كۆریای باشوور هاوكاری مرۆیی بە بڕی 500 هەزار دۆلار پێشكەشی ئێران دەكات و لە مانگی رابردووشدا، هاوكارییەكی مرۆیی تری بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار پێشكەشی لوبنان كرد
وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشوور لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر داوای رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیاری داوە هاوكارییەكی مرۆیی بە بڕی 500 هەزار دۆلار پێشكەش بە ئێران بكات
راشیگەیاندووە، ئەو هاوكارییە مرۆییانە لە رێگەی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوورەوە دەگەیەنرێت، بۆئەوەی ببێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو قەیرانە مرۆییەی ئێستا لە ئێران هەیە.
ئەو هەنگاوەی كۆریای باشوور لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەكاندایە، دوای ئەوەی سیئۆل لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا نێردراوێكی تایبەتی رەوانەی تاران كرد، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی كەشتییەكان و دەستەی كارمەندانی وڵاتەكەی كە لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە.
كۆریای باشوور لە مانگی رابردووشدا، هاوكارییەكی مرۆیی تری بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار پێشكەشی لوبنان كرد.
سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت جەنگی دژی ئێران بەرەو كۆتایی دەچێت، بەڵام ئەركی واشنتۆن لە ناوچەكە كۆتایی نەهاتووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس بیزنس رایگەیاند، لە كۆتاییەكانی جەنگ ی دژی ئێران نزیك بوونەتەوە و بە رێككەوتنی كەمیش لەگەڵ ئەو وڵاتە رازی نابێت.
وتیشی، بڕوای وایە جەنگ زۆر لە كۆتایی نزیكبووەتەوە و ئەگەری رێككەوتنێكی باش هەیە بەڵام هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا ئەركەكانیان كۆتایی نەهاتووە.
سەرۆكی ئەمریكا جەختیشیكردەوە، سەرەڕای ئەوەی هەموو شتێك لەگەڵ ئێران كۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئەگەری هەیە دانوستانەكانی ئیسلام ئاباد دەستپێبكەنەوە.
ئەو لێدوانەی ترەمپ لە كاتێكدایە زۆربەی میدیاكانی ئەمریكا هەواڵی ئەگەری دەستپێكردنەوەی خولێكی تری دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێرانیان لە پاكستان بڵاوكردووەتەوە.
بە مەبەستی تاوتوێکردنی رەوشی رێککەوتنی ئەتۆمی، واشنتۆن و تاران لە رێگەی نێوەندگیری ئیسلام ئابادەوە نزیک بوونەتەوە لە دەسپێکردنی خولێکی تری دانوستانەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرایکرد، لە دوو رۆژی داهاتوودا خولێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە وڵاتی پاکستان بەڕێوەدەچێت، هاوکات هەڵوێستی توندی وڵاتەکەشی بەرانبەر دۆسیەی ئەتۆمی تاران دووپاتکردەوە.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "نیویۆرک پۆست" تایگەیاند، ئەگەری زۆرە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا لە پاکستان لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆببنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستانی کرد و وتی: "کارێکی نایاب دەکات لە رێکخستنی ئەم گفتوگۆیانەدا لەگەڵ تاران."
ترەمپ جەختی کردەوە، ئێران "بە هیچ شێوەیەک نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و راشیگەیاند کە دژی ئەوەیە ماوەی 20 ساڵ بە ئێران بدرێت بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
لەلایەکی تەرەوە، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی ئاماژەی بەوەکردووە، هێشتا کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان نەکراوە، بەڵام وەفدە دانوستانکارەکان رۆژانی هەینی تا یەکشەممەیان وەک وادەیەکی کراوە داناوە، هاوکات باڵیۆزخانەی ئێران لە ئیسلام ئاباد ئاشکرایکردووە، پێدەچێت کۆبوونەوەکە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' ئاشرایکرد، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەرکی گەمارۆدانی سەرجەم ئەو کەشتیانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.
سێنتکۆم رایگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار سەرباز لە هێزەکانی دەریاوانی، مارێنز و ئاسمانی، لەگەڵ زیاتر لە 12 کەشتی جەنگیی و دەیان فڕۆکە، ئەرکی چاودێریکردن و سەپاندنی گەمارۆکە جێبەجێ دەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە یەکەمین رۆژی ئۆپراسیۆنەکەدا هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە بەناو گەمارۆکەدا تێپەڕن، هاوکات شەش کەشتی بازرگانی پابەندی فەرمانەکانی ئەمریکا بوون و گەڕاونەتەوە بۆ ناو بەندەرە ئێرانییەکان لە دەریای عومان.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکرد، گەمارۆکە سەرجەم بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان دەگرێتەوە، بەبێ گوێدانە ناسنامە و ئاڵای کەشتییەکان.
هێزەکانی ئەمریکا جەختیان کردووەتەوە، بەردەوامن لە پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز بۆ ئەو کەشتیانەی روو لەو بەندەرە دەکەن کە سەر بە ئێران نییە یان لێیان دەگەڕێنەوە.
سوپاس سەرۆك بۆ یاسای لابردنی باج لەسەر وەرگرتنی بەخشش، ئەمە وتەی كارمەندێكی بەتەمەنی یەكێك لە كۆمپانیاكانی دیلیڤەری خواردنە بۆ دۆناڵد ترەمپ، ئەم دیمەنەش بوو بە سەردێڕی بەشێكی زۆری میدیا جیهانییەكان.
شەوی رابردوو لە پەخشی راستەوخۆی كۆشكی سپی دا، دۆناڵد ترەمپ داوای خواردنی مەكدۆناڵدی كردبوو، دواتر لەلایەن كارمەندێكی كۆمپانیای دۆرداشەوە خواردنەكە بۆ ناوبراو هێندرا، دوابەدوای ئەو روداوە ترەمپ وەك هەمیشە دەستی بە وەرگرتنی پرسیاری رۆژنامەوانان لەبارەی ئێران و ئاگربەستەكەوە كرد.
دۆناڵد ترەمپ لە كارمەندەكە دەپرسێت و دەڵێت، بیستوومە تۆ بەهۆی یاسای لابردنی باج لەسەر وەرگرتنی بەخشش 11 هەزار دۆلارت پاشەكەوت كردووە, وایە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت بەڵی زیاترە لەو برەش. دواتر كارمەندەكە سوپاسی دەكات و ترەمپیش وەك پیشەی خۆی ئەمە وەك شانازییەك بۆ ئەو كارەی كردوویەتی باسی دەكات.
وێنەگرەكەی كۆشكی سپی لێی دەپرسێت، دەزانیت كۆشكی سپی بەخششی باش دەدەن، لەوكاتەدا ترەمپ 100 دۆلار دەردەهێنێت و دەیداتە كارمەندەكە.
شارۆن سیمۆن ئەو كەسەی داواكارییەكەی ترەمپی پێشكەشكرد داپیرەی 10 منداڵەو لە چاوپێكەوتنێكدا دوابەدوای ئەوە دەڵێت، من هاوسەری تووشی شێرپەنجە بووە و نامەوێت لەدەستی بدەم، لەبەرئەوە هەموو شتێك دەكەم بۆ مانەوەی.
بەپێی زانیارییەكان شارۆن 14 هەزار داواكاری دیلیڤەری لەماوەی چوارساڵی رابردوودا جێبەجێكردووە و دەڵێت هەرگیز داواكاریم بۆ كەسێكی پلەبەرزی هاوشێوە نەبردووە.
بەشێك لە رەخنەگران ئەم روداوە بە سیناریۆیەكی ساختەی دەزانن و دەڵێن، كارمەندەكە ساڵی رابردوو لەبەشی باجەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بانگێشتكراوە بۆ دەربرینی رای خۆی لەسەر یاساكە و هەر ئەوكاتیش هەمان بۆچوونی دەربریوە.
دوابەدوای ئەو روداوە پشكی هەردوو كۆمپانیای مەكدۆناڵد و دۆرداش بەرزبوونەوە، پشكی كۆمپانیای مەكدۆناڵد بۆ نزیكەی 304 دۆلار و دۆرداش بۆ نزیكەی 160 دۆلار بەرزبووەوە.
بەپێی ئامارەكان، نزیكەی شەش ملیۆن كارمەند سوودمەند بووە لە یاسای لابردنی باج لەسەر بەخشش و ئەوەش بووەتە یارمەتیدەرێكی باش بۆ ئەوانەی لەو بوارەدا كاردەكەن.
لە چوارچێوەی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازی و وەڵامدانەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان، پنتاگۆن بودجەیەکی زیاتری بۆ پڕۆژەی فڕۆکەی جەنگی "F-47" تەرخان کرد.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 'پنتاگۆن' هەنگاوەکانی بۆ خێراکردنی پڕۆژەی نەوەی نوێی فڕۆکە جەنگییەکانی چڕتر دەکاتەوە و بڕی پێنج ملیار دۆلاری زیادەی بۆ پەرەپێدانی فڕۆکەی "F-47" داوا کردووە، کە بڕیارە لە ساڵی 2028 دا یەکەمین تاقیکردنەوەی ئاسمانی ئەنجام بدات.
