لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایەند، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و جەنگی ئۆکرانیای لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ کرد.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی روسی، کۆشکی کرملین ئاشکرای کردووە کە پوتین پێشوەختە هەماهەنگی لەگەڵ تاران کردووە و دیدگا و روانگەی ئێرانی بۆ چارەسەرکردنی ئەگەریی قەیرانەکە بە سەرۆکی ئەمریکا گەیاندووە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا، پێشنیازی روسیا بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ خاکی روسیا وەک بژاردە و دەرچەیەکی سەرەکی بۆ ئارامکردنەوەی قەیرانەکە هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە.
لە بەشێکی تری زانیارییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، رەنگە لوتکەی کۆڕبەندی هاوکاری ئابووری وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن (ئەپیک) لە چین، بێتە دەرفەتێک بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی رووبەڕوو و نوێ لە نێوان پوتین و ترەمپدا.
کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، هەڵوێستی ئێرانی سەبارەت بە چارەسەرێکی ئەگەری بۆ جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، گەیاندووەتە دۆناڵد ترەمپی هاوتا ئەمریکییەکەی، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران.
ئاژانسی رۆیتەرز لە ئاژانسی "ئینتەرفاکس"ـی روسیەوە ئاشکرایکردووە، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملن، رایگەیاندووە: "بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی ئێران، پوتین دیدگای لایەنی ئێرانی سەبارەت بە چارەسەرێکی ئەگەری بۆ ململانێکان گەیاندە ترەمپ."
ئەوەشخراوەتەڕوو، گواستنەوەی هەڵوێستی ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ پزیشکیان ئەنجامدراوە، بەڵام ناوەڕۆکی ئەو دیدگا پێشکەشکراوە و وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای ئاشکرا نەکرد، هەروەها هیچ راگەیەنراوێکی سەبارەت بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لەخۆ نەگرتبوو.
بەپێی ئاژانسێكی ئەمریكی ئێران سەركەوتوو بووە لە پاراستنی دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی موشەك و درۆن و دەتوانێت كۆگاكانیشی بە خێرایی زیاد بكات.
ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە: سەرەڕای هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا، دەسەڵاتدارانی ئێران بەتایبەت سوپا و هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە سەركەوتوو بوون لە پاراستنی دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی موشەك و درۆن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێران دەرفەتی ئەوەی هەیە كۆگا سەربازییەكانی بە خێرایی پڕبكاتەوە و خۆشی پڕچەك بكاتەوە و روسیاش موشەك بۆ ئێران دابین دەكات.
ئەو هەڵەسەنگاندنەش پێچەوانەی لێدوانە بەردەوامەكانی ترەمپ و لێپرسراوانی ئیدارەكەیەتی كە چەندین جار رایانگەیاندووە، لە هێرشە ئاسمانییەكاندا توانای ئێرانیان لەناوبردووە بۆ هەڕەشەكردن لە بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و هاوپەیمانەكانی واشنتۆن و سوپای ئێرانیش بەتەواوی لەناوچووە.
بەهۆی پێنەدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، دۆناڵد ترەمپ هێرشێکی توند دەکاتەسەر لیژنەی نۆبڵ و دەڵێت؛ خەڵاتەکە متمانەی خۆی لەدەستداوە و خۆیشی بە شایستەی هەشت خەڵاتی نۆبڵ دەزانێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشێکی توندی کردە سەر لیژنەی نۆبڵ بەهۆی پێشکەشنەکردنی خەڵاتی ئاشتی بەو، و بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ناوبراو پێیوایە ئەو بڕیارە "پەڵەیەکی رەشی نەسرایەوە" لە مێژووی نەرویژدا جێهێشتووە کە میوانداری لیژنەکە دەکات.
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی 'سۆشیال تروس' نووسیویەتی، شایستەی خەڵاتەکەیە لەبەرانبەر ئەو رۆڵەی کە دەڵێت؛ لە چارەسەرکردنی هەشت جەنگدا گێڕاویەتی، و جەختی لەوە کردەوە کە "شایستەی هەشت خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵە، نەک تەنها یەک دانە."
