دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای وتارەکەی لە کۆنگرێس، جارێکی تر ناوی چووە نێو لاپەڕەکانی مێژوی ئەمریکاوە، بەڵام ئەمجارەیان نبۆ بڕیارە سیاسییەکانی نییە، بەڵکو بە زۆرقسەکردن بۆ ماوەیەکی درێژ، کە لەبەردەم کۆنگرێسدا وەستا و زیاتر لە 100 خولەک قسەی بۆکردن.
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا لە وتاری ساڵانەیدا توانی ژمارەی پێوانەیی درێژترین وتاری "دۆخی وڵات" (State of the Union) بشکێنێت، کە ماوەکەی دوو سەعاتی تەواوی خایاند.
بەم دوو سەعات قسەکردنە، سەرۆکی ئەمریکا، نەک هەر ژمارە پێوانەییەکەی پێشوی خۆی شکاند، کە لە ساڵی 2025 دا نزیکەی 100 خولەک قسەی کرد بوو، کۆتایی بە باڵادەستیی بیڵ کلینتۆنیش هێنا، کە لە ساڵی 2000 دا بە وتارێکی 90 خولەکی بۆ ماوەی 25 ساڵ ئەو نازناوەی لای خۆی هەڵگرتبوو.
ئەم درێژترین وتارەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، کە مێژووی وتارە ساڵانەکانی ئەمریکا جیاوازییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە؛ بۆ نموونە ریچارد نێکسۆن لە ساڵی 1972دا خاوەنی کورتترین وتارە، لە مێژووی وڵاتەکەدا، کە تەنها 28خولەک بووە.
ئەم وتارە دوو سەعاتییە تەنها ریزکردنی دەستکەوت و ژمارەکان نییە، بەڵکو پەیامێکی روونی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ جیهان و نەیارە ناوخۆییەکانی؛ پەیامی سەرۆکێک کە هیچی بۆ 'کورتکردنەوە' نییە و دەیەوێت هەموو چرکەیەکی مێژوو بۆ بەرژەوەندیی دیدگا سیاسییەکانی خۆی بەکاربهێنێت.
لە کاتێکدایە دیموکراتەکان بە بێدەنگییەکی ماندووەوە سەیری سەعاتەکانیان دەکرد، لایەنگرانی ترەمپ ئەم درێژەیەی وتارەکەی سەرۆکەکەیان وەک نیشانەی 'وزە و خۆڕاگری' پیاوە تەمەن 80 ساڵییەکە لێکدەدەنەوە.
لە کۆتایدا، ئەوەی گرنگە بۆ ترەمپ، خۆدەرخستن و باڵادەستییەتی، ئەو دەزانێت لە داهاتودا مێژوو باس لەوە ناکات، کە ترەمپ چی وتووە، بەڵکو باس لەوە دەکات، کە چۆن توانی بۆ ماوەی زیاتر لە 100 خولەک هەمووان ناچار بکات گوێی لێ بگرن، لە وتارێکدا، کە وەک درێژترین 'ماراسۆنی سیاسی' لە مێژووی واشنتندا دەمێنێتەوە
یەكێتی ئەوروپا بە نیازە پێداچوونەوە بە سزاكانی سەر سوریادا بكات و لە سزاكانیدا، ئەو گروپە چەكدار و توندڕەوانە بكاتە ئامانج كە بوونەتە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچوونی قۆناغی راگوزەر لەو وڵاتە.
ماڵپەڕی"یۆراكتیڤ"ئاشكرایكردووە، یەكێتی ئەوروپا بە نیازە ئاڕاستەی سزاكانی بۆ سەر سوریا بگۆڕێت بۆ ئاڕاستەیەك كە هاوكار بێت بۆ قۆناغی راگوزەری سوریا و هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەكان لەو وڵاتە.
