جیهانجیهان

واشنتۆن تەنها 48 سەعات مۆڵەت دەداتە تاران بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازێکی نووسراو سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ هۆشداریدەدات کە ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا نەگەنە رێککەوتن، تاران رووبەڕووی هێرشی سەربازی و 'ئەنجامی زۆر خراپ' دەبێتەوە.

لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکی بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە، واشنتن ئامادەیە رۆژی هەینی داهاتوو لە ژنێڤ خولێکی نوێی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەستپێبکات، بەو مەرجەی لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا تاران پێشنیازێکی نووسراو و ورد سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکە پێشکەش بکات.

بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردراوەکانی ترەمپ، لە کۆبوونەوەی رابردوویاندا بە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیان راگەیاندووە، هەڵوێستی سەرەکیی ترەمپ "نەبوونی هیچ جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆمە لەناو خاکی ئێراندا". بەڵام ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەگەری هەیە واشنتۆن رازی بێت بە "پیتاندنێکی رەمزی" ئەگەر تاران بیسەلمێنێت کە هیچ رێگەیەک بۆ دەستڕاگەییشتن بە چەکی ئەتۆمی ناهێڵێتەوە.

هەرچەندە ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری هێرشی سەربازیی سنووردار کردووە، بەڵام راوێژکارەکانی، بەتایبەت کۆشنەر و ویتکۆف، داوای دانبەخۆداگرتنیان لێکردووە بۆ ئەوەی دەرفەتێکی کۆتایی بە دیپلۆماسی بدرێت، لێپرسراوە ئەمریکییەکە دەڵێت: "ترەمپدەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت فەرمانی هێرشەکە دەربکات، بەڵام ئێستا چاوەڕێی وەڵامی تارانە".

15 رۆژ بۆ رێککەوتن یان "روداوی خراپ"

دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتی 10 بۆ 15 رۆژی دیاری کردووە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتن، بە پێچەوانەوە هۆشداریی داوە کە ئێران رووبەڕووی "شتێکی زۆر خراپ" دەبێتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتری لێکەوتووەتەوە.

بڕیارە عەباس عراقچی دوای رەزامەندیی سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتەکەی، پێشنیازە نووسراوەکە رادەستی ئەمریکییەکان بکات، بۆ ئەوەی ئەگەر هەردوولا رێککەوتن، رۆژی 27ـی شوبات لە ژنێڤ کۆببنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ " سەرسامە" بەوەی کە بۆچی ئێران  سەرەڕای زیادبوونی فشارەکانی ئەمریکا پاشەکشەی نەکردووە لە هەڵوێستەکانی

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، ستیڤ ویتکۆف بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندوە، ئەم بەیانییە دۆناڵد ترەمپ پێی وتووە، نایەوێت بارگرانی دروست بکات، بەڵام سەرسامە بەوەی بۆچی تا ئێستا ئێران سەرەڕای زیادبوونی فشارەکان و ئامادەیی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە، هێشتا پاشەکشەیان لە هەڵوێستەکانیان نەکردووە.

ویتکاف جەختی کردوەتەوە، ئەمریکا تەنها بە قسە رازی نابێت؛ واشنتۆن چاوەڕێ دەکات ئێران بە رەسمی رایبگەیەنێت کە بەدوای  بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە.

ناوبراو وتوشیەتی؛  بۆ ئەو مەبەستە دەبێت تاران هەنگاوی کردەیی، روون و باوەڕپێکراو بنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کیم جونگ-ئون، رێبەری کۆریای باکوور، لە میانی سێیەم رۆژی کارەکانی نۆیەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداردا، راپۆرتێکی ستراتیژیی پێشکەش کرد و تێیدا "سەردەمێکی نوێی" بۆ گەشەپێدانی نیشتمانی راگەیاند.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رەسمی KCNA، لیژنەی ناوەندی پارتەکە سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری ریشەیی لە خێرایی و ئاستی گەشەپێدانی وڵاتدا و قۆناغی داهاتووی وەک " گۆڕانکاری بێوێنە" وەسف کردووە.

​لە راپۆرتەکەدا کە لەلایەن کۆنگرەکەوە پشتگیری تەواوی لێکرا، ئاماژە بەوە دراوە کە ستراتیژییەکی نوێی جەنگی و ئابووری داڕێژراوە کە لەگەڵ ئامانجە داهاتووەکانی کەرتە جیاوازەکاندا دەگونجێت.

 ئەم کۆنگرەیە کە بە بەرزترین ناوەندی بڕیاردان لە وڵاتەکەدا دادەنرێت، کار لەسەر پێداچوونەوەی سیاستەکانی رابردوو و داڕشتنی نەخشەڕێگای نوێ بۆ بەرگری و ئابووری دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

بەپێی راپۆرتێکی ۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، بڕیاری گۆڕینی ئاراستەی کەشتی فڕۆکەهەڵگری  "جیرالد فۆرد" بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و تووڕەیی لەناو ستاف و سەربازانی سەر کەشتییەکە دروست کردووە.

ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە نەک تەنها کاریگەری لەسەر دەروونی سەربازەکان هەبووە، بەڵکو بووەتە هۆی تێکچوونی سیستەمی خزمەتگوزاری و چاکردنەوەی کەشتییەکەش.

11 مانگ لە ناو دەریا؛ تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی کاپتن دەیڤید سکارۆسی، فەرماندەی کەشتییەکە، دانی بەوەدا ناوە کە بە بڕیاری ناردنیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرسام بووە، چونکە زۆربەی کارمەندەکان بە خێزانەکەیان وتوە، دوای چەند هەفتەیەکی دیکە دەگەڕێنەوە ماڵەوە

 لە کاتێکدا ماوەی ئاسایی ئەرکی ئەم کەشتییانە شەش مانگە، ستافی "جیرالد فۆرد" ئێستا  هەشت مانگە لەناو دەریادان و پێشبینی دەکرێت ئەرکەکەیان بۆ  11 مانگ درێژ ببێتەوە، کە  ئەمەش درێژترین ماوەی مانەوەی کەشییەکی فڕؤکەهەڵگری ئەمریکییە کە لە ناو دەریادا تۆمار کرابێت.

بە گێرەی زانیارییەکانی  "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"  سەربازانی سەر کەشتییەکە ئاماژە بەوە دەکەن،  ورەیان زۆر دابەزیوە و زۆربەیان پلانیان داناوە دوای گەڕانەوەیان دەست لەکار بکێشنەوە.

جگە لە فشارە دەروونییەکان، کەشتییەکە تووشی کێشەی تەکنیکی بووەتەوە، لەوانە تێکچوونی سیستەمی ئاوەڕۆ و دواکەوتنی چاککردنەوەی ئامێرەکان بەهۆی نەگەڕانەوەیان بۆ بەندەر.

 ئەم رەوشە بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەرکە سەربازییەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا، چونکە ستافی کەشتییەکە هەست بە ماندوێتییەکی بێوێنە دەکەن

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت: وڵاتەکەی لە جەنگی دژی روسیا شکستی نەهێناوە و توانیویانە نزیکەی 300 کیلۆمەتر چوارگۆشە کۆنترۆڵ بکەنەوە

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس"، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، وڵاتەکەی لە جەنگ دژی روسیا شکستی نەهێناوە، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی کۆتایی باجێکی زۆر قورسی دەوێت.

زیلینسكی ئاشکرایکرد، هێزەکانی ئۆکراین توانیویانە نزیکەی 300 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچەکانی بەرەی باشور کۆنترۆڵ بکەنەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی هێرشە پێچەوانە نوێیەکانی وڵاتەکەی.

سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لێپرسراوانی واشنتن و مۆسکۆ پێکەوە فشار دەخەنە سەر کیێڤ بۆ ئەوەی لە بەرانبەر رێککەوتنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەستبەرداری ناوچەی "دۆنباس" بێت، بەڵام ئەو ئۆکراین جەخت دەکاتەوە کە ئەم پێشنیازە رەتدەکەنەوە.

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن زیلینسكی ئەوەی خستەڕوو، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کاتی جەنگدا مەحاڵە، چونکە دەبێتە هۆی لێکترازانی ناوخۆیی و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس رێگرە لەوەی پڕۆسەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.

سەرۆکی ئۆکراین داوایکرد، هێزە نێودەوڵەتییەکان یان ئەوروپییەکان لە نزیک بەرەی جەنگ جێگیر بکرێن بۆ گەرەنتی کردنی هەر ئاگربەستێکی ئەگەری لە داهاتوودا.

ئەم لێدوانانەی زیلینسكی لە کاتێکدایە کە روسیا بە چڕی وێستگەکانی وزەی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج و بەو هۆیەشەوە لەم وەرزی زستانەدا ملیۆنان کەس بێ کارەبا ماونەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆنگرێسی ئەمریكا پرۆژەیاسایەكی نوێ بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی ترەمپ بەرانبەر ئێران بخاتە دەنگدانەوە.

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆنگرێس دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەك بدات كە رێگری لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكات هێرشی سەربازیی نەكاتەسەر ئێران بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی پێشوەخت لە كۆنگرێس.

ئەو هەنگاوەش لە كاتێكدایە جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیانكردووە و نیگەرانی لای یاسادانەرانی كۆنگرێس دروستكردووە.

ئەو پرۆژەیاسایە لەلایەن هەردوو سیناتۆر تیم كەین و راند پۆڵ پێشكەشكراوە و جەختیشدەكاتەوە بەپێی دەستوور تەنها كۆنگرێس مافی راگەیاندنی جەنگی هەیە و پێویستە رێگری لە هەر بڕیارێكی تاكلایەنەی تر بكرێت.

