ناوچەی کیێڤ و دەوروبەری رووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەوە کە تیایدا نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازیی روسیا بەکارهێنرا.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، سوپای روسیا لە درەنگانی شەوی رابردوو هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچەی کیێڤ ئەنجامداوە و بە موشەکی بالیستیی لە جۆری "ئۆریشینک" شاری "بیلا تسیرکڤا"ی کردووەتە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتیی ئۆکراین، هێرشەکە جگە لەو موشەکە، نزیکەی 600 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 90 موشەکی تریشی لەخۆگرتووە.

جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، 83 کەس برینداربوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ئەمە سێیەم جارە روسیا ئەم جۆرە موشەکە پێشکەوتووە بەکاردەهێنێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی و ئاسایی هەیە، لێپرسراوانی ئۆکراین هێشتا بە وردی ئاشکرایان نەکردووە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم بۆردوومانە چی بووە.

لەو بارەیەوە، وتەبێژی هێزی ئاسمانیی ئۆکراین پشتڕاستی کردەوە کە مۆسکۆ موشەکێکی بالیستیی خێراتر لە دەنگی (هایپەرسۆنیک)ی "ئۆریشینک"ی لە بۆردوومانەکەدا بەکارهێناوە، ئەمەش وەک پەرەسەندنێکی نوێ لە شەڕەکەدا دەبینرێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە پایتەختی ئۆکراین و ناوچەکانی دەوروبەری هەژاند.