لە درێژەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامدا و تێیدا تاوتوێی پشتیوانیکردن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان بۆ ئاشتییان کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی  دیوانی ئەمیری قەتەر، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، میری قەتەر و سەرۆکی ئەمریکا باسیان لە گرنگیی بەهێزکردنی ئەو هەوڵانە کرد کە پاکستان بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و خاوکردنەوەی گرژییەکان دەستی پێکردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، گفتوگۆکان تەوەرێکی گرنگیان بۆ پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی و رێڕەوە ستراتیژییەکان تەرخان کرد، بەتایبەت بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی دابینکردنی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئاماژەی بەوەشکرد، میری قەتەر جەختی لە هەڵوێستی جێگیری قەتەر کردەوە کە بریتییە لە پێشخستنی چارەسەری ئاشتییانە و پشتیوانیکردن لە هەر دەسپێشخەرییەک کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە بێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە.

ئەم جوڵە دیپلۆماسییەی قەتەر لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە رەوشێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هەموو لایەک چاویان لەوەیە ئایا هەوڵەکانی نێوەندگیری دەتوانن رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێ سەربازییەکان بکەن یان نا.