هەرچەندە پێشتر هەوڵی هاوشێوە بەهۆی دژایەتی زۆرینەی كۆمارییەكان شكستی هێنابوو، بەڵام فشارەكان بۆ پاراستنی هاوسەنگی دەسەڵاتەكان لە واشنتۆن و رێگریكردن لە جەنگ بەردەوامن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ترەمپ و ئێران لە نێوان هەڕەشەی سەربازی و دیپلۆماسیدا؛ بژاردەی "پیتاندنی رەمزی یۆرانیۆم" دەخرێتە بەردەم ئێران.

رەوش لە نێوان واشنتۆن و تاران گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دووبارە داوای لە ئێران کردووە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی دادپەروەرانە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی و ئەنجامدانی هێرشی سنوردار لە ئارادایە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە بژاردەی هەرە باش بۆ تاران دانوستانە، بەڵام هاوکات هۆشداریی داوە کە سەبری ئەمریکا سنوردارە و ئەگەر ئۆفەرێکی گونجاو پێشکەش نەکرێت، رەنگە رەوشەکە بەرەو ئاقارێکی تر بڕوات.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، واشنتۆن جوڵە سەربازییەکانی چڕتر کردووەتەوە و فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێپرسراوێکی ئەمریکی رەتیکردەوە کە سەدان سەرباز لە بنکەی ئاسمانی "عەدید" لە قەتەر یان بنکەکانی بەحرەین، کە بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکایە کێشابێتنەوە، وێنە مانگە دەستکردەکان دەریانخستووە کە فڕۆکە سەربازییەکان لە بنکەی ئاسمانی "لاجیس" لە دوورگەی تێرسێرا لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسی لە ئامادەباشیدان، ئەمەش نیشانەی ئامادەکارییە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ تاوتوێی چەندین بژاردەی سەربازی دەکات، کە رەنگە هێرشی کتوپڕ و راستەوخۆ بۆ سەر ئامانجە باڵاکان لە تاران بگرێتەوە، سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، ئیدارەی واشنتۆن ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێک کە رێگە بە ئێران بدات بە شێوەیەکی رەمزی یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەو مەرجەی هیچ رێگەیەک نەمێنێتەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، واشنتۆن چاوەڕێی پێشنیازی تاران دەکات پێش ئەوەی هیچ خولێکی تری گفتوگۆ دەست پێ بکات.

ترەمپ لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوەکردووەتەوە، "سەرکردەکانی ئێران جیاوازن لە گەلەکەیان" و داوای لێکردوون رێککەوتنێکی سیاسی جەوهەری ئیمزا بکەن. لێپرسراوە ئەمریکییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر تاران ئۆفەرێکی گونجاو پێشکەش بکات، ترەمپ ئامادەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام فشارەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی تاران هەنگاوی رەسمی دەنێت، ئەم رەوشە ئاڵۆزە لە کاتێکدایە کە چەند سەعاتێک پێشتر ترەمپ باسی لە ئەگەری هێرشی سەربازی سنوردار کردبوو بۆ سەر چەند خاڵێکی دیاریکراو.

لەلای خۆشیەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك دوای راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە ئێران نەكردوە و لە ئێستاشدا هاوكاریی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هەیە، چونكە هێرشكردن و جەنگ ناتوانێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران راگرێت و ئەوەش پێشتر تاقی كراوەتەوە.

هاوکات میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆنگرێس دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەك بدات كە رێگری لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكات هێرشی سەربازیی نەكاتەسەر ئێران بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی پێشوەخت لە كۆنگرێس.

لە کۆتاییدا، ناوچەکە لە نێوان دوو بژاردەی دژبەیەکدایە؛ یان گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ کە واشنتۆن بە "دادپەروەرانە" وەسفی دەکات، یان رووبەڕووبوونەوەی سەربازی کە ئەنجامەکانی نادیارن، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە بۆ ئەوەی بڕیار بدات ئایا فشارە ئابوری و سەربازییەکان بە دانوستان کۆتایی پێ دەهێنێت یان رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت، لە کاتێکدا هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا لەوپەڕی ئامادەباشیدان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاڵۆزیی نێوان فەرەنسا و ئیتاڵیا؛ ماکرۆن بە میلۆنی دەڵێت: "هەرکەسە و با لە ماڵی خۆی بێت".

پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا جارێکی تر رووی لە گرژی کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا دایەوە سەبارەت بە کوژرانی چالاکوانێکی راستڕەوی فەرەنسی لە شاری لیۆن.

چالاکوانێکی راستڕەو بە ناوی کوینتان دێرانک (تەمەن 23 ساڵ) لە شاری لیۆن، لە کاتی پێکدادانێکدا لە پەراوێزی چالاکییەک لە نزیک پەیمانگای (Sciences Po Lyon) بە سەختی بریندار بوو و دواتر گیانی لەدەستدا. ئەم رروداوە لە کاتێکدا بوو کە پەرلەمانتاری ئەوروپی ریما حەسەن لەوێ بەشدار بوو.

داواکاری گشتی فەرەنسا رایگەیاند، شەش کەس لە هێرشەکەدا بەشدار بوون و تۆمەتی کوشتن ئاراستەی دووانیان کراوە. هەروەها یاریدەدەری پەرلەمانتارێکی پارتی (فەرەنسای یاخیبوو) تۆمەتبار کراوە بە بەشداری لە توندوتیژییەکەدا.

ململانێی لێدوانەکان

میلۆنی چی وت؟

میلۆنی لە پۆستێکدا رایگەیاند، کوژرانی دێرانک لەسەر دەستی "گرووپە توندڕەوە چەپەکان" نوێنەرایەتی "برینێک بۆ هەموو ئەوروپا" دەکات و هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی "کەشوهەوای رقی ئایدۆلۆژی".

وەڵامی ماکرۆن:

ماکرۆن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڵام توند وەڵامی دایەوە و وتی: "ئەو ناسیۆنالیستانەی کە نایانەوێت کەس دەستوەردان لە کاروباریان بکات، خۆیان یەکەم کەسن کە لێدوان لەسەر کاروباری وڵاتانی تر دەدەن." پاشان ئاماژەی بەوەکرد: "با هەرکەسە و لە ماڵی خۆی بمێنێتەوە، ئەو کاتە کاروبارەکان باش دەبن." کاتێکیش لێی پرسرا ئایا مەبەستی میلۆنییە؟ وتی: "خۆتان تێگەیشتن مەبەستم کێیە."

کاردانەوە سیاسییەکان

لە فەرەنسا: پارتی (کۆبوونەوەی نیشتمانی) راستڕەو، ئەم روداوەی وەک بەڵگەیەک بۆ بوونی توندوتیژی سیاسی دژی خۆیان بەکارهێنا، بەتایبەت کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2027 لە پێشە.

لە ئیتاڵیا: وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا روداوەکەی بە مەترسیدار ناوبرد و بە هاوشێوەی "ساڵانی قورقوشم" (سەردەمێکی توندوتیژی سیاسی لە مێژووی ئیتاڵیا) وەسفیکرد.

پاشەکشەی میلۆنی: دواتر میلۆنی رایگەیاند، لێدوانەکانی بە هەڵە تێگەیشتنی بۆ کراوە و تەنها ویستوویەتی هۆشداری بدات لە جەمسەرگیری کۆمەڵایەتی، نەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی فەرەنسا.

جێگەی ئاماژەیە، بنەماڵەی قوربانییەکەش لە رێگەی پارێزەرەکەیانەوە داوای هێورکردنەوەی رەوشەکە دەکەن و داوا دەکەن هەموو جۆرە توندوتیژییەکی سیاسی شەرمەزار بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی دوای ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا بڕیارێکی دژ بە پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەرکرد و رایگەیاند، کە سەپاندنی باجی گومرگی نوێ لە دەسەڵاتی ئەودا نییە و سنووربەزاندنە و بە نایاسای دانا، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت؛ نەک دەسەڵاتیان سنوردار نەکردوم،  بەڵکو بە پێچەوانەوە دەسەڵاتی بەهێزتری پێ بەخشیوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. 

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە دادگا تەنها بەکارهێنانێکی دیاریکراوی یاسای "دەسەڵاتە ئابوورییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان"ی سنووردار کردووە نەک هەموو جۆرە باجەکان، هەر بۆیە ئەو بڕیارە توانای سەرۆک بۆ سەپاندنی باج لە داهاتوودا پەکناخات.

لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ رایگەیاند،کە رێگایەکی جیاواز و بەهێزتر لە بژاردەی گومرگی دەگرێتە بەر و ئەو دەسەڵاتانە بەکاردەهێنێت کە سەرۆکەکانی پێشوو پەنایان بۆ نەبردووە.

 وەک هەنگاوێکی کردەیی، ترەمپ واژۆکردنی فەرمانێکی جێبەجێکردنی راگەیاند بۆ سەپاندنی باجێکی جیهانی بە رێژەی %10، کە وەک باجێکی  زیادە دەچێتە سەر ئەو باجە ئاساییانەی کە ئێستا لە کاردان.

