ترەمپ: بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ تایوان رادەگرێت
١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئەمریکا بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازی بۆ تایوان رادەگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ و شی جین پینگ سەرۆکی چین پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامبدەن.
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا خۆی بە دوورگرتووە لە پەسەندکردنی هاوکاری سەربازی بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار بۆ تایوان، رۆژنامە جیهانییەکانیش بڕیارێکی لەو شێوەیە بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بەو وڵاتە وەسفدەکەن.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لێپرسراوێکی کۆشکی سپی بە واشنتن پۆستی راگەیاندووە، هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە بۆ راگرتنی هاوکاری سەربازی ئەمریکا بۆ تایوان.
جێگەی ئاماژەیە، پێگەی تایوان یەکێکە لە کێشە هەرە مشتومڕییەکانی نێوان چین و ئەمریکا، بە تایبەت کاتێک واشنتن هاوکاری سەربازی پێشکەش دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە چین، تایوان بە بەشێک لە خاکەکەی دەزانێت و جەختدەکاتەوە کە ئەو هەرێمە بەدەستبهێنێتەوە.
هاوکات لە ساڵانی رابردوودا و لە کاتی سەرۆکایەتی جۆ بایدن سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، واشنتن بەبڕی دوو ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکەش بە تایوان کردووە.



