سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رێكخستنی لوتكەیەك تاوتوێ دەكەن بە مەبەستی كردنەوەی گەروی هورمز
بڕیارە ئەمڕۆ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و كیەر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆببنەوە بۆ رێكخستنی لوتكەیەكی تایبەت بە وڵاتانی بەشدارنەبووی شەڕی دژی ئێران، بۆئەوەی پلانێكی گونجاو دابنێن بەمەبەستی دانانی چەند رێكارێكی سەلامەت بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز و هاتوچۆی كەشتییەكان.
ماكرۆن ئاماژەی بەوەكردووە، ئەركی دابینكردنی ئاسایش بۆ گەروی هورمز تەنها بەرگریكارانە دەبێت و لەكاتی گونجاودا لەو گەروە جێبەجێ دەكرێت.
رۆلاند لێسكیور وەزیری دارایی فەرەنساش رایگەیاندووە، وڵاتانی گروپی حەوت ئامادەن بۆ روبەڕوبوونەوەی لێكەوتە ئابورییەكانی شەڕی دژی ئێران، بەڵام هەرگیز بە پێدانی باج بە تاران رازی نابن بۆ تێپەڕین بە گەروی هەرمزدا.
لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریكا و ئێرانیش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا كرد پلانێك بۆ كردنەوەی گەروی هورمز دابنێن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی دەنگۆی دیارنەمانی چەكی ئەمریكی لەلایەن كوردەكانەوە رەتدەكاتەوە و دەڵێت، دەتوانن بیسەلمێنن لە سلێمانییەوە هیچ چەكێك لە ئەمریكاوە وەرنەگیراوە و نەبراوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەنوسی بەریتانی پییرس مۆرگان لە وەڵامی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ناردنی چەك و دیارنەمانیان لەلایەن كوردەكانەوە رایگەیاند، دەتوانین بیسەلمێنن هیچ كەسێك ئەو چەكانەی نەبردووە و لێپرسراوانی ئەمریكا دەتوانن لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن.
لە بەشێكی چاوپێككەوتنەكە سەرۆك بافڵ رایگەیاند، پێویستە ئەمریكا هەوڵی رێككەوتنێك بدات كە كێشەكان لە ریشەوە چارەسەر بكات و ئەمەش لە بەرژەوەندی كۆمارییەكان دەبێت، بەڵام دەبێت ئارامی لەسەر بگیرێت.
لە بارەی گۆڕینی دەسەڵاتی ئێرانەوە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وتی، هێرشە ئاسمانییەكانی سەر ئێران كاریگەری پێچەوانەی هەبووە و خەڵكی زیاتر یەكگرتووبوون و ناتوانرێت بە بۆردومانكردن سۆزی خەڵك رابكێشێت.
سەرۆکی ئەمریکا: ئێران رازی بووە بە دەستبەرداربوون لە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی و نزیكیشین لە رێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ ئێراندا نزیکن لە رێککەوتن و لە زۆر خاڵدا هاوڕاین.
وتیشی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانوستان دەستپێدەكاتەوە و ئێران داوای رێككەوتن دەكات و ئێمەش میهرەبان دەبین لەگەڵی.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر پێویست بكات ماوەی ئاگربەست درێژدەكەینەوە و ئێرانیش رازیبووە چەكی ئەتۆمی دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت.
سەرۆكی ئەمریكا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی بۆ ماوەی 10 رۆژ راگەیاند
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی لوبنان و ئیسرائیل كردووە و بۆ ماوەی 10 رۆژ ئاگربەست لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لە سەعات 12ی ئەم شەوەوە رادەگەیەندرێت.
راشیگەیاند، بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی هەردوولا دەكات بۆ دەستپێكردنی یەكەم دانوستانی راستەوخۆ لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، ئەوەش بەئامانجی رێككەوتن لەسەر ئاشتییەکی درێژخایەن.
ئەوەشی روونکردەوە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و دان رەیزن كەین سوپاسالاری ئەمریكای راسپاردووە بۆ كاركردن لەسەر دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان و گەیشتن بە رێككەوتن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر 24 لایەن و كەسایەتی باڵا و كەشتی ئێرانیدا راگەیاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، سزای نوێیان بەسەر 24 لایەن و كەشتی ئێرانی و كەسایەتی باڵای ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، كە لە ناویاندا عەلی شەمخانی راوێژكاریی رابەری باڵای پێشووی ئێران و كوڕەكەی و ژمارەیەك ئەندامی خێزانەكەی تێدایە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئەوەی خستووەتەڕوو، سزاكان توندن و ئامانج لێیان وشككردنی سەرجەم سەرچاوە داراییەكانی ئێرانە، كە كوڕەكەی شەمخانی خاوەنی تۆڕیكی كۆمپانیایی گەورەیە و لە رێگەیانەوە ئاسانكاری بۆ هەناردەی نەوتی ئێران دەكات و پشتیوانی دارایی سوپای پاسداران دەكات.
وەزارەتەكە جەختی لەوەشكردووەتەوە، هەر قەوارەیەك مامەڵە لەگەڵ نەوتی ئێران بكات و پاڵپشتی تۆڕەكانی قاچاغچێتی ئەو وڵاتە بكات، لەلایەن ئەمریكاوە رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی جیهانی؛ پنتاگۆن کارگەکانی ئۆتۆمبێل دەکاتە کارگەی چەک.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 'پنتاگۆن' بەهۆی کەمبوونەوەی جبەخانەکانی، دانوستان لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک "جەنەراڵ مۆتۆرز" و "فۆرد" دەکات بۆ ئەوەی هێڵی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و دەستی کار بۆ دروستکردنی تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی بەکاربهێنێت.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، لێپرساوانی باڵای پنتاگۆن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیایانە کۆبوونەتەوە تا باس لە ئەگەری گۆڕینی ئاڕاستەی کارگەکانیان بکەن بۆ پشتگیریکردنی پیشەسازی سەربازی، ئەمەش دوای ئەوەی کۆگا ستراتیژییەکانی چەک و تەقەمەنی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ناردنی بڕێکی یەکجار زۆری چەک بۆ ئۆکراین پەستانێکی گەورەی خستووەتە سەر جبەخانەکانی ئەمریکا.
هاوکات ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بوونەتە هۆی خەرجکردنی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی و پێویستی بە پڕکردنەوەی خێرای کۆگاکان هەیە.
واشنتۆن ترسی هەیە لە تەشەنەسەندنی شەڕ لە چەندین بەرەی جیاوازدا، ئەمەش وایکردووە پەنا بۆ چارەسەری خێرا و نائاسایی ببات.
چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە هاوشێوەی جەنگی جیهانی دووهەمە کە ئەمریکا پەیڕەوی کرد، کاتێک کارگەکانی ئۆتۆمبێل گۆڕدران بۆ هێڵی بەرهەمهێنانی تانک و فڕۆکەی جەنگی.
ئەم وەرچەرخانە لە بیرۆکەی پیشەسازی ئەمریکادا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چیتر بەرهەمهێنانی سەربازی تەنیا لە ئەستۆی کۆمپانیا بەرگرییەکان نییە، بەڵکو کەرتە مەدەنییە ستراتیژییەکانیش دەگرێتەوە.
ئەگەر ئەم پلانە جێبەجێ بکرێت، دەبێتە گەورەترین پڕۆسەی گۆڕینی ئاڕاستەی پیشەسازی مەدەنی لە ئەمریکا لە دوای چەندین دەیەی ڕابردوو، کە دووبارە پەیوەندی نێوان ئابوری مەدەنی و ئامێری سەربازی ئەمریکا لەم قۆناغە پڕ گرژییەدا دادەڕێژێتەوە.
کۆشکی سپی گەشبینە بە رێککەوتنی "تاران و واشنتۆن" و مەرجی قورسی بۆ ئێران هەیە.
کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، گەشبینن بە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران، بەڵام هاوکات جەختیان کردەوە، دۆناڵد تڕەمپ هێڵە سورەکانی خۆی بۆ ئێران دیاری کردووە و رێگە نادەن ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رایگەیاند: ترەمپ بە ڕوونی هێڵە سورەکانی خۆی بۆ ئێرانییەکان باس کردووە و لە بەرژەوەندی تارانە کە وەڵامی داواکارییەکانیان بداتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ستراتیژی درێژخایەنی ئەمریکا ئەوەیە کە رێگری بکات لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، چونکە ئەمە بە دەستکەوت بۆ گەلی ئەمریکا و جیهانیش دەزانن.