ترەمپ جەخت دەکاتەوە چەندین یاسای تری فیدراڵی هەیە کە دەسەڵات دەدات بە سەرۆک بۆ سەپاندنی باج و ئێستا دەتوانێت باجێک دابنێێت،  کە زۆر زیاترە لەوەی دادگای باڵا  ئەمریکا هەڵیوەشاندوەتەوە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا جیهان بە سەرسامییەوە سەیری گەشەسەندنی خێرای زیرەکی دەستکرد (AI) دەکات، بە جۆرێک تاواوی بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی گرتوەتەوە، لە پشت پەردەکانەوە، ململانێیەک بەتامی جەنگی سارد و یەکلاکەرەوە لە نێوان پنتاگۆن و کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکردا رودەدات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاکسیۆس، ململانێی نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و کۆمپانیای (Anthropic)، ئێستا تەشەنەی سەندووە بۆ ناو کۆمپانیاکانی( OpenAI، Google و xAI.)

 

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا راهاتووە، کە خۆی داهێنەری تەکنەلۆژیا بێت، وەک چۆن ئینتەرنێت و GPS ی داهێنا، بەڵام لە زیرەک دەستکردا، کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی وەک (OpenAI, Google, Microsoft, Anthropic) زۆر لە پێش سوپاوی ئەمریکاوەن و ئەمەش وەتە هۆی نیگەرانی سوپای ئەمریکا.

لە کاتێکدا خەڵک سەرقاڵی چات‌جی‌پی‌تی و دروستکردنی وێنەنبە مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد، لە پشتی پەردەوە "جەنگێکی سارد" بۆ کۆنترۆڵکردنی کلیلەکانی هێزی زیرەکی دەستکرد لە ئارادایە و  ئەم ململانێیە ئێستا وەک یەکێک لە هەستیارترین بابەتەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و داهاتووی تەکنەلۆژیا سەیر دەکرێت.


​پێنتاگۆن دەیەوێت دەسەڵاتی تەواوی هەبێت بەسەر مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکردا

​بەپێی راپۆرتە نوێیەکانی ئاکسیۆس، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە، پیت ھێگسێسی وەزیری جەنگی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ستراتیژی سەربازی ئەمریکادا دەستپێکردووە و بە گوێرەی ستراتیژەکە؛ پێنتاگۆن تەنها مۆدێلێکی سادەی وەک "Claude" یان "GPT-4"ی ناوێت بۆ نووسینی راپۆرت؛ بەڵکو دەیانەوێت ئەم مۆدێلانە تێکەڵی چەکەکان، سیستەمەکانی چاودێری و بڕیارە جەنگییەکان بکەن.

بۆ ئەو مەبەستەش پێنتاگۆن داوای لابردنی کۆت و بەندەکانی زیرەکی دەستکرد دەکات، کە کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد بە پارێزەرە ئەخلاقییەکان ناوی دەبەن و نایانەوێت ئەو سنورانە ببەزێندرێن.

هێڵەسورەکانی کۆمپانیاکانی زیرەکی دەەستکرد و بەربەستەکانی بەردەم پێنتاگۆن

هێڵە سورەکان، یاخود ئاکاری ئەخلاقی کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد، کە وەک پێوەرێکی ئەخلاقی دایان ناوە و نایانەوەێت هیچ کەسیێک ئەو سنورانە ببەزێنێت و پێیان وایە بە بەزاندنی ئەو سنورانە ژیانی مرۆڤایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە.

هێڵە سوورە ئەخلاقییەکان: ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا رێگە بە زیرەکی دەستکرد دەدرێت بڕیاری "کوشتن" بدات بەبێ دەستێوەردانی راستەوخۆی مرۆڤ؟ کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد دەڵێن ئەمە هێڵێکی سوورە و نابێت ببەزێنرێت، چونکە ئامێر ویژدانی نییە و رەنگە کارەسات روبدات.

ئاسایشی نیشتمانی و کێبڕکێی چەک پێنتاگۆن پێی وایە ئەگەر ئەمریکا ئەم هێڵە سوورانە دانەنێت، رەنگە رکابەرەکانی (وەک چین) پێشی بکەون. لێرەدا هێڵە سوورەکان وەک "کۆسپ" دەبینرێن لەبەردەم سەرکەوتنی سەربازی.

یاسا و مەرجەکانی بەکارهێنان: ئەمە ئەو بەشەیە، کە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان تێیدا دەستکاری یاساکانی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی رێگە بە سوپا بدەن مۆدێلەکانیان بەکاربهێنێت، کە پێشتر قەدەغەیان کردبوو.

​ململانێی پێنتاگۆن و مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد؛ کێ رازیببوە و کێ بەرگری دەکات؟

لە ئێستادا ​ململانێکە کۆمپانیاکانی دابەش کردووە بۆ دوو بەرەی جیاواز، بەرەی بەرگری کە کۆمپانیای (Anthropic)​ئەنسرۆپیک، و بە "سەلامەتترین کۆمپانیای " "AI"دەناسرێت، هێڵێکی سووری کێشاوە و دەڵێت؛ "نا بۆ جەنگی بێ مرۆڤ."