رەخنەی لە ناڤی پیلای، دادوەری ئەفریقای باشور گرت کە براوەی خەڵاتەکەی ئەمساڵە و وتی هیچ نەزانینێکی لەسەر نییە، هەروەها بە کەسایەتییەکی لیبراڵ کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات وەسفی کردووە، تۆمەتباریشی کرد بە قین لە هەڵگر دژی ئیسرائیل، بێ ئەوەی لە پۆستەکەیدا هیچ بەڵگەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو تۆمەتە بخاتە ڕوو.
ترەمپ ئاماژەی بەو جەنگانە کرد کە دەڵێت کۆتایی پێهێناون، ئەوانیش بریتیین لە. ململانێی نێوان کەمبۆدیا و تایلەند، کۆسۆڤۆ و سەربیا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و رواندا، پاکستان و هیدستان، ئیسرائیل و ئێران، میسر و ئەسیوپیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان، هەروەها شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسیش.
وتیشی، ژمارەیەک سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتانە نامەیان بۆ لیژنەی نۆبڵی نەرویژی ناردووە بۆ پشتگیریکردن لە کاندیدکردنی، و پێیایە تەنها رۆڵی ئەو لە کێشەی نێوان پاکستان و هندستاندا بەس بووە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، کە لە چارەسەرکردنی دۆسیەی ئێران و جەنگی روسیا و ئۆکراین نزیک بووەتەوە، جەختیشی کردەوە کە روداوەکان بە خێراییەکی زۆر بەرەو پێشەوە دەچن.
ترەمپ پشتی بە ماریا کورینا ماچادۆ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا بەست، و وتی کە خەڵاتی ساڵی رابردووی خۆی پێشکەش کردووە و ماچادۆ رایگەیاندبووە ترەمپ لە هەموو کەسێک زیاتر شایستەی نۆبڵی ئاشتییە کە تا ئێستا بەدەستی هێناوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران دەبێت بەزوویی بڕیاربدات. یان هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکات، یان بوونی نامێنێت. وڵاتەکە لە هەڵئاوساندایە و تەنانەت پارەی نییە مووچەی سوپاش بدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دۆخی ئێرانی بە قەیراناوی وەسف کرد و رایگەیاند، تاران تووشی هەڵاوسانی %300 بووە و پارەی نییە مووچەی هێزە ئەمنییەکانی بدات. هەروەها جەختیکردەوە کە کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان لە دەستدایە و پرسی ئێران زۆر بە خێرایی یەکلادەبێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران هۆشداریی دا و رایگەیاند، ئێران هەرگیز خاوەنی چەکی ئەتۆمی نابێت، و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی ئەمریکا هێرش بکاتە سەریان. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بژاردەیەکی توندی لەبەردەمە، یان ئەوەتا هەموو شتێک بە ئەمریکا دەبەخشێت کە دەیەوێت، یان بە تەواوی بوونی نامێنێت.
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ترەمپ باس لە پرسی وزە و ئابووری کرد و رایگەیاند، لە سایەی هێزی سوپای ئەمریکاوە، ئێستا کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمز کراوە و قەبارەی هەناردەی نەوت لەو رێگەیەوە لە ئاستی پێش جەنگیش زیاترە. داوای لە پاڵاوگەکان و فرۆشیارانی تاکەکەسی کرد کە دەستبەجێ نرخەکان دابەزێنن، چونکە بڕێکی زۆر سوتەمەنی دابین کراوە و لەم دواییانەشدا روسیا رازی بووە ملیۆنان بەرمیل گازوایل بۆ ئەمریکا بنێرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ترەمپ رەخنەی لە نەدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە ئەمریکا گرت و ئەوەی خستەڕوو، نەدانی ئەو خەڵاتە بەڵگەیەکی تر نیشان دەدات کە وڵاتانی وەکو نەرویژ و لایەنەکانی دیکە بەردەوام بەدوای سوودوەرگرتنەوەن لە پێگەی ئەمریکا.
بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی هەشت پلەی رێختەر پەنەمای هەژاند، ناوەندەکانی دەستنیشانکردنی زەمینلەرزەش هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی لە کەناراوەکانی ئەمریکا و کەنەدا.
ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی هەشت پلە بە پێوەری رێختەر بەشێکی بەرفراوانی وڵاتی بنەمای هەژاند، بەهۆیەوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی و ناوەندەکانی دەستنیشانکردنی زەمینلەرزە هۆشدارییان لە ئەگەری دروستبوونی شەپۆلی وێرانکەری تسۆنامی دا.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە کەناراوەکانی باشوری پەنەما بووە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، گوڕی بوومەلەرزەکە هێندە بەهێز بووە لەلایەن دانیشتووانی پەنەمای پایتەختەوە هەستی پێکراوە و ترس و دڵەراوکێی زۆری لەناو هاووڵاتییاندا دروستکردووە.
هاوکات، ناوەندی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ هۆشداریی تسونامی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، مەترسیی بەرزبوونەوەی شەپۆلەکان و رودانی تسۆنامیی وێرانکەر هەیە کە رەنگە کاربکاتە سەر ویلایەتەکانی (کالیفۆرنیا، ئۆریگۆن، واشنتن، ئەلاسکا) لە ئەمریکا، بێجگە لە هەرێمی کۆلۆمبیای بەریتانی لە وڵاتی کەنەدا.
ترەمپ جەخت لە کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران دەکاتەوە و رادەگەیەنێت، واشنتۆن بە تەواوی رێگری لە تاران کردووە بێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن رێگریی تەواوی لە تاران کردووە بێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دەشڵێت"بەم زووانە بە رێگەیەک لە رێگەکان کۆتایی بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دەهێنین."
لەبارەی توانای سەربازیی ئێرانەوە، ترەمپ جەختی کردەوە، تاران چیتر هێزێکی ئەوتۆی نەمێنێتەوە و وتی: "ئێران چیتر سوپا، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و سیستمی بەرگریی دژە فڕۆکەی بەدەستەوە نەماوە."
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستەسەر رەوشی گەروی هورمز و رایگەیاند، گەمارۆیەکی توندی دەریاییشیان بەسەر گەروەکەدا سەپاندووە و رێگە بە هیچ هاتوچۆیەک بەرەو ئێران یان لە ئێرانەوە نادەن.
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتیش ئاشکرایکرد، "دوێنێ زۆرترین بڕی نەوت لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە گەروی هورمزەوە تێپەڕیوە کە گەیشتووەتە 28 ملیۆن بەرمیل."
لە کۆتاییدا ترەمپ دڵنیایی دا کە جەنگ لەگەڵ ئێران زۆر بە زوویی کۆتایی پێدێت و ئەمریکا هەموو توانایەکی هەیە بۆ ئەوەی بە هەر رێگەیەک بێت کۆتایی بەم رووبەڕووبوونەوەیە بهێنێت.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە دەست بەسەر نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە ئۆسۆڵ و سەرمایەی دراوە دیجیتاڵییەکانی (کریپتۆ) سەر بە ئێراندا بگرێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدایە بۆ گۆشەگیرکردنی تاران لە رووی ئابوورییەوە و سنوردارکردنی دەستگەیشتنی بەرپرسانی ئێرانی بە سەرچاوە داراییەکان.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا روونیشی کردەوە: ئامانج لەم هەڵمەتە تەسککردنەوەی کەناڵە داراییەکانی دەستی ئێرانە بۆ رێگریکردن لە گواستنەوە و بەکارهێنانی سەرمایەکانی، کە بەشێکە لە رێکارە توندەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای ئابووری زیاتر بەسەر تاراندا.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە كۆمیسیاری باڵای پێشووی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ.