هاوكات، "تۆڕی هەواڵی شام" ئاشكرایكردووە، یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت لە سوریا سزا بەسەر گروپە چەكدارەكان، توندڕەوەكان، پێشلكارانی مافی مرۆڤ و گەندەڵكاران لەگەڵ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بسەپێنێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، یەكێتی ئەوروپا پێی وایە سیاسەتی ئێستای سزاكانی بۆ سەر سوریا درێژكراوەی سزاكانی سەر رژێمی ئەسەدە و ئەوەش، نیگەرانی لای وەبەرهێنەرانی ئەوروپا دروستكردووە بۆ چوونە ناو بازاڕی سوریا، لە ئەنجامیشدا پێداچوونەوە بە سزاكان رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ یەكێتی ئەوروپا پەیوەندی سیاسی و ئابووری پتەوتری لەگەڵ سوریادا هەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەناو کۆنگرێس و لە دوەم وتاری ساڵانەیدا رایگەیاند، کە لە کاتی دەستبەکاربونی وەک سەرۆک، جیهانێکی پڕ لە "جەنگ و پاشاگەردانی" و ئابورییەکی داڕماوی بە میرات بۆ مابووەوە،، بەڵام تەنها دوای یەک ساڵ توانیویەتی کۆتایی بەو قەیرانانە بهێنێت و وڵات بەرەو گۆڕانکارییەکی مێژوویی ببات.
جارێکیتر هێرشیکردەوە سەر جۆ بایدن و ئاماژەیبەوەکرد، کە ئیدارەکەی توانیویەتی وڵات لە "بارودۆخێکی مردوو"، کە لە ئیدارەکەی جۆ بایدنەوە بۆی بەجێمابوو، دەرباز بکات و ئێستا ئەمریکا بووەتە سەرنجڕاکێشترین دەوڵەت لە جیهاندا.
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت؛ توانیویەتی بە بەهای 18 ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە جیهانەوە رابکێشێتە ناو ئەمریکا و لە ئێستادا وڵاتەکەی لە هەموو رویەکەوە لە لوتکەی هێزی خۆیدایە.
جەختیشی کردەوە، کە چیتر ناگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە سنوورەکان تێیدا کراوە بوون و جیهان لە ئاڵۆزیدا بوو.
کۆشکی سپی هۆشدارییەکی توند ئاراستەی باندەکانی مادە هۆشبەرەکان لە مەکسیک دەکات و رایدەگەیەنێت، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەمریکی، رووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیداریان دەکاتەوە. ئەم هۆشدارییە دوای کوژرانی گەورەترین سەرۆک باندی مەکسیک دێت کە ناوی (ئێل مێنچۆ)یە.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "باندەکانی مەکسیک باش دەزانن کە نابێت دەست بۆ هیچ ئەمریکییەک بەرن، ئەگەرنا لە سەردەمی ئەم سەرۆکەدا (دۆناڵد ترەمپ) رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر قورس دەبنەوە." لیڤیت جەختی کردەوە کە ئەو ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووەی سوپای مەکسیک بۆ کوشتنی سەرۆک باندەکە، بە پشتیوانی هەواڵگری ئەمریکا بووە و ئەگەر سەرکردایەتی ترەمپ نەبوایە، روداوی لەو شێوەیە نەدەبوو.
نیمیسیۆ ئۆسیگیرا، ناسراو بە (ئێل مێنچۆ) کە تەمەنی 59 ساڵ بوو، سەرۆکی کارتیلی "خالیسکۆ نەوەی نوێ" بوو. لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی سوپای مەکسیکدا بریندار کرا و لە کاتی گواستنەوەی بە فڕۆکە بۆ مەکسیکۆ سیتی گیانی لەدەست دا. ئەمریکا پێشتر بڕی 15 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاری کردبوو بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر بدات.
دوای کوژرانی (ئێل مێنچۆ)، شەپۆلێکی توندوتیژی زیاتر لە 20 ویلایەتی مەکسیکی گرتەوە. چەکدارانی باندەکە چەندین رێگەی سەرەکییان بە ئۆتۆمبێلی سوتاو داخست و بەو هۆیەوە قوتابخانە و بازاڕەکان لە شاری گوادالاخارا داخران. حکومەتی مەکسیک 10 هەزار سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بڵاوکردوەتەوە. تا ئێستا لە پێکدادانەکاندا 25 کارمەندی ئەمنی و 30 چەکداری باندەکە کوژراون.
راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەرشیفێکی گشتیی زەبەلاح، کە ژمارەیەکی زۆر لە دۆسیە نهێنییە ئاشکراکراوەکانی حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە بونەوەرە ئاسمانییەکان و تەنە نەناسراوەکان لەخۆدەگرێت، تەنها ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بڵاوکردنەوەی هەموو بەڵگەنامەکانی دەرکرد، دیارنەماوە.
داتاکانی سێرڤەری سەرەکیی ماڵپەڕی "زە بلاک ڤۆڵت" (The Black Vault) سڕدراونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دیارنەمانی سەدان گێگابایت لەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە تەنە فڕیوە نەناسراوەکان و پڕۆژە ئاشکراکراوەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA)یەوە هەیە.
جۆن گرینوۆڵدی کوڕ، توێژەری بواری تەنە فڕیوەکان کە سەرپەرشتی ماڵپەڕەکە دەکات، بە ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی ڕاگەیاندووە کە هەندێک لە مۆڵەت و کۆنتڕۆڵەکانی چوونەژوورەوە و دەستکاریکردن لە هەندێک فایلدا گۆڕدراون، وە تۆمارەکانی خاوەندارێتیی دۆسیەکانیش بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دەستکاری کراون. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە گرینوۆڵد 3 دەیەی تەمەنی تەرخان کردووە بۆ ڕێکخستنی زانیارییەکان دەربارەی ئەو بەرنامە شاراوە و ڕووداوە نادیارانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن ئەمریکا بە نهێنی کاری کردووە بۆ بەدەستهێنان و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای بونەوەرە ئاسمانییەکان.
ئەم ڕووداوە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە رویدا کە ترەمپ فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کرد هەر شتێک پەیوەندی بە ژیانی بونەوەرە ئاسمانییەکان و دیاردە ئاسمانییەکان و "دەفرە فڕیوەکان"ەوە هەیە، ئاشکرا بکات. گرینوۆڵد رونیکردەوە کە گومانی لە هیچ کارێکی تاوانکاری نییە، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی رویداوە سڕینەوەی داتاکان بووە نەک لەناوبردنیان بە یەکجاریی.
دۆسیەی بونەوەرە ئاسمانییەکان جارێکی تر گەڕایەوە نێو باسوخواستەکان، دوای ئەوەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوو ڕایگەیاند کە بونەوەرە ئاسمانییەکان "راستەقینەن"، هەرچەندە خۆی نەیبینیون. لە بەرانبەردا ترەمپ رایگەیاند کە ئۆباما بەم قسانەی "زانیاری نهێنی" دزە پێکردووە و وتی: "نەدەبوو ئەوە بکات." هەرچەندە ترەمپ وتی دڵنیا نییە لە راستی و دروستیی بوونی بونەوەرەکان، بەڵام پێی وابوو سەرۆکە دیموکراتەکەی پێشوو "هەڵەیەکی گەورەی کردووە."
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس'، باوەڕبوون بە بونەوەرە ئاسمانییەکان و گومانکردن لە نهێنیپارێزیی حکومەت لەناو بەشێکی زۆری ئەمریکییەکاندا رەگ و ریشەی داکوتاوە. راپرسییەکی دامەزراوەی (YouGov) دەریخستووە کە 56%ی ئەمریکییەکان باوەڕیان بە بوونی بونەوەرە ئاسمانییەکان هەیە، و 47%پێیان وایە کە ئەوان "بە دڵنیاییەوە" یان "ئەگەری زۆرە" سەردانی زەوییان کردبێت.
شارەزایانی زانستە سیاسییەکانیش پێیان وایە کە ئەم تیۆرییە پیلانگێڕییانە پەیوەست نین بە هیچ ئاراستەیەکی سیاسی دیاریکراوەوە، بەڵکو بۆشایی زانیاری و کەشوهەوا سیاسییە ئاڵۆزەکان، ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە باوەڕانە لەناو کۆمەڵگەدا.
ئەمریكا و روسیا لە ژنێڤ پەیماننامەیەكی نوێی ئەتۆمییان تاوتوێكرد و بۆ هەمان مەبەستیش ئەمریكا لەگەڵ چین گفتوگۆ دەكات.
لێپرسراوێكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، هەردوو وەفدی ئەمریكا و روسیا لە ژنێڤ كۆبوونەتەوە و پەیماننامەیەكی نوێیان تاوتوێكردوە بە مەبەستی دانانی سنورێك بۆ چەكی ئەتۆمی كە فرەلایەن بێت، بڕیارە ئەمڕۆش وەفدی ئەمریكا لەگەڵ وەفدێكی چین بۆ هەمان بابەت كۆببێتەوە.
پێشتر ئەمریكا و روسیا پەیماننامەی نیو ستارت لە نێوانیاندا هەبوو بە مەبەستی دانانی سنورێك بۆ چەكی كیمیایی، بەڵام پەیماننامەكە لە پێنجی ئەم مانگەوە كۆتایی هاتووە، سەرۆكی روسیاش رایگەیاندبوو، ئامادەن تا یەك ساڵی تریش كار بە بەندەكانی پەیماننامەكە بكەن بەو مەرجەی ئەمریكاش كاری پێبكات، مایك واڵتز نوێنەری هەمیشەیی ئەمریكاش لە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندبوو، واشنتۆن دەیەوێت پەیماننامەیەكی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ روسیا ئیمزا بكات، بەڵام ئامانجیەتی ئەمجارە پەیماننامەكە فرەلایەن بێت و چینیش تێیدا بەشدار بێت.
هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر جەنگی روسیا و ئۆکرایندا، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، هێرشێکی توندی کردە سەر لێپرسراوانی روسیا و مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پرسی ئاشتیدا "خەریکی یاریی سیاسیین".
زیلینسکی رایگەیاند، ڤلادیمێر پۆتن دەیەوێت لە رێگەی نزیکبوونەوە لە دۆناڵد ترەمپ، پێگەی دانوستانی کیێڤ لاواز بکات، وتیشی: "ئەوان ئەکتەرێکی زۆر خراپن، یاری بە ترەمپ و تەواوی جیهان دەکەن."
سەرۆکی ئۆکراین جەختیکردەوە، روسەکان بە هیچ شێوەیەک لە کۆتاییهێنان بە جەنگ جیدی نین و تەنها دەیانەوێت جیهان وا تێبگەیەنن کە دەکرێت متمانەیان پێ بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئۆلێکساندەر سیرسکی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئۆکراین، هەواڵێکی چاوەڕواننەکراوی راگەیاند و ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێناوە و توانیویانە 400 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە هەشت ناوچەی باشوری وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
ئەم پێشڕەوییە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا سوپای روسیا بەردەوام لە پێشڕەویدا بووە، بۆیە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئۆکراین وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە بەرەکانی جەنگدا دەبینرێت.
بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی ٢٠٢٦دا، ئاماری کوژراو و بریندارانی هەردوولا بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێندرێت (هەرچەندە هەردوو دەوڵەت ئاماری راستەقینە دەشارنەوە).
هاوکات زیاتر لە 10 ملیۆن ئۆکراینی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، کە بەشێکی زۆریان لە وڵاتانی ئەوروپا وەک پەنابەر دەژین.
لەلایەکی دیکەشەوە، ژێرخانی وزە و شارە پیشەسازییەکانی ئۆکراین بە رێژەی زیاتر لە 50٪ زیانیان بەرکەوتووە.
جیهان لە دوای 24ـی شوبات
ئەم جەنگە تەنها لەناو خاکی ئۆکراین نەمایەوە، بەڵکو کاریگەرییەکانى جیهانی گرتەوە:
ناتۆ، هاوپەیمانییەکە فراوانتر بوو و وڵاتانی وەک سوید و فینلاند بوونە ئەندام، کە ئەمە رێک پێچەوانەی ویستەکانی مۆسکۆ بوو.
ئابوری، نرخی سوتەمەنی و خۆراک لە جیهاندا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، و جیهان دابەشبوو بەسەر دوو جەمسەری رۆژئاوا و هاوپەیمانیی نوێی رۆژهەڵات.