مەبەستی ئەوان ئەوەیە ئەگەر AI خۆی بڕیاری کوشتن بدات، مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست دەکات، ئەم پێداگرییە وای کردووە پێنتاگۆن هەڕەشەی رەشکردنەوەی کۆمپانیاکە بکات و  وەک "مەترسی ئاسایشی نیشتمانی". بیناسێنێت.

بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاکسیۆس، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی(OpenAI  و xAI) لەبەرانبەر هەرەشەکان نەرمیان نواندوە و ​راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن (OpenAI) کە مایکرۆسۆفت پشتیوانی دەکات و ( xAI) کە کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسک هەڵوێستێکی تریان هەیە.

ئەوان خەریکی گۆڕینی "مەرجەکانی بەکارهێنان" (Terms of Service)ی خۆیانن بۆ ئەوەی رێگە بە هاوکاری زیاتر لەگەڵ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بدەن، چونکە بۆ ئەم کۆمپانیایانە، بوون بە "هاوبەشی ستراتیژی" سوپای ئەمریکا، بە واتای داهاتێکی بێ کۆتایی و پارێزبەندییە لەلایەن حکومەتەوە.

​دوو بژاردە قورسەکە؛  ئاسایشی نیشتمانی یان ئەخلاقی تەکنەلۆژیا؟
​ململانێکان دەریانخستوە، کە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا گەیشتوونەتە خاڵێک کە دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرن، ببنە "باڵی تەکنەلۆژی" سوپای ئەمریکا؛ کە ئەمە دەیانپارێزێت لە سزادان و رکابەری چین، بەڵام بەتەواوەتی لەژێر هەیمەنەی سوپای ئەمریکادا دەبن.

 یاخود، بەرگری لە سەربەخۆیی بکەن؛ کە ئەمە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی حکومەت بە زۆر دەست بەسەر تەکنەلۆژیاکەیاندا بگرێت و بەرەو پوکانەوەیان بەرێت.

لەم ململانێدا؛ مرۆڤایەتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە

لە کۆتایدا سەرەڕای پیشکەوتنە تەکنەلۆژیاییەکان، هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی  جیهان بەرەو داهاتویەکی ناڕوون هەنگاو دەنێت،  ئایا زیرەکی دەستکرد دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئاشتی، یان دەبێتە چەکێک،  کە بێ گەڕانەوە بۆ ویژدانی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت و تەواوی هێڵە سورەکان دەبەزێنێت، کە ئەو هێڵە سورانەی کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد دایان ناون، دواین سنوورەکانی رەوشتی مرۆڤایەتین لە سەردەمی ئامێرە بێگیانەکاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا بڕیارێکی دژ بە پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەرکرد و رایگەیاند، کە سەپاندنی باجی گومرگی نوێ لە دەسەڵاتی ئەودا نییە و سنووربەزاندنە و بە نایاسای دانا، دۆناڵذ ترەمپیش دەڵێت ئەو کارە جێی شەرمەزارییە.

دوای ئەوەی  دادگای باڵای ئەمریکا بڕیارێکی گەورەی ترەمپی هەڵوەشاندەوە، دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی توندی نیشاندا و بڕیارەکەی دادگای بە "شەرمەزارانە" ناوبرد.

لە کاتێکدا، کە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی بێدەنگی هەڵبژاردووە لەسەر ئەو بڕیارەی دادگای باڵای ئەمریکا و هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم بڕیارە دادوەرییە نەداوە، کەناڵی "سی ئێن ئێن" بڵاوی کردەوە، کە ترەمپ بە کەسە نزیکەکانی رگەیاندووە کە پلانی "ب" ی هەیە و جێگرەوەیەکی ئامادە کردووە بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکەی دادگا و جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکانی.

لای خۆشیەوە حکومەتی کەنەدا  پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا کردوە  سەبارەت بە باج رایگەیاندوە، ئەو بڕیارە  پێگەی ئێمە بەهێز دەکات.

دوای هاتنەوە سەر دەسەڵات، دۆناڵد ترەمپ بە بیانوی بەهێز کردنی ئابوری باجی گومرگی بەسەر چەند وڵاتێکدا سەپاند  و رایگەیاند بوو، ئامانجیان لەو کارە نەهێشتنی کورتهێنانی بازرگانیی ئەمەریکایە لەگەڵ زۆرێک لەو وڵاتانەی، کە دەیان ساڵە سیستەمی بازرگانیی جیهانیان هەژاندووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە پێشهاتێکی نوێی پەیوەست بە دۆسیەی جێفری ئیپستین، ملیاردێری کۆچکردوو و تاوانباری سێکسی، بەڕێوەبەرانی سامانەکەی رەزامەندییان نیشان دا لەسەر پێدانی بڕی 35 ملیۆن دۆلار بۆ کۆتاییهێنان بە سکاڵایەکی بەکۆمەڵ.

