ناتانیاهۆ بۆ ترەمپ: مافی هێرشكردن بۆ سەر هەموو گۆڕەپانەكان بۆ خۆمان دەهێڵێتەوە
شنیار
٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦
لە دوای نیگەرانییەكانی ئیسرائیل لە ئەگەری رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێران، ترەمپ دڵنیایی داوەتە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كەناڵی 12ی ئیسرائیلی راگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئیسرائیل مافی هێرشكردن بۆ سەر هەموو گۆڕەپانەكان لەنێویشیاندا لوبنان، بۆ خۆی دەهێڵێتەوە.
هەروەها هۆشداری داوەتە ترەمپ لە دواخستنی بڕیارنامەیەك سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران.
جەختی لەوەش كردووەتەوە كە تاران دانوستانەكان دەقۆزێتەوە بۆ كڕینی كات و دواخستنی بڕیارنامەیەك سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
لە بەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو خواستەی ئیسرائیل دوپاتكردووەتەوە، هەروەها رونكردنەوەی داوە لەسەر ئەوەی كە پابەند دەبێت بە داواكارییە نەگۆڕەكانی خۆی لە هەر رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران، بەتایبەت هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و دەركردنی سەرجەم یۆرانیۆمی پیتێندراو لە خاكی ئێراندا.