لە چوارەم ساڵیادیدا، هێشتا زمانی چەک بەرزترە لە زمانی دیپلۆماسی. روسیا جەخت لەسەر "دیاریکردنی سنوورە نوێیەکان" دەکاتەوە و ئۆکراینش بە پاڵپشتیی ئەمریکا و ئەوروپا سورە لەسەر وەرگرتنەوەی هەموو خاکە داگیرکراوەکانی، لە نێویاندا نیمچەدوورگەی کریمیا.
لەکاتێکدا دەنگۆی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پەرەی سەندووە، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرای دەکەن کە ناوخۆی ئیدارەی ترەمپ لەسەر ئەم پرسە دابەش بووە و راوێژکارە نزیکەکانی هۆشداریی دەدەنە سەرۆکی ئەمریکا.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و جارید کۆشنەر، زاوای ترەمپ، داوایان لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە، لە ئێستادا هیچ هێرشێکی سەربازی نەکاتە سەر تاران و دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدات.
هاوکات ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا هۆشداری داوەتە ترەمپ، کە هێرشکردنە سەر ئێران مەترسیی زۆر گەورەی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی ئەمریكا لەوبڕوایەدایە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران شەڕی درێژخایەنی لێدەكەوێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیال" وەڵامی ئەم راپۆرتانەی دایەوە و میدیاکانی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکار تۆمەتبار کرد و ترەمپ رایگەیاند: ئەمریکا دەتوانێت بە ئاسانی لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکدا بەسەر تاراندا سەربکەوێت.
ترەمپ جەختیکردەوە، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا دژی جەنگ نییە، بەڵکو تەنها ئاشتی دەوێت، بەڵام ئەگەر فەرمانی پێبدرێت "تەنها یەک شت دەزانێت، ئەویش سەرکەوتنە."
سەرەڕای ئەم جیاوازیی بیروڕایانە لە ناو کۆشکی سپی، جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن، ئەمەش وایکردووە چاودێران پێشبینی بکەن کە ناوچەکە لەبەردەم چەند رۆژێکی یەکلاکەرەوەدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخى نهوت له بازاڕهكانى جیهاندا رووى لە دابەزین کرد؛ ئەوەش سەرەڕای بەردەوامیی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەمومژاویی سیاسەتی بازرگانیی ئەمریکا.
نەوتی خاوی برێنتبە رێژەی ٪0.1ـی دابەزی و نرخى هەر بەرمیلێک گەیشتە 71 دۆلار و 40 سەنت، ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ بەرزترین ئاستی لە دوای مانگی تەمموزەوە تۆمارکردبوو.
هاوکات نەوتی خاوی تێکساس بە رێژەی 0.2٪ نرخەکەی دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 66 دۆلار و 20سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
شارەزایانی ئابوری ئاماژە بەوەدەکەن، ناجێگیریی رەوشی سیاسی و یەکلایی نەبوونەوەی بڕیارە بازرگانییەکانی واشنتۆن، کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخەکان لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە.
جیهان تەنها چەند هەنگاوێک لە جەنگێکی وێرانکەرەوە دوور بوو؛ ماڵپەڕی ئەکسیۆس وردەکاریی ئەو پلانە سەربازییە ئاشکرا دەکات کە دۆناڵد ترەمپ بۆ لێدانی ئێران دایڕشتبوو.
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چەند رۆژێک لەمەوبەر بڕیاری وەشاندنی گورزێکی سەربازیی بۆ سەر ئامانجە هەستیارەکانی ناو ئێران دابوو، بەڵام لە دوا ساتەکاندا بڕیاریدا دەرفەتێکی تر بە دیپلۆماسی بدات.
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا راستەوخۆ هۆشداریی داوەتە ترەمپ و رایگەیاندووە، هێرشکردنە سەر ئێران مەترسیی زۆر گەورەی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی ئەمریكا لەوبڕوایەدایە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران شەڕی درێژخایەنی لێدەكەوێتەوە.
هاوکات، نیشتنەوەی فڕۆکە سووتەمەنی هەڵگرەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی 'بن گۆریۆن'ی ئیسرائیل، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە ئامادەکارییە سەربازییەکان نەک نەوەستاون، بەڵکو گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست.
ئاژانسەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، لە ئێستاشدا ئیدارەی ترەمپ لەناو گفتوگۆیەکی قورسدایە سەبارەت بەوەی کە ئایا هێرشی سەربازی هیچ سودێکی راستەقینەی دەبێت، یان تەنها رەوشەکە بەرەو تەقینەوەیەکی گشتگیر دەبات.
پاش كوژرانی گەورەترین و مەترسیدارترین سەرۆكی باندی بازرگانی مادەی هۆشبەر لە مەكسیك، ئەو وڵاتە كەوتووەتە ناو شەپۆلێكی بێوێنەی توندوتیژییەوە كە كاریگەری لەسەر هەموو لایەنەكانی ژیانی لەو وڵاتە دروستكردووە.
نێمێسیۆ ئۆسێگوێرا سێرڤانتێس كە نازناوی ئێل مێنچۆیە، كە بە پاشای بازرگانی مادە هۆشبەرەكان دادەنرێت و ساڵانێكی زۆرە ئامانجی سەرەكی ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی ئەمریكا بووە، حكومەتی ئەمریكاش پێشتر پاداشتی 15 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیركردنی داناوە.
رۆژی یەكشەممە لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی سوپای مەكسیك و هێزە تایبەتەكانیئەو وڵاتە بە پاڵپشتی هەواڵگریی ئەمریكا برینداركرا و لە كاتی گواستنەوەی بۆ مەكسیكۆ سیتی گیانی لەدەستدا، ئەمەش وایكرد رەوشی ئەمنیی وڵاتەكە بەرەو ناسەقامگیرییەكی قووڵ بچێت و تەنانەت كاریگەریی لەسەر ئامادەكارییەكانی جامی جیهانی 2026 هەبێت و مەكسیك هەلی میوانداریكردنی مۆندیال لەدەست بدات.
هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوشتنی سەرۆكەكەیان، گروپە چەكدارەكانی سەربە ئێل مێنچۆ ، جەنگی شەقامیان راگەیاند و دەستیان بە سوتاندنی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان و داخستنی رێگای سەرەكی و هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان كرد و چەندین بنكەی پۆلیس و باڵەخانەی حكومی لە ویلایەتەكانی خالیسكۆ و مێچواكان تەقاندەوە.
بەپێی راپۆرتەكان، توندوتیژییەكان بوونەتە هۆی دروستبوونی ترسێكی زۆر لەناو هاووڵاتیاندا و لەچەند ویلایەتیكی ئەو وڵاتەش باری نائاسایی راگەیەنراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش هۆشدارییەكی بەپەلەی بۆ هاووڵاتیانی مەكسیك دەركرد و داوای لێكردوون لە ماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە، خوێندنگە و گەشتە ئاسمانییەكانیش دەستبەجێ لە لایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە راگیران ئەمە جگە لەوەی كە كەنەدا و چەند وڵاتێكی تریش هۆشداریان بە دانیشتوانەكەیاندا سەردانی مەكسیك نەكەن.
كوژرانی ئێل مێنچۆ ئەگەرچی سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ هێزە ئەمنییەكان، بەڵام مەكسیكی رووبەڕووی رەوشێكی نادیار كردووەتەوە.
ئێستا حكومەتی مەكسیك لەژێر فشارێكی زۆردایە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شەقامەكان و رێگریكردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕی باندەكان، چونكە بەردەوامیی ئەم دۆخە نەك هەر ئاسایشی ناوخۆ، بەڵكو ناوبانگی وڵاتەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەخاتە مەترسیەوە و بەدووریش نازانرێت لە حاڵەتی بەردەوامبونی نا ئارامییەكاندا مافی میواندارێتی جامی جیهانی لێنسەنرێتەوە
سەرۆکی ئۆکراین زەنگی مەترسی بۆ جیهان لێدەدات و رایدەگەیەنێت؛ ڤلادیمێر پوتن جەنگی جیهانیی سێهەمی دەسپێکردووە و ئامانجییەتی شێوازی ژیانی تەواوی مرۆڤایەتی بگۆڕێت.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی بی بی سی، جەخت لە بەردەوامیی بەرگریی وڵاتەکەی دەکاتەوە و دەڵێت: 'ئۆکراین نەک هەر شکست ناهێنێت، بەڵکو بە سەرکەوتوویی لەم جەنگە دێتە دەرەوە.'