 ئەم سکاڵایە لەلایەن کۆمەڵێک لە قوربانییەکانی ئیپستینەوە تۆمارکرابوو، کە تێیدا داوای قەرەبووی زیانە جەستەیی و دەروونییەکانیان دەکرد.بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی دادگا، ئەم بڕە پارەیە وەک رێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو سکاڵایە دیاریکراوە کە تێیدا دوو لە راوێژکارە نزیکەکانی ئیپستین تۆمەتبار کرابوون.

تۆمەتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم راوێژکارانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ "هاوکاری و ئاسانکارییان" بۆ ئیپستین کردووە تاوەکو بەردەوام بێت لە کارە تاوانکارییەکانی و بازرگانیی سێکسی بە کچانی گەنج و نەوجەوانەوە بکات.

ئەم ڕێککەوتنە داراییە لە کاتێکدایە، کە هەوڵە یاساییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی هاوکاری ئیپستینیان کردووە هێشتا بەردەوامە.

پارێزەرانی قوربانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەرچەندە هیچ بڕە پارەیەک ناتوانێت شوێنەوارە خراپەکانی ئەو تاوانانە بسڕێتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە بە دەستکەوتێکی گرنگ دادەنرێت بۆ داننان بەو ئازارانەی، کە کچانی قوربانی لەژێر دەستی ئیپستین و تۆڕە هاوکارەکەیدا چەشتوویانە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا وەزارەتی جەنگی (پێنتاگۆن) و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە سەرجەم ئەو دۆسیە و زانیارییە نهێنییانە بڵاو بکەنەوە کە پەیوەندییان بە تەنە فڕیوە نەناسراوەکان (UFO) و ژیان لە دەرەوەی زەوی هەیە.

ترەمپ لە رێگەی پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" ، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات ئاشکرای کرد، "بە پشتبەستن بەو بەرژەوەندییە گەورەیەی کە نیشان دراوە، وەزیری جەنگی و وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانی تری راسپاردوە، بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دەستنیشانکردن و بڵاوکردنەوەی فایلە حکومییەکانی پەیوەست بە ژیانی دەرەوەی زەوی و بونەوەرە ئاسمانییەکان".

ئەم هەنگاوەی ترەمپ دوای لێدوانەکانی باراک ئۆباما دێت کە ئاماژەی بە ئەگەر بونی بونەوەرە ئاسمانییەکان کردبوو، بەڵام ترەمپ رەخنەی لێگرت و وتی ئۆباما  هەڵەی کرد و زانیاری نهێنی ئاشکراکردوە و بەڵێنی دا، کە بە بڵاوکردنەوەی فەرمی زانیارییەکان، راستی و وردەکارییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان، پسپۆڕانی تەندروستی زنجیرەیەک رێنمایی گرنگ ئاراستەی تووشبووانی شەکرە دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی ئەرکە ئایینییەکانیان جێبەجێ بکەن.

وەڵامدانەوەی جەستە بۆ رۆژوگرتن لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بەتایبەت بۆ تووشبووانی شەکرە، بۆیە پێویستە ئەم گروپە چەند رێکارێکی خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان لە ماوەی رۆژوودا.

پزیشکانی پسپۆڕ جەختدەکەنەوە، یەکێک لە گرنگترین ئەو شتانەی، کە پێویستە نەخۆشانی شەکرە لە کاتی رۆژو  شکاندندا (ئیفتار )، خۆیان لێی بەدوور بگرن، خواردنەوە خواردنەوە پڕ شەکرەکانە وەک ساردەمەنییە و يربەتە دورستکراوەکان، کە رێژەیەکی زۆر شەکریان تێدایە، چونکە بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا دەبێتە هۆی کێشەی گەورە بۆ تەندروستی کەسەکە.

توشبوانی شەکرە، بەتایبەت توشبوانی جۆری یەکەم، کە پێشینەی دابەزینی کتوپڕی شەکری خوێنیان هەیە، پێویستە بە درێژایی ماوەی بەڕۆژوبوون چاودێری ئاستی شەکری خوێنیان بکەن، چونکە دابەزینی بەرچاوی ئاستی گلوکۆزی خوێن دەبێتە هۆی کێشەی جددی گورچیلە.

یەکێکی تر  لە گرنگترین ئەو شتانەی، کە نەخۆشانی شەکرە دەبێت گرنگی پێبدەن پێش دەستپێکردنی رۆژووی رەمەزان راوێژکردنە بە پزیشکەکەیان بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستییان و ئەنجامدانی پشکنین و پشکنینی پێویست بۆ ئامادەکردنی جەستەیان بۆ بەڕۆژوبوون.

