گۆتێرێس: نابێت جیهان ئیسرائیل بترسێت
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: حکومەتی ئیسرائیل لە ئێستادا ئامانجی لەناوبردنی تەواوەتی کەرتی غەززەیە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی شەڕی لەغەززە و لکاندنی ئەو کەرتە بە کەناری رۆژئاوا، نابێت جیهان لە کاردانەکانی ئیسرائیل بترسێت و دەبێت وڵاتان هەوڵوێستی جددیان هەبێت.
وتیشی، کارێکی بەردەوام هەیە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە، قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام دەدرێت بۆ رێگریکردن لە هەبوونی دەوڵەتی فەلەستینییەکان.
گۆتێرێس داوا دەکات ئیسرائیل شەڕەکەی لە کەرتی غەززە رابگرێت و لە هەڕەشە بێ وێنەیەی خۆی بکشێتەوە دەشڵێت، نابێت لە مەترسی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بترسین.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمساڵ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە و داهاتووی فەلەستینییەکان تاوتوێ دەکات، هەروەها لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا کۆنفرانسێک بە سەرۆکایەتی فەرەنسا و سعودیە بەڕێوەدەچێت و لەو کۆنفرانسەدا بڕیارە چەند وڵاتێک بە سەرۆکایەتی فەرەنسا دانپێدانانی خۆیان بە دەوڵەتی فەلەستین رابگەیەنن.
هاوکات ئیسرائیل بەردەوام بە توندی دژی ئەم هەنگاوەی ئەو وڵاتانە دەوەستێتەوە کە دەیانەوێت دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.