لیژنەی نۆبڵی ئاشتی لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ، بۆ ساڵی 2026 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشییە ناڤی پێلای دادوەری باشووری ئەفریقا و كۆمیسیاری باڵای پێشووی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ، وەك رێزلێنانێك بۆ هەوڵە بەردەوامەكانی لە بەهێزكردنی ئاشتی و چەسپاندنی سەروەریی یاسای نێودەوڵەتییەكان.
ناڤی پێلای تەمەن 85 ساڵ، پێشتر سەرۆكایەتیی جێبەجێكاری لیژنەی سەربەخۆی لێكۆڵینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكانی دەكرد، كە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆسایدی لە كەرتی غەززە ئاراستەی ئیسرائیل كردبوو، پێلای وەك یەكێك لە دیارترین كەسایەتییە یاساییەكانی جیهان ئەژمار دەكرێت كە بە بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ و لێپرسینەوە لە تۆمەتبارانی تاوانە نێودەوڵەتییەكان دەناسرێت.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش پێدان و بەخشینی ئەو خەڵاتەی بە ئاماژەیەكی گرنگ و جەختكردنەوە لەسەر بایەخی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە جیهاندا وەسفكرد.
بەوەش بۆ ساڵێكی تر خەونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نەهاتەدی بۆ پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی كە بە وتەی خۆی كۆتایی بە هەشت مململانێ هێناوە و شایستەی خەڵاتی نۆبڵە.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرایدەكات, پنتاگۆن ئامادەكارییەكانی بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران تەواو كردووە، و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا سێ كەشتیی فڕۆكەهەڵگر و هێزێكی گەورەی سوپای ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر بكرێن.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەسەر زاری چەند لێپرسراوێكی ئەمریكی، پنتاگۆن پێنج بژاردەی سەربازیی جیاوازی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران ئامادە كردووە و خستوونیەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ, ئامانجی سەرەكیی هێرشە چاوەڕوانكراوەكان بۆردومانكردنی جبەخانە و كۆگاكانی درۆن و موشەكی بالیستیی ئێرانە، لەگەڵ ئەگەری بە ئامانجگرتنی بارەگاكانی سوپای پاسداران و كەرتی وزە لە كاتی فراوانبوونی جەنگەكەدا.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە سەرۆكی ئەمریكا چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل و هەڵبژاردنی نیوەی خولی كۆنگرێس دەكات تا بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.
سەرەڕای ئەمەش، لێپرسراوانی باڵای سەربازی دووپاتیان كردووەتەوە سوپای ئەمریكا تەواوی رێكارەكانی جێبەجێ كردووە تا لە ئەگەری گۆڕینی بڕیارەكەی ترەمپدا، لە ماوەی چەند رۆژێكدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی تاران دەستپێبكات.
فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "ئەبراهام لینکۆڵن"، دوای ئەرکێکی درێژخایەن لە شەڕی دژی ئێران کە نیگەرانیی زۆری لەسەر تەندروستیی کارمەندەکانی دروستکردبوو گەڕایەوە بەندەری سەرەکیی خۆی لە کەناراوەکانی رۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکان.
کەسوکاری سەربازەکان لە بەندەری "سان دیێگۆ" لە کالیفۆرنیا کۆبووبوونەوە و ریزیان بەستبوو بۆ پێشوازیکردن لە ئازیزانیان، دوای ئەوەی بۆ نزیکەی ساڵێک لە یەکتر دابڕابوون.
ئەم کەشتییە ئەتۆمییە لە تشرینی دووەمی 2025 بە مەبەستی ئەرکێک لە دەریای چینی باشور کالیفۆرنیای بەجێهێشت، بەڵام بەر لە دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتاییەکانی شوباتی رابردوو، ئەرکەکەی پێچەوانە کرایەوە و رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا.
