سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت: لە دوو شاری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی لە هێرشێکی پێچەوانەدا زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی روسیا گەیاندووە.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، هێرشی پێچەوانە پلانەکانی روسیای پووچەڵ کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی لەمێژینەی گرتنی ناوەندی  پۆکرۆڤسک، دەشڵێت، روسەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و 'سندوقی ئاڵوگۆڕ'ی وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر بووە، رۆژانە زیاتر سەربازی ڕووسیا بە دیل دەگیرێن.

وتیشی، هێزەکانی ئۆکراین لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە حەوت شارۆچکە و 160 کیلۆمەتری دەوروبەری پۆکرۆڤسک و دۆبرۆپۆلیایان کۆنترۆڵ کردووەتەوە.

هاوکات، ئۆلێکساندر سیرسکی فەرماندەی سوپای ئۆکراین رایگەیاندووە، هێزەکانیان لە رێگای بەرگرییەکانی روسیا سێ بۆ حەوت کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، هێزەکانیان دوو شارۆچکەی دیکەیان گرتووە، کە بریتین لە مۆراڤکا لە باشوری رۆژئاوای پۆکرۆڤسک و نۆڤۆڤانیڤکا لە باشوری رۆژئاوای ناوچەی زاپۆریژیا.