میدیاکان ئاشکرایانکردووە،جگە لەو 3.4 ملیار دۆلارەی پێشتر تەرخانکرابوو، پنتاگۆن داوای پێنج ملیار دۆلاری تری کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی (NGAD) خێراتر بکرێت.
فڕۆکەی "F-47" کە لەلایەن کۆمپانیای "بۆینگ"ەوە پەرەی پێدەدرێت، لەبری ئەوەی شوێنی "F-22" بگرێتەوە، بڕیارە پێکەوە و لەگەڵ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هاوکار (Drones) ئەرکەکان جێبەجێ بکەن.
هەرچەندە نموونە سەرەتاییەکانی ئەم فڕۆکەیە ماوەی حەوت ساڵە تاقیکردنەوەیان تێدا دەکرێت و سەدان سەعات فڕیون، بەڵام بەهۆی ئاستی بەرزی نهێنییەوە تا ئێستا لە هیچ شوێنێک دەرنەکەوتوون.
هێزی ئاسمانی ئەمریکا بەنیازی کڕینی 185 فڕۆکەیە لەو جۆرە، کە نرخی هەر دانەیەکیان دەگاتە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار.
ئیمانیۆل ماکرۆن، داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات ماوەی ئاگربەست درێژبکەنەوە و داواشی کردوە ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە، گەروی هورمزیش بەبێ مەرج و سەپاندنی باج بە روی کەشتییەکاندا بکرێتەوە.
ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رایگەیاند، رۆژی دوو شەممە، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و ئێراندا قسەی کردوە و داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی لێ کردوون، بەمەبەستی دورکەوتنەوە لە هەر گرژییەکی نوێ لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی فەرەنسا، ئاماژەی بەوەکردوە، بۆ هەمووان گرنگە پابەندی ئاگربەستەکە بن و ماوەکەشی درێژبکرێتەوە و ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە.
ناوبراو جەختیشیکردوەتەوە، گرنگە بە زووترین کات گەروی هورمز بکرێتەوە بەبێ مەرج و سنوردارکردن و سەپاندنی باج و پێویستیشە، دانوستانەکان بە خێرایی دەست پێبکەنەوە بە پاڵپشتی لایەنە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە جەنگەکە.
سەرکی فەرەنسا ئاشکراسێکرد، رۆژی هەینی بەهاوبەشێ لەگەڵ بەریتانیا، میوانداری کۆنفرانسی دەوڵەتانی بەشدار نەبوو لە جەنگەکە ئەنجامدەدەن بۆ بەشداریکردن لە ئەرکی گەڕاندنەوەی ئازادی کەشتیوانی لە گەروی هورمزدا
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، رێککەوتنی بەرگریان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەساردوە، کە بریتییە لە کە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی ئامێرە سەربازییەکان و توێژینەوەی تەکنەلۆژی.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ شاری ڤێرۆنا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە نوێکردنەوەی ئۆتۆماتیکی رێککەوتنی بەرگری لەگەڵ ئیسرائیل رابگرێت".
ئەم هەنگاوەی ئیتاڵیا لە دوای ئەوە دێت، هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان تەقەیان لە کاروانێکی ئاشتیپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد کە ئیتاڵی بوون، حکومەتی ئیتاڵیا وەک ناڕەزایەتییەک باڵیۆزی ئیسرائیل بانگهێشت کرد و ئیدانەی ئەو کارەیان کرد، کە بەرانبەر بە تیمە ئیتاڵیەکە ئەنجامدراوە.
پێشتریش حکومەتی ئیتاڵیا لە هەفتەی سێیەمی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران، وەک ئەندامێکی ناتۆ، مۆڵەتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی، کە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕۆیشت بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران لە یەکێک لە فرۆکەخانە سەربازییەکانی رەتکردەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، کەشتییەکی نەوتهەڵگری چینی سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا، گەروی هورموزی تێپەڕاند، بە گەوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە کەشتییەکە 250 هەزار بەرمیل مادەی میسانۆڵی پێبوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە داتای کەشتیوانی بڵاویکردوەتەوە کەشتی نەوتهەڵگری "ریچ ستاری" بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە و گەمارۆکانی ئەمریکای بۆسەر گەروی هورمز تێپەڕاندوە.