لەلایەکی تریشەوە، لێپرسراوێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، سەردانی فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ تاران رۆڵی ئەرێنی هەبووە لە نزیککردنەوەی دیدگاکان و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاشکرای دەکات، وڵاتەکەی هەموو کارئاسانییەک دەکات لە نێوان ئێران و ئەمریکا ، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گەشتە کتوپڕەکەی فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ ئەمریکا.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری و ئاسانکاری دیالۆگ لە نێوان تاران و واشنتۆن، ئەمەش لەپێناو خاوکردنەوەی ئەو گرژییە توندەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرایکرد، پەیوەندییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن.
ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی وەک کاراسانکارێک بۆ ئەم دیالۆگە دەمێنێتەوە، هەرچەندە تا ئێستا کاتی خولی داهاتووی دانوستانەکان دیاری نەکراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، راستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی سەردانە رەسمییەکەی بۆ تاران، بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.
سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەم گەشتە لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی پاکستاندایە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک و چارەسەرکردنی ئەو ململانێیە کە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا سەریهەڵداوە.
ئەم نێوەندگیرییەی پاکستان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و بەرەی ئێران لە رەوشێكی یەکجار هەستیاردایە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگری لە فراوانبوونی زیاتری جەنگەکە بەردەوامن.
سەرۆكی فەرەنسا كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی وڵاتەكەی ئەنجامدا و دەیەوێت، سەرجەم وڵاتانی بەشدارنەبووی جەنگی ئێستا لەسەر یەك مێز كۆبكاتەوە.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی وڵاتەكەی ئەنجامدا و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دوو پرسی سەرەكی پەیوەست بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان كرد.
ماكرۆن لەگەڵ لێپرسراوانی وڵاتەكەیدا گفتوگۆی لەبارەی لێكەوتەكانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی ئەمریكا و ئێرانیان كرد و خواستی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی ئاگربەستەكە لوبنانیش بگرێتەوە.
ئەم كۆبوونەوەیەی ماكرۆن بەر لەو دیدارە دێت، كە بەریتانیا و فەرەنسا دەیانەوێت رێكیبخەن بۆ میوانداریكردنی سەرجەم ئەو وڵاتانەی بەشداری شەڕی ئەمریكا و ئێران و ئیسرائیلیان نەكردووە. دەشیانەوێت لە دیدارەكەدا باس لە دەستەبەركردنی ئاسایش بكەن بۆ تێپەڕینی كەشتییەكان بە گەروی هورمزدا.
دوێنێ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن رایگەیاند، ئیسرائیل نایەوێت فەرەنسا دەستوەردان لە پرسی دانوستانەكانی ئاشتی لەنێوان وڵاتەكەی و لوبناندا بكات.
سوپای ئەمریكا رایگەیاند، 10 كەشتی ئێرانی گەڕێندراونەتەوە لە گەروی هورمز و گەمارۆكە بەردەوامە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا 'سێنتكۆم' رایگەیاند، لە ماوەی 48 سەعاتی یەكەمی دەستپێكردنی گەمارۆ دەریاییەكەی سەر ئێران، توانیویانە رێگری لە 10 كەشتی بكەن كە لە بەندەرەكانی ئێرانەوە بەڕێكەوتبوون.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لە سەرەتایی گەمارۆكەوە تا ئێستا هیچ كەشتییەك نەیتوانیوە بەناو گەرووەكەدا تێپەڕێت.
راشیگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ كەشتیەكی ئێران وستویەتی بە بەندەر عەباسدا تێپەرێت بەڵام ناچاركراوە رێرەوەكەی بگۆرێت بگەڕێتەوە ناو خاكی ئێران.
ئەم گەمارۆیە دوای ئەوە هات دوای دەستپێكردنی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێزە چەكدارەكانی ئێران گەروی هورموزیان بە كردەیی داخستبوو، هەروەها وتووێژەكانی ئاشتی لەگەڵ تاران لە شاری ئیسلام ئاباد شكستی هێنا.
وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، بە ئەگەرێكی زۆرەوە دانوستان لەگەڵ ئێران دەستپێدەكاتەوە، رەتیشیكردەوە ئاگربەست درێژ كرابێتەوە .
كارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، بە ئەگەرێكی زۆرەوە گەڕی دووەمی دانوستانەكان لەگەڵ ئێران لە هەمان شوێنی پێشوو لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان دەبێت و جەختشی كردەوە كە وادەی تەواوبوونی ئاگربەست هیچ گۆرانكاریەكی بەسەردا نەهاتووە.