پزیشکان ئامۆژگاری تووشبووان دەکەن بە ئەنجامدانی وەرزشی سووک وەک پیاسەکردن دوای بەربانگ و خواردنەوەی بڕێکی پێویست لە ئاو بۆ قەرەبووکردنەوەی شلەەمەنییەکان، لە کاتێکدا پێویستە لە وەرزشی توند و ماندووکەر دووربکەونەوە.

پسپۆڕانی تەندروستی چەند نیشانەیەکیشیان بۆ بەرزبونەوە  نزمبونەوەی شەکرە خستوەتە ڕوو؛

نیشانەکانی کەمبوونەوەی شەکری خوێن بریتین لە: لەرز و بێهێزی، زۆر ئارەقکردنەوە و لەرز، دڵەڕاوکێ و تووڕەبوون، کاڵبوونی پێست، و چرچبوون لە بەشە جیاوازەکانی لەش وەک زمان، روومەت، لێو، یان پێیەکان.

نیشانەکانی دابەزینی توندی شەکری خوێن لەوانەیە بریتی بن لە کاڵبوونەوەی بینین، لەدەستدانی هەماهەنگی، یان لەدەستدانی هۆشیاری.

هەروەها  رێنمایی رۆژووەوانان دەکرێت، کە لە کاتی بەربانگدا جگە لە دورکەوتنەوە  لە خواردنەوە گازییەکان، شیرینییە زۆرەکان بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی کتوپڕی شەکرە و  باشتر وایە چەورییە زیانبەخشەکان بە چەوری تەندروست وەک زەیتی زەیتون و ئەڤۆکادۆ بگۆڕدرێن و دووربکەونەوە لە خواردنی توند و پڕ لە بەهارات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوکردوەتەوە، سوپای ئەڵمانیا "بەشێوەیەکی کاتی" ژمارەیەک لە سەربازەکانی، کشاندووەتەوە، کە لە چوارچێوەی ئەرکێکی نێودەوڵەتی بۆ مەشقپێکردنی هێزە ناوخۆییەکانی عیراق، لە هەولێر جێگیرکراون.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا هەواڵەکەی بۆ  بە ئاژانسی  فرانس پرێس پشتراستکردەوە و رایگەیاندوە، بە دەیان  سەربازیان، کە لە بنکەیەکی شاری هەولێر بوون وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، پایتەختی هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە.

ئاماژەیبەوەشکردوە، لە ئێستادا تەنها ئەو کارمەندانەی، کە پێویستن بۆ پاراستنی توانای ئۆپەراسیۆنی بنکەکەیان لە هەولێر ماونەتەوە و بە گوێرەی گۆڤاری شپیگل، کە گۆڤارێکی ئەڵمانییە  هێزەکانی ئەڵمانیا دوێنێ چوارشەممە لە هەولێرەوە گواستراونەتەوە بۆ ئوردن.

ئەو هێزانەی ئەڵمانیا، لە چوارچێوەی ئەرکێکی نێودەوڵەتی بۆ مەشقپێکردنی هێزە ناوخۆییەکانی عیراق، لە هەولێر جێگیرکراون و سەرچاوەکە دووپاتی کردوەتەوە، کە کشانەوەی هێزەکانیان لە هەولێر "بە هەماهەنگیی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان" ئەنجام دراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەسەر هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و رایگەیاند، ئێستا جیهان چاوەڕوانی بڕیاری حەماسە و رایگەیاند، حەماس لە ئێستادا بەربەستی سەرەکییە .

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامانجی سەرەکی ئەو رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکانە و گرنگی بە خەڵاتەکان نادات، هاوکات باسی لە پلانی هاوبەش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ هێنانەدی ئارامی لە جیهاندا.

سەبارەت بە لوبنانیش، ئاشکرای کرد کە کار لەسەر چەند پرسێک دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتە.

سەبارەت بە غەززە، ترەمپ باسی لە هەڵمەتێکی گەورەی دارایی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە یابان بەڵێنی کۆکردنەوەی هاوکاری داوە، هەروەها سوپاسی جیانی ئینفانتینۆ و فیدراسیۆنی "فیفا"ی کرد بۆ هەوڵەکانیان بە مەبەستی کۆکردنەوەی 75 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی غەززە.

ترەمپ دەشڵێت؛ بڕی 10 ملیار دۆلار لە رێگەی "ئەنجومەنی ئاشتی"یەوە بۆ غەززە تەرخان دەکرێت، بە ئامانجی دروستکردنی ئاشتییەکی بەردەوام و ناوچەیەکی دوور لە توندڕەوی و تیرۆر.

 لە کۆتاییدا پەیامێکی ئاراستەی ئێران کرد و داوای لێکردن پەیوەندی بە کاروانی ئاشتییەوە بکەن و رێککەوتنێک ئیمزا بکەن، ئەگەر نا شتی خراپ رودەدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5354555657...629