بەمەش ئەم کەشتییەکی وڵاتی چین دەبێتە یەکەم کەشتی کە گەمارۆکای ئەمریکا تێکبشکێنێت، کە لە سەعات پێنجی ئێوارەی دوێنێوە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، کەشتییەکە نزیکەی 250 بەرمیل هەزار مادەی میسانۆڵی هەڵگرتووە و بارەکەی لە بەندەری حەمرییە لە ئیمارات بارکردو، و ئاڵای وڵاتی مالاوییان لەسەر کەشتییەکە بەرز کردوەتەوە و ئەو تیمەی سەرپەرشتی کەشتییەکە دەکەن، هاووڵاتی وڵاتی چینن.
لە نوێترین لێدوانیدا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بە هەر رێگەیەک بێت یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە لە دەستی ئێران دەردەهێنن.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێران تا ئێستا رەزامەندی نیشان نەداوە بۆ دەستبەرداربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵآم پەیوەندییەکی تەلەفونی بۆهاتووە و وەک دەردەکەوێت پەرۆشی رێککەوتن.
لەبارەی گەروی هورمزیشەوە، سەرۆکی ئەمریکا وتی، هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە داخستنی گەروی هورمز کێشە بۆ جیهان دروست بکات و ئەوان گەروی هورمز بەکارناهێنین و پێویستمان پێی نییە، چونکە نەوت و غازیان زیاترلە لەوەی پێویستیانە.
ترەمپ جەختیکردوە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیک وڵات ئامادەن بەشداری بکەن لە گەمارۆدانی گەروی هورمز، بەڵام ئەوان پێویستیان بە بەشداریی وڵاتانی دیکە نییە لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە هێزی دەریایی ئێرانیان بە تەواوەتی لەناو بردوە و 158 کەشتیان تێکشکاندوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات، لەگەڵ جێبەجێکردنی گەمارۆکان لەسەر گەروی هورمز رایگەیاندوە، هەر کەشتییەکی ئێرانی لە هێڵەکانی گەمارۆ نزک ببێتەوە دەکرێتە ئامانج
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردوە، 158 کەشتی ئێرانیان لەناو بردوە ولە ئێستادا لە بنی دەریادان، تەنها ژمارەیکی کەم کەشتیان ماوە کە شایەنی لەناوبردن نەبوون
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریشیداوە، ئەگەر کەشتییەکانی ئێران، کە کەشتی خێارن و بۆ هێرشکردن بەکاردەهێندرێن، لە هێڵی گەمارۆکانیان نزیک ببنەوە دەیانکەنە ئامانج و لە ناویان دەبەن.
لای خۆشیەوە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، گەمارۆی ئەمریکا بە زیاتر لە 15 کەشتی جەنگی چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پشتیوانی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن.
دوای بڕیاری گەمارۆدانی گەروی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە، حکومەتی ئیسپانیا ئەو بڕیارەی دۆناڵد ترەمپی بە شتێکی بێمانا وەسف کرد و رایگەیاندوە، بە تەواوەتی شتێکی نالۆجیکییە و جیهان دەخاتە رەوشێکی خراپەوە.
مارگاریتا رۆبلێس، وەزیری بەرگریی ئیسپانیا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای نیشتمانی وڵاتەکە جەختی کردوەتەوە، کە رەوتی روداوەکان لە سەرەتای جەنگەکەوە "بە تەواوی نالۆژیکی" بووە و هیچ هۆکارێکی روون نییە بۆ دەستپێکردنی جەنگەکە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشکردنە سەر ئێران بڕیاربوو شەڕێکی کورت بێت ئێستا گۆڕاوە بۆ قەیرانێکی ئاڵۆز و خراپ و بە تەواوەتی کاریگەری لەسەر جیهان دروست کردوە.
وەزیری بەرگری ئیسپانیا هۆشداریداوە لەوەی ئەم هەڕەشە نوێیە، کە مەبەستی گەمارۆدانی گەروی هورمزە، رەوشی ناوچيکە زیاتر ئاڵۆز دەکات و کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت.
حکومەتی ئیسپانیا بە سەرۆکایەتی پێدرۆ سانچێز، یەکێکە لەو وڵاتانەی بە راشکاوانە دژی هێرشکردنە سەر ئێرانە و پێشتریش کایەی ئاسمانی وڵآتەکەی بەرووی فڕۆکەکانی ئەمریکا ئیسرائیلدا داخستبوو
رۆژنامەکان ئاشکرایانکردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی وەشاندنی گورزی ئاسمانی نوێ بۆ سەر ئێران دەکات، وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندوویەتی, ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بە تەواوی شکستیان هێنا.
رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" لە وتارێکی شیکاریدا تیشک دەخاتە سەر بڕیارە نوێیەکەی دۆناڵد ترامپ بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر گەروی هورمزدا و دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا توانیویەتی بە "زیرەکییەوە" کۆتایی بەو هەڕەشانە بهێنێت کە تاران هەمیشە وەک کارتێکی فشار بەکاریهێناون.
ترەمپ رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان رێگری لە "هەر کەشتییەک" دەکەن کە بیەوێت بچێتە ناو گەروەکە یان لێی بێتە دەرەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترامپ تاوتوێی دوو بژاردە دەکات؛ یەکەم، هەڵمەتێکی بۆردومانی سەرتاسەری، دووەم، گورزی سەربازیی سنوردار بۆ سەر ژێرخانی ئێران.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز هەڕەشەی لێدانی وێستگەکانی ئاو، وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا و وێستگەکانی کارەبای ئێرانی کرد و وتی: "پێم ناخۆشە بیکەم، بەڵام بائامانجگرتن و تێکشکاندنی ئەو وێستگانە زۆر ئاسانە."
دانوستانەکان لە کاتێکدا شکستیان هێنا کە ئەمریکا جەخت لە کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکاتەوە، بەڵام تاران رەتیکردووەتەوە دەستبەرداری پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ببێت، لەگەڵ راگەیاندنی دەستپێکردنی گەمارۆکە لە سەعات10ـی بەیانی بەکاتی ئەمریکا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی ٨٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
دوای رەخنەكانی پاپای ڤاتیكان لە هێرشكردنە سەر ئێران لە لایەن ئەمریكاوە، ترەمپ هێرشێكی توند دەكاتە سەر پاپای ڤاتیكان و دەڵێت هیچ پاپای بە دڵ نییە.
دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری رەسمی خۆی هێرشی توندی كردە سەر پاپا ی ڤاتیكان و رایگەیاند كە پاپا لیۆ لە مامەڵەكردن لەگەڵ تاواندا لاوازە و لە سیاسەتی دەرەوەشدا خراپە و ناتوانێت رۆڵی كاریگەر بگێڕێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ پاپای بە دڵ نییە و دژی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە پاپا لیۆ هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە قبوڵنەكراو تاوان وەسف كردبوو، هەروەها داوای پێداچوونەوەی رەوشی كۆچبەرانی كردبوو لە ئەمریكا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رادەگەیەنێت، گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاران چیتر ناتوانێت نەوت بفرۆشێت.
ترەمپ لە بنکەی ئاسمانیی "ئەندرۆز" لە ویلایەتی ماریلاند بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: مەبەستیانە گەرووی هورمز بکەنەوە، ئێران لە رەوشێکی بێهیوایی دایە و هەرگیز رێگە نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانی ناتۆش کرد و وتی: بە ملیاران دۆلاریان بە ناتۆ داوە، بەڵام لە جەنگی ئەم دواییەی سەر ئێران لەگەڵیان نەوەستان. سەبارەت بە دانوستانیش ئەوەی خستەڕوو، بۆی گرنگ نییە تاران دەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ یاخود نا.
لە لایەکی تریشەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، کە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە سەعات 10ـی بەیانی بەکاتی کەناراوەکانی رۆژهەڵات، گەمارۆی هاتوچۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دەستپێدەکات.
ئاشکراشیکرد، گەمارۆکە بە یەکسانی بەسەر کەشتیی هەموو ئەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەکرێت کە دێنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.
سێنتکۆم راشیگەیاند، ئەو کەشتیانەی تەنها بە گەروی هورمزدا تێپەڕ دەبن و ناچنە بەندەرەکانی ئێران، رێگرییان لێ ناکرێت.
ترامپ لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ تروس ئاماژەی بەوە کرد، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بپشکنن کە باجی تێپەڕبوونی بە ئێران دابێت، وتیشی: "ئێران دەیەوێت بە پرسی مینڕێژکردنی گەرووی هورمز باجگیریی جیهانی بکات، بەڵام ئێمە دەست دەکەین بە لەناوبردنی ئەو مینانە و هەر ئێرانییەک تەقەمان لێ بکات، بەتەواوی تێکی دەشکێنین."
لە کۆتاییدا ترەمپ دوپاتی کردەوە، وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواودایە و هێزە سەربازییەکانیان ئەوەی لە ئێران ماوەتەوە "کۆتایی پێدەهێنن" ئەگەر بێت و تاران بە خێرایی دەست نەکات بە کردنەوەی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە بەغداد پیرۆبایی خۆی ئاراستەی نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری نوێی عیراق کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە بەغداد لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک نزار ئامێدی دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی و دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری نوێی عیراق.
جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردن لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی عیراق دەکەن بۆ هەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی سەروەری و سەقامگیر و خۆشگوزەران بۆ هەموو عیراقییەکان، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا.