ترەمپ: بودجەیەكی سەربازیی نوێ بە بڕی یەك تریلیۆن و 500 ملیار دۆلار بۆ ساڵی 2027 پێشكەش دەكەین
یەحیا
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، واشنتۆن بودجەیەكی سەربازیی نوێ بە بەهای یەك تریلیۆن و 500 ملیار دۆلار بۆ ساڵی 2027 پێشكەش دەكات.
ترەمپ لە كاتی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی یەدەگی فیدراڵیدا جەختی كردەوە كە ڕێگە بە ئێران نادەن ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و تاران بە توندی پەرۆشی ڕێككەوتنە لەگەڵیاندا.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمریكا گورزی توند و بەهێزی لە ئێران وەشاندووە كە هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەمدا نەهێشتووەتەوە.
هاوكات، ڕاپۆرتە ڕۆژئاوایییەكان ئاشكرایان كردووە كە پێنتاگۆن خەریكی هەڵسەنگاندنی كۆگای موشەكە بەرگرییەكانیەتی دوای ئەوەی لە جەنگی دژ بە ئێراندا بەشێكی زۆری لێ بەكارهێنا.
بەپێی زانیارییەكان، ئەمریكا زیاتر لە 200 موشەكی سیستمی ساد و 100 موشەكی تری ستانداردی بۆ بەرگریكردن لە ئیسرائیل تەقاندووە، ئەمەش نیگەرانیی لەبارەی ئامادەیی سوپاكەی دروستكردووە.
ئەم پێشهاتانە لەