سەرۆکی ئەمریکا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لەسەر پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی:  ئیدارە و سیاسەتی باراک حسێن ئۆباما و رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران خراپترین رێککەوتنی ئەمریکا بووە لە مێژوودا و ئێمە ئەو مێژووە خراپەمان ئاوەژوو کردەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئیدارەی ئۆباما، بە هەوڵی بەردەوام توانییان رێگری لە ئێران بکەن و نەیانهێشت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. 
وتیشی، تائێستا دانوستانەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن، بەڵام هێشتاش نوێنەرەکانی خۆی ئاگادارکردووەتەوە کە پەلە نەکەن لە گەشتنە رێککەوتنی کۆتایی، چونکە ئەمە رێککەوتنێکی چارەنووسسازە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێران دەبێت لەوە تێبگات کە هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام پەیوەندییەکانی داهاتوومان لەڕووی بازرگانییەوە باشتر و پێشکەوتوتر دەبن، کێ دەزانێت، لەوانەیە ئێران خۆشی بەشداری رێککەوتنی ئیبراهیمی بێت و هاوکاریان بێت.