قالیباف: ئەمریكا هیچ راستگۆیی و متمانەیەكی نییە
٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی دەستبەرداری مافە رەواكانی نابێت، بەتایبەت لەگەڵ لایەنێك كە هیچ راستگۆیی و متمانەیەكی تێدا نییە.
لەكاتی پێشوازیكردنی لە عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاكستان لە تاران، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەكرد، ئێران وەك چۆن بە ئازایەتییەوە لە مەیدانی جەنگدا بەرگریی لە بوونی خۆی كردووە، لە كایەی دبلۆماسیشدا بە ژیرییەوە كار بۆ بەدەستهێنانی مافەكان و دابینكردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان دەكات.
رونیشیكردەوە، لە كاتی دانوستاندا ئەمریكا جەنگی هەڵگیرساند و دواتر بە گەمارۆی دەریایی پێشێلی ئاگربرەستی كرد كە پاكستان ناوبژیوان بوو تێیدا.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران هۆشداریشیدا، كە هێزە چەكدارەكانی ئێران خۆیان ئامادەكردووەتەوە و ئەگەر ترەمپ سەركێشی بكات و جەنگ دەستپێبكاتەوە، وەڵامی ئێران زۆر توندتر دەبێت.
لەلایەن خۆیەوە، عاسم مونیر جەختی "لە پەیوەندییە بەهێزەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە و پێزانینی خۆی بۆ ژیری و دیدگای سەركردایەتی ئێران لەم قۆناغەدا دەربڕی".



