ئیسرائیل لە دەرەوەی بازنەی بڕیارەکان؛ وردەکاریی ئەو رێککەوتنە نهێنییەی ئەمریکا و ئێران کە ناتانیاهۆی تووشی شۆک کردووە. چی لەو رێککەوتنەدا هەیە کە ئیسرائیل ئەوەندە لێی نیگەرانە.

سەعاتە یەکلاکەرەوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیک دەبنەوە و ئیسرائیلیش لە دڵەڕاوکێیەکی قووڵدایە، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانەی باس لە نزیکبوونەوەی واشنتۆن و تاران دەکەن بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر، تەلئەبیبیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە. 

بەپێی زانیارییەکان، بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی ئەمنی باڵای بۆ تاوتوێکردنی ئەو پێشھاتانە ئەنجامداوە کە رەنگە نەخشەی سیاسی و سەربازی ناوچەکە بگۆڕن، لە کاتێکدا لێپرسراوانی ئیسرائیلی نیگەرانی خۆیان لە پەراوێزخرانی وڵاتەکەیان لەو دانوستانانە ناشارنەوە.

بڕگەکانی رێککەوتنەکە چیین؟

بەپێی زانیارییەکان، ئەو رێککەوتنەی کە لە ئارادایە بڕگەکانی بریتین لە:

درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ.

کردنەوەی گەروی هورمز بەبێ وەرگرتنی باج.

رێگەدان بە ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی ئازادانە.

دەستپێکردنی دانوستانی زیاتر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.

کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لوبنان؛ بڕگەیەک کە نیگەرانییەکی قووڵی لای نەتانیاهۆ دروست کردووە.

بەپێی راپۆرتەکان، تەنیا 48 سەعات ماوە بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەسەر رەشنووسی تێگەیشتنێکی نوێ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ھندستان ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدەستھاتووە، ئەم رێککەوتنە پێشبینیکراوە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، لەوانە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژی تر و کردنەوەی گەروی ھورمز بەبێ وەرگرتنی رەسمی گومرگی، لە بەرانبەردا رێگە بە ئێران دەدرێت بە ئازادی نەوتەکەی بفرۆشێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بەرایی بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

سوپای ئیسرائیل لە رەوشێکی ئامادەباشی باڵادایە و بە وردی چاودێری رەشنووسی رێککەوتنەکە دەکات، لێپرسراوانی سەربازی تەلئەبیب نیگەرانن لەوەی کە رێککەوتنەکە هیچ مەرجێکی توندی تێدا نییە بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، هەروەها رێگری لە تاران ناکات لە پەرەپێدانی موشەکە بالیستییەکانی، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە، بەتایبەت ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان و دەستپێکردنەوەی شەڕ بە شێوەیەکی فراوانتر.

راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز پەردەی لەسەر لایەنێکی تری کێشەکە لاداوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئیدارەی ترەمپ بە تەواوی ئیسرائیلی لە دانوستانەکان دوورخستووەتەوە، بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان، حکومەتەکەی ناتانیاھۆ ناچار بووە لە رێگەی لایەنی سێیەم و چالاکییە هەواڵگرییەکانەوە زانیاری لەسەر پەیوەندییەکانی واشنتۆن و تاران کۆبکاتەوە، ئەم دوورخستنەوەیە دوای ئەوە هات کە واشنتۆن گەیشتە ئەو قەناعەتەی بەڵێنەکانی ناتانیاھۆ بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران ورد و جێبەجێکراو نین، بۆیە ترەمپ ئێستا تەنیا فشارەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ چڕکردووەتەوە.

لە کاتێکدا کە ناوچەکە چاوەڕێی راگەیاندنی رەسمی رێککەوتنەکەیە، ئیسرائیل خۆی لەبەردەم فشارێکی نێودەوڵەتی و سیاسی گەورەدا دەبینێتەوە، کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لوبنان، کە یەکێکە لە بەندە سەرەکییەکانی رەشنووسەکە، بووەتە جێی ناڕەزایەتی توندی ناتانیاھۆ، ئێستا تەلئەبیب لە نێوان قبوڵکردنی ئەم واقیعە نوێیە و بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتە سەربازییەکانی خۆیدا، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە کە رەنگە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بەرەو قۆناغێکی ئاڵۆزتر ببات.