كارۆلین لیڤیت راشیگەیاند، گەمارۆی دەریایی سەر ئێران تەنها بۆ ئەو كەشتیانەیە كە سودی ئابوری بە ئێران دەبەخشن.
لای خۆشییەوە وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ئاشكرایكرد، ئامادەن سزای ئابوری بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنن كە نەوت لە روسیا و ئێران دەكڕن و ئەو لێخۆشبوونە كاتییەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كڕینی نەوت لەو دوو وڵاتە رایگەیاندبوو كۆتاییهاتووە.
لە کاتێکدا ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران توندتر دەکات، کرملن رایدەگەیەنێت؛ شەڕی ئێران شەڕی ئەوان نییە.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' رایگەیاند، روسیا بە هیچ شێوەیەک بەشدار نییە لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی لە ناو خاکی ئێراندا بەڕێوەدەچن و جەختی کردەوە: "ئەمە شەڕی ئێمە نییە."
پێسکۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیا جیهانییەکان ئاشکرایکرد، مۆسکۆ هیچ پاڵپشتییەکی سەربازی پێشکەش بە تاران نەکردووە و لایەنێک نییە لەو ململانێیە.
روسیا دووبارە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لەناو خاکی خۆیدا، وەک چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە ئەتۆمییەکان.
وتەبێژی کرملن ئاماژەی بەوەکرد، ڤلادیمێر پوتن لە مێژە ئەم پێشنیازەی خستووەتە ڕوو، بەڵام لایەنی ئەمریکی رەتیکردووەتەوە و لە ئێستادا لەسەر مێزی گفتوگۆ نەماوە.
وتیشی: "ئێران ئامادەیە بۆ ئەم بژاردەیە، بەڵام ئەمریکا داواکاری و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەیە، پێویستە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان یەکبخرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە چارەنووسی نزیکەی 440 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ناوخۆی ئێراندا بە نادیاری ماوەتەوە و بووەتە جێی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
وەفدێكی باڵای حكومەتی پاكستان بە پەیامی ئەمریكاوە گەیشتنە ئێران و میدیاكانی پاكستانیش دەڵێن؛ پێدەچێت لە هەفتەی داهاتودا خولی دووەمی دانوستانی نێوان تاران و واشنتۆن دەستپێبكاتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی ئێران، عاسم مونیر سوپاسالاری پاكستان بەسەرۆكایەتی وەفدێكی وڵاتەكەی گەیشتە تاران و لەلایەن عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازییان لێكرا.
میدیاكانی پاكستان بڵاویانكردەوە، وەفدەكەی پاكستان پەیامی ئەمریكا دەگەیەننە لێپرسراوانی ئێران سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، بڕیارشە لە كۆبونەوەی نێوایاندا لێپرسراوانی ئێران و وەفدی پاكستان تاتوێی ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئەمریكا بكەن.
كەناڵی جیۆ پاكستانیش بڵاویكردەوە ، ئەگەری ئەوە هەیە لە هەفتەی داهاتوودا گەڕی دووەمی دانوستانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریكا لە ئیسلام ئاباد دەستپێبكاتەوە.
لە ترسی ترەمپ و جەنگی ئێران؛ ئەوروپا بەرەو دروستکردنی "ناتۆیەکی ناوخۆیی" و گەڕانەوەی "سەربازیی زۆرەملێ" هەنگاو دەنێت.
رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـی ئەمریکی لە تاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای دەکات، وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی داڕشتنی "پلانێکی نائاسایین" بۆ پاراستنی کیشوەرەکە بە توانای ناوخۆیی خۆیان، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشە جددییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوە لە ناتۆ.
بەپێی راپۆرتەکە، گۆڕانکارییە گەورەکە لە هەڵوێستی (فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیاوە دەستی پێکردووە؛ ئەڵمانیا کە پێشتر گەورەترین داکۆکیکار بوو لە مانەوەی ئەمریکا وەک پارێزەری ئەوروپا، ئێستا گومانی لە متمانەپێکراوی واشنتۆن هەیە و پاڵپشتی لە دروستکردنی "هاوپەیمانیی ویستراوەکان" لە ناو ناتۆدا دەکات، کە فەرەنسا، بەریتانیا، پۆڵەندا و کەنەداش دەگرێتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم پلانە لە ساڵی 2025ـەوە بیرۆکەی بۆ دانراوە، بەڵام دوای هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی "گرینلاند" و پاشانیش رەتکردنەوەی هاوکاریی سەربازیی ئەوروپا بۆ ئەمریکا لە جەنگی دژی ئێراندا، پرۆسەکە خێراتر بووە، ترەمپ رەتکردنەوەی هاوکاریی ئەوروپییەکانی بە "شەرمەزارییەک کە نا سڕێتەوە" ناوبردووە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکردووە، پلانە نوێیەکە تەنها لە چوارچێوەی بیرۆکەدا نەماوەتەوە، بەڵکو ئەوروپییەکان کار دەکەن بۆ گەڕانەوەی سیستمی سەربازیی زۆرەملێ.
