوودا دەگەڕێن. وتارەکەی ئەمشەوی زهران ممدانی، سەرۆکی شارەوانیی نوێی نیویۆرک، رێچکەیەکی جیاوازی گرتەبەر و وایکرد ببێتە هۆی بردنەوەی.
راستە، ممدانی ئاماژەی بە ترەمپ کرد، کە بە "کۆمۆنیست" ناوی بردووە و ئەمشەویش بە بەردەوامی لە "تروس سۆشیاڵ" پۆستی لەسەر دەکرد. بەڵام بەشی زۆری وتارەکەی ممدانی تەرخانکرابوو بۆ ئەو پرسانەی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر گیرفانی هاوڵاتیان هەیە، هەروەها دیدگایەک بۆ شارێک کە بۆ تێکەڵەیەکی فرەڕەنگی دانیشتووانەکەی گونجاو و بەردەست بێت.
ئەو دووبارە باسی ئەو سیاسەتانەی کردەوە کە پاڵنەربوون بۆ سەرکەوتنەکەی، وەک جێگیرکردنی نرخی کرێی شوقەکان و دابینکردنی پاسی خێرا و بەخۆڕایی. هەروەها جەختی لەسەر یارمەتیدانی ئەو تاکانەی چینی کرێکار کردەوە کە هیوای خواستبوو خزمەتیان بکات.
ئەمە ئەو ستراتیژەیە کە پێشکەوتنخوازەکان بەردەوام داوایان کردووە، بەتایبەتی لەدوای ئەوەی ترەمپ جارێکی دیکە کۆشکی سپی بەدەستهێنایەوە.
ممدانی لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی: "لەم ساتە وەختە تاریکە سیاسییەدا، نیویۆرک دەبێتە رووناکی."
گەڕان و پشکنینەکان لە ئیسرائیل بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی مۆبایلی یفعات تۆمەر یەروشالمی، داواکاری گشتیی پێشووی سوپا، کە پۆلیس گومانی هەیە بە ئەنقەست فڕێیدابێتە دەریاوە بۆ ئەوەی دەستیان بە بەڵگەکان نەگات و نەزانن چی تێدایە.
رۆژنامە ئیسرائیلییەکان وێنەی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانیان لە کەناری هاتسوک لە تەلئەبیب و تەنانەت لەناو ئاوی دەریاشدا بڵاوکردووەتەوە.
پێشتر ترسی ئەوە هەبوو کە ئەو بەرپرسەی پێشوو زیانی بەخۆی گەیاندبێت، بەهۆی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەسەر دزەپێکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کرابووەوە و کاردانەوەی گەورەی لە ئیسرائیل لێکەوتبووەوە. دواتر یەروشالمی بە زیندوویی دۆزرایەوە، بەڵام مۆبایلەکەی نەدۆزرایەوە.
بەپێی راپۆرتەکان، ناوبراو بە لێکۆڵەرانی وتووە کە بیری نایەت چی بەسەر مۆبایلەکەیدا هاتووە، لە کاتێکدا پۆلیس گومان دەکات رەنگە هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەی دابێت کە لە دۆسیەکەدا لە دژی بەکاردەهێنرێت.
رۆژی دووشەممە، ئیسرائیل دەستگیرکردنی داواکاری گشتیی پێشووی سوپای راگەیاند، ئەمەش چەند رۆژێک دوای دەستلەکارکێشانەوەی و دانپێدانانی بەوەی کە نووسینگەکەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دزەپێکردووە کە تێیدا سەربازان دەستدرێژی دەکەنە سەر دەستگیرکراوێکی فەلەستینی لە زیندانێکی سەربازیدا لە ساڵی 2024.
دزەپێکردنی ڤیدیۆی ئەشکەنجەدان:
سوپا رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، یەروشالمی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی رەسمیدا دەستی لەکارکێشاوەتەوە کە لەسەر دزەپێکردنی ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوێک بە چاوبەستراوی لە بنکەی سدی تێمان کرابووەوە. بەپێی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی، داواکارە گشتییەکە دانی بەوەداناوە کە فەرمانگە یاساییەکەی ساڵی رابردوو ڤیدیۆکەی داوەتە میدیاکان.
لە مانگی شوباتی رابردوودا، پێنج سەربازی یەدەگ بە تۆمەتی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوێکی فەلەستینی لە تەموزی 2024 تۆمەتبار کران، کە بەهۆی "توندوتیژییەکی زۆرەوە" توشی "برینی سەخت" بووبوو، لەوانە شکانی پەراسوەکانی و کونبوونی سییەکانی.
ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، رایگەیاند: "رێککەوتن کراوە کە دەزگای زیندانەکان وریایی زیاتر بنوێنێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی دەستگیرکراوەکە." هەروەها جەختی لە "گرنگیی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی زۆر پیشەییانە بۆ دەرخستنی راستیی تەواوی دۆسیەکە کردەوە، کە بووە هۆی هەڵمەتێکی شێواندن دژی سەربازانی سوپای ئیسرائیل."
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، دادگایەک لە تەلئەبیب بڕیاریداوە تا نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بە دەستبەسەرکراوی بمێنێتەوە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، داواکاری گشتیی پێشوو رووبەڕووی چەندین تۆمەت بووەتەوە، لەوانە "فێڵکردن، خیانەت لە ئەمانەت، خراپ بەکارهێنانی پۆست، رێگریکردن لە دادپەروەری و ئاشکراکردنی زانیاری لەلایەن فەرمانبەرێکی گشتییەوە."
کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، پۆلیس گومانی هەیە کە داواکاری گشتیی پێشوو نیازی خۆکوشتنی نەبووە، بەڵکو رووداوی دیارنەمانەکەی دروستکردووە بۆ ئەوەی لە مۆبایلەکەی رزگاری بێت، کە پێیان وایە زانیاریی هەستیاری تێدایە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات دەستبەجێ کۆتایی بە توندوتیژییەکانی سودان بهێنرێت، هۆشداریشیدا لە ئاڵۆزبوونی زیاتری رەوشەکە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دووەمین لوتکەی جیهانی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر رایگەیاند، داوا لە هێزە چەکدارەکانی سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەکەم کار لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەو بکەن لە سودان، بۆ ئەوەی لەرێگەی دانوستانەوە چارەسەرێک بدۆزنەوە.
گۆتێرێس وتیشی، پێویستە دەستبەجێ کوشتار و توندوتیژییەکان رابگیرێت و کۆتایی بە خوێن رشتن بهێنرێت.
هاوکات سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوەدەکەن، ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگریی سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپا، ئەمڕۆ پێشنیازی ئاگربەستی ئەمریکا تاوتوێ دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ خوێناوییەکەی سودان کە لە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە.
جێگەی ئاماژەیە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە نیسانی 2023ەوە لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتە لە شەڕدان و میدیا جیهانییەکان ئاشکرایانکردووە، وادیارە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەی کوردفان دوای ئەوەی شاری فاشریان گرت.
کیم یۆنگ نام - سەرۆکی تەشریفاتی کۆریای باکور، لە تەمەنی 97 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور ئەمڕۆ ئاشکرایکرد، کیم یۆنگ نام - سەرۆکی تەشریفاتی کۆریای باکور لە تەمەنی 97 ساڵیدا بەهۆی لەوەستانی چەند ئەندامێکی جەستەیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور، سەردانی تەرمی "کیم یۆنگ نام"ی کردووە بۆ دەربڕینی هاوخەمی قوڵ لەسەر کۆچی دوایی. هەروەها رایگەیاند، پرسەی "کیم یۆنگ نام" رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت.
کیم یۆنگ نام لە ساڵی 1998 تا نیسانی 2019 وەک سەرۆکی تەشریفاتی کۆریای باکورخزمەتی کردووە.
کیم یۆنگ نام کە بە وتارەکانی پڕ لە پڕوپاگەندە و دەنگە بەرز و کاریگەرەکەی لە بۆنە گرنگەکانی دەوڵەتدا ناسراو بوو، زۆرجار لە میدیای رەسمیدا دەردەکەوت لەکاتی پێشوازیکردن لە گەشتیارە بیانییەکان لەبری کیم جۆنگ ئون و باوکی کۆچکردووی کیم جۆنگ ئیل.