زیلینسکی بە توندی مەرجەکانی کرملنی بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد؛ کشانەوە لەو خاکانەی کە روسیا بە قوربانیدانی دەیان هەزار سەربازیش نەیتوانیوە دەستیان بەسەردا بگرێت، دەبێتە هۆی تێکشانی یەکڕیزیی کۆمەڵگەی ئۆکراین و لاوازکردنی پێگەی وڵاتەکەی.
سەرۆکی ئۆکرین هۆشداری دەداتە وڵاتانی رۆژئاوا و دەڵێت: پوتن پێویستی بە پشوویەکی کاتی هەیە بۆ خۆڕێکخستنەوە، بەڵام دڵنیابن لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا دەگەڕێتەوە و هێرشەکانی فراوانتر دەکات.
لە کۆتاییدا زیلینسکی جەختی کردەوە، کە تەنها رێگە بۆ راگرتنی جوڵە سەربازییەکانی مۆسکۆ، زیادکردنی گوشارە ئابوری و سەربازییەکانە بۆ سەر روسیا، نەک پاشەکشەکردن لەبەردەم داواکارییەکانیدا.
دوای بڕیارەکانی دادگای باڵای ئەمریکا و سەپاندنی باجی نوێ لە لایەن ترەمپەوە، یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ وەڵامدانەوەیەکی توند و هەڵپەساردنی رێککەوتنە بازرگانییەکانی لەگەڵ واشنتن.
ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاویکردەوە، پەرلەمانی ئەوروپا لەسەروبەندی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدایە بۆ هەڵپەساردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. "بێرند لانگە" سەرۆکی لیژنەی بازرگانی نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە داوای راگرتنی کارکردن بەو رێککەوتنەی کردووە، نوێنەری گروپە سەرەکییەکانی پەرلەمانیش ئەمڕۆ دوشەممە پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە دوپاتکردووەتەوە.
ئەم ئاڵۆزییە دوای ئەوە دێت کە دادگای باڵای ئەمریکا باجە گومرگییەکانی پێشووی هەڵوەشاندەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ وەک وەڵامێک، باجی گومرگی نوێی بە رێژەی 15% بەسەر زۆربەی کاڵا ئەوروپییەکاندا سەپاندەوە. کۆمسیۆنی ئەوروپا داوای لە واشنتن کردووە پابەندی مەرجەکانی رێککەوتنی ساڵی رابردوو بێت، کە تێیدا بڕیاربوو باجی گومرگی سەر هەندێک بەرهەمی وەک فڕۆکە و پارچەی یەدەگ سفر بێت.
بەپێی راپۆرتی مەرەدی "گڵۆباڵ ترەید ئەلێرت"، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا زیانی گەورە بە ئابوری ئەوروپا دەگەیەنێت. پێشبینی دەکرێت یەکێتی ئەوروپا بە رێژەی 0.8% زیانی پێ بگات، لە نێویاندا ئیتالیا زۆرترین زیانی بەردەکەوێت کە دەگاتە 1.7%. کۆمسیۆنی ئەوروپا هۆشداری داوە کە ئەم جۆرە باجە چاوەڕواننەکراوانە دەبنە هۆی تێکچونی متمانە لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور، بۆ جارێکی دیکە وەک سکرتێری گشتیی پارتی کرێکارانی وڵات هەڵبژێردرایەوە، بەمەش دەسەڵاتی خۆی بەسەر تاقە پارتی فەرمانڕەوای وڵاتدا بۆ 15ـەمین ساڵ درێژکردەوە.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور (KCNA) بڵاویکردەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنەکە رۆژی یەکشەممە و لە چوارەمین رۆژی کۆنگرەی پارتەکەدا بەڕێوەچوو کە پێنج ساڵ جارێک ساز دەکرێت. لە میانی کۆنگرەکەدا، ئەندامانی نوێی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران و گۆڕانکاری لە هەندێک لە پەیڕەو و پرۆگرامی پارتەکەدا کرا، بەڵام ئاژانسەکە وردەکاریی ئەو گۆڕانکارییانەی بڵاونەکردووەتەوە.
کیم جۆنگ ئون لە وتارێکدا لەبەردەم کۆنگرە، تیشکی خستە سەر کارنامەی پێنج ساڵی رابردو و رایگەیاند، پارتەکەی ئێستا روبەڕوی ئەرکێکی مێژوویی و بەپەلە بووەتەوە بۆ "بونیاتنان و بەهێزکردنی ئابوری و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی خەڵک." ئاماژەی بەوەش کرد کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و تەنگژە تەندروستییە جیهانییەکان تەحەدای گەورە بون لەبەردەمیاندا، بەڵام پلانی نوێیان بۆ پێنج ساڵی داهاتوو داڕشتووە.
کیم جۆنگ ئون لە ساڵی 2011ـەوە و دوای مردنی باوکی، دەسەڵاتی باڵای کۆریای باکووری گرتووەتە دەست. لە ساڵی 2019ـدا پەرلەمانی وڵاتەکە گۆڕانکاری لە دەستوردا کرد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کیم لە هەمو کاروبارەکانی دەوڵەتدا بە رەهایی بمێنێتەوە و بە رەسمی وەک سەرۆکی دەوڵەت جێگیر بکرێت.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا پێشنیاز دەكات قەدەغەی كاركردن لەسەر پەنابەران هەڵبگیرێت.
ئەلێكساندەر دۆبرینت وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێشنیاز دەكات قەدەغەی مافی كاركردن لەسەر داواكارانی مافی پەنابەریی هەڵبگیرێت، ئەوەش بە ئامانجی كەمكردنەوەی خەرجییە كۆمەڵایەتییەكان و خێراكردنی پرۆسەی تێكەڵبوونی پەنابەران لە بازاڕی كاردا.
بەپێی پێشنیازەكە، پەنابەران دەتوانن دوای تەنها سێ مانگ لە گەیشتنیان، بەدوای كاردا بگەڕێن، لەكاتێكدا پێشتر دەبوو بۆ ماوەیەكی درێژ چاوەڕێ بكەن.
دۆبرینت راشیگەیاند، باشترین تێكەڵبوون لە رێگەی بازاڕی كارە، ئەوەش پێدانی مافە نەك ناچاركردن بۆ كاركردن.
ئەو دەسپێشخەرییەش بەشێكە لە چاكسازییەكی گشتگیر لە یاسای پەنابەریی ئەڵمانیا و سیستمی هاوبەشی پەنابەری ئەوروپا.
هەوڵێکی دزەکردن بۆ ناو ماڵەکەی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن پیاوێکی چەکدارەوە شکستی هێنا و لەلایەن پاسەوانەکانەوە کوژرا.
دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمریکا (Secret Service) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کارمەندانی دەزگاکە و هێزە ئەمنییەکان لە ویلایەتی فلۆریدا، تەقەیان لە پیاوێکی چەکدار کردووە و کوشتوویانە، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی چوووەتە ناو ناوچەی ئەمنیی دەوروبەری کۆمەڵگەی "مار-ئا-لاگۆ"ی تایبەت بە دۆناڵد ترەمپ.
بەپێی زانیارییەکانی (CNN) و لێدوانی رەسمی دەزگا ئەمنییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و میلانیای هاوسەری، لە کاتی روداوەکەدا لە واشنتنی پایتەخت و لەناو "کۆشکی سپی"دا بوون و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان دروست نەبووە.
دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیدا ئاماژە بەوەکردووە، چەکدارەکە گەنجێکی تەمەن سەرەتای بیست ساڵان بووە، ناوبراو توانیویەتی سنورە ئەمنییەکان ببەزێنێت، بەڵام بەرلەوەی بگاتە ناو قوڵایی شوێنی مانەوەی ترەمپ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رووبەڕووی بوونەتەوە و کوژراوە.
ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەوروبەری شوێنی مانەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە ئاستێکی زۆر بەرزدان و لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ زانینی پاڵنەرەکانی ئەو چەکدارە دەستی پێکردووە.