هەروەها گرتنەدەستی فەرماندەیی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و موشەکیی ناتۆ و پەرەپێدانی پیشەسازیی سەربازی لە بوارەکانی بۆشایی ئاسمان ، هەواڵگری و کەشتییە ئاسمانییەکان بۆ پڕکردنەوەی شوێنپێی ئەمریکا، یەکێکی ترن لە پلانەکانی ئەوروپا.
ئەم جوڵانەی ئەوروپا نیشانەی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا کیشوەرە پیرەکە هەوڵ دەدات کلیلی پاراستنی سنورەکانی لە چنگە پۆڵایینەکانی واشنتۆن دەربهێنێت و خۆی بۆ "خراپترین ئەگەر" ئامادە بکات.
لە پەیامێکی کتوپڕدا بۆ جیهان ترەمپ کۆتایی بە هەڕەشەکانی سەر گەروی هورمز هێنا و "بەڵێنە گەورەکەی" چینیشی بەرانبەر ئێران ئاشکراکرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن و پەکین لەسەر چەند پرسێکی هەستیار رێککەوتوون و جەختیشیکردەوە، چیتر رێگە نادرێت گەروی هورمز بەڕووی جیهاندا دابخرێت.
لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ تروس دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایکرد، رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران نزیکبووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی چینی زۆر دڵخۆشن بەوەی کە ئەو کار دەکات بۆ کردنەوەی گەروی هورمز بە شێوەیەکی هەمیشەیی.
ترەمپ نووسیویەتی: "ئێمە گەروی هورمز بۆ تەواوی جیهان دەکەینەوە و ئەم کارەش بۆ هەمیشە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەی جیهان.
لە لایەکی تریشەوە، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین کرد و وتی: "چین رەزامەندی نیشانداوە کە هیچ جۆرە چەکێک بۆ ئێران نەنێرێت،" ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکی "ناوازەی" لەگەڵ سەرۆکی چین هەیە و دووپاتیکردەوە، بژاردەی دیپلۆماسی و رێککەوتن زۆر باشترە لە جەنگ، هەرچەندە وتیشی: "ئەگەر ناچار بین، ئێمە لە هەموو لایەک باشتر دەجەنگین."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە پێشتر رایگەیاندبوو، نامەیەکی "ناوازە"ی لەلایەن شی جین پینگەوە پێگەیشتووە، کە تێیدا سەرۆکی چین ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە، باس لە ناردنی چەک بۆ تاران دەکەن لەلایەن وڵاتەکەیەوە.
ئەمریكا و ئیسرائیل و لوبنان جەخت لە یەكپارچەیی لوبنان دەكەنەوە و پێشنیازیش دەكرێت رێككەوتنێكی ئاشتی بە چاودێری ئەمریكا ئیمزا بكرێت
نەدا حەمادە، باڵیۆزی لوبنان لە ئەمریكا و یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریكا بە نێوەندگیری ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتۆن كۆبوونەوە و دواتر راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەكە، هەر سێ وڵات جەخت لە یەكپارچەیی خاك و سەروەری لوبنان دەكەنەوە و ئیسرائیلیش پابەند دەكرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی لوبنان بۆ چەكداماڵینی حزبوڵا.
هاوكات، لوبنان داوای كردووە هەنگاوی كردەیی بنرێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانە مرۆییەكانی، ئیسرائیل ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئاشتییەكی بەردەوام كە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بەهێز بكات.
لەلایەكی تریشەوە، ئەمریكا پشتگیری خۆی بۆ لوبنان دەربڕیوە بۆ گەڕاندنەوەی چەك بۆ دەستی دەوڵەت، داماڵینی چەك و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی گروپە چەكدارەكان لە لوبنان.
باس لەوەشكراوە، پێویستە هەر رێككەوتنێكی ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەژێر چاودێری ئەمریكا بكرێت بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری لێ بكەوێتەوە.