کەشتییەکە لە ئاودا مایەوە تا سەرەتای ئەیلوول لە تايلاند لەنگەری گرت، بەڵام ئەم ئەرکە درێژخایەنە کاریگەریی قورسی دەروونی و جەستەیی لەسەر هێزەکانی سەر فڕۆکەهەڵگرەکە و تەواوی گرووپە جەنگییەکەی بەجێهێشتووە.
سی ئێن ئێن نوێترین زیانەکانی ئەمریکا لە جەنگی ئێران بڵاودەکاتەوە و بەبێ زیانی سەربازگەکان، ئەمریکا 45 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتوە و 81 فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و درۆنی لە دەستداوە.
سی ئێن ئێن،بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی نوێی دەستەی توێژینەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا ئاشکرای کردوە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، 81 فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەر و درۆنی سوپای ئەمریکا تێکشکاون یان زیانیان پێگەیشتووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ژمارەیە 45ـیان درۆنی جۆری (MQ-9 Reaper)ن کە زیاتر لە نیوەی تەواوی زیانەکان پێکدەهێنێت، جگە لەوەش، فڕۆکەی پێشکەوتوی وەک (F-35A) و فڕۆکەی راداری گەورەی (E-3 Sentry) لە لیستەکەدان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، تێچوی کۆی گشتیی ئەو فڕۆکانەی تێکشکاون لە نێوان 1.9 بۆ 3.3 ملیار دۆلاردایە. ئەمە لەکاتێکدایە، کە تێچوی تەواوی جەنگەکە تا ئێستا 45 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بەبێ هەژمارکردنی زیانی بنکە سەربازییەکان.
لە بەشێکی تری راپۆرتەکەی سی ئێن ئێندا هاتوە؛ کۆنگرێس رەخنە لە وەزارەتی جەنگی وڵاتەکەی گرتوە، بەهۆی تەمومژاویبوون و ناڕونی زانیارییەکان لەسەر زیانەکان.
ئیسرائیل تابلۆكانی كونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیای لە قودسی رۆژهەڵات لێكردەوە و کونسوڵ و دیپلۆماتكارانی ئەو وڵاتەش ئیسرائیل جێدەهێڵن.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لەگەڵ كۆتایی هاتنی وادەی 30 رۆژەی دیاریكراو لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە، دوێنێ شەو تابلۆی رەسمیی كونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە قودسی رۆژهەڵات لێكرایەوە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، کونسوڵی گشتی و 20 دیپلۆماتکاری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە قودس خاکی وڵاتەکەیان جێدەهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، رێگەیان بە کونسوڵخانەی بەریتانیا لە قودس داوە کە بەردەوام بێت لە کارەکانی، بەڵام بە شێوەیەکی سنوردار.
لەلای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، باڵەخانەی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە قودس داناخرێت و لەمەودوا بە ناوی "نوێنەرایەتیی بەریتانیا لە قودس" کارەکانی بەردەوام دەبێت.
دوای بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ داخستنی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە قودس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەوەشی خستەڕوو، هیچ رێکارێکی هاوشێوە بەرانبەر ئیسرائیل ناگرنەبەر.
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیە بەڵام گومانی لە بردنی هەیە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جارێكی تر رایگەیاند، ئەو شایەنی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە بۆ ساڵی 2026، بەڵام تەنها دوو ڕۆژ پێش ڕاگەیاندنی براوەی خەڵاتەكە، گومانی خۆی دەربڕی دەربارەی دەرفەتەكانی بەدەستهێنانی.
ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژی هەینی لیژنەی نۆبڵی نەرویژی كۆدەبێتەوە بۆ دیاریكردنی براوەی خەڵاتی ئاشتی بەڵام باوەڕناكەت ئەو هەڵبژێرن چونكە ئەوان پێوەرەكانیان جیاوازە كە رەنگە خەڵاتەكە نەبەخشنە كەسانی وەكو ئەو.
سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی خستەڕوو، هەستی بە شانازی كردووە كاتێك لە كانوونی دووەمی رابردوودا، ماریا كۆرینا ماچادۆ سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا، مەدالیای خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی 2025ی پێشكەش كرد كە خۆی بەدەستی هێنابوو.
ترەمپ پێی وایە لەسەر بنەمای بەشداربوونی لە هەوڵەكانی چارەسەركردنی هەشت ململانێ لە دوای وەرگرتنی دەسەڵاتەكەیەوە، شایەنی خەڵاتەكەیە.
سەركردەكان لە كامبۆدیا، ئیسرائیل و پاكستان رایانگەیاندووە، كە ترەمپیان بۆ خەڵاتەكە كاندید كردووە، لە كاتێكدا ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەكردووە، هیچ رێگەیەك نییە بۆ پشتڕاستكردنەوەی دروستیی ئەو كاندیدكردنانە.
دواى گیانلەدەستدانى فەرمانبەرێکی تاقیگە لە پەیمانگەیەکی تایبەت بە توێژینەوەی نەخۆشیی تاعون لە سيبيريا، دۆناڵد ترەمپ رەخنە لە بێدەنگیی مۆسکۆ دەگرێت و تەندروستیی روسیاش دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، روسیا سەبارەت بە روداوەکەی نەخۆشیی تاعون زانیاریی زۆر ئاشکرا ناکات، رێک وەک ئەوەی چین لە بەرانبەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئەنجامی دا.
ترەمپ سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو فەرمانبەرە ئاماژەی بەوەکرد، بڕوا ناکات روداوەکە پەیوەندیی بە بەرهەمهێنانی چەکی بایۆلۆجییەوە هەبێت و وتیشی، "روسیا جەخت دەکاتەوە کە بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و ئێمەش خەریکی پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانین."
لە بەرانبەردا، ئاژانسی تەندروستیی گشتیی روسیا بوونی هەر مەترسییەکی بڵاوبوونەوەی پەتای لە شاری 'ئێرکۆتسک' و ناوچەکانی دەوروبەری لە سیبیریای باشوری رۆژهەڵات ڕەتکردەوە و ئاشکرایکرد، چاودێریی پزیشکی بۆ زیاتر لە 90٪ی ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ کۆچکردووەکەدا هەبووە کۆتایی پێهاتووە و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکە تێیاندا بەدی نەکراوە.
هاوکات دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن ' رایگەیاند، روسیا رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لە زانیارییەکانی تایبەت بە باری تەندروستی و هەوکردنی سییەکان لە ناوچەی ئێرکۆتسک ئاگادار کردووەتەوە.
لە یادی 74 ساڵەی لەدایکبوونی ڤلادیمێر پوتندا، کیم جۆنگ ئۆن پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆکی روسیا دەکات و جەنگی ئەو وڵاتە بە "پیرۆز و دادپەروەرانە" وەسف دەکات.
کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکور بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیاوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد و رایگەیاند، ئەو جەنگە دادپەروەرانە و پیرۆزەی گەلی روسیا بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی وڵاتەکەیان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەیبەن بەڕێوە، سەرەنجام بە سەرکەوتن کۆتایی دێت.
لەنێو پەیامەکەیدا کە ئاراستەی پوتنی کردووە، کیم جۆنگ ئۆن ئاماژەی بەوە کردووە: "دۆستی ئازیزم، ڤلادیمێر پوتن، گەرمترین پیرۆزباییم ئاڕاستە دەکەم؛ شانازی دەکەین بە بوونی پەیوەندییەکی بەهێزی هاوڕێیەتی لە نێوانماندا و کردنەوەی بەشێکی نوێ لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات."
سەرۆکی کۆریای باکور جەختیشیکردەوە، قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژی و هاوپەیمانییەتی لەگەڵ روسیادا، بڕیارێکی نەگۆڕ و سیاسەتێکی راسپێردراوی حکومەتەکەیەتی و بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی پشتگیری تەواو بۆ موسکۆ.
ئەم پەیامەی کیم جۆنگ ئۆن لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ 7ـی تشرینی یەکەم، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا یادی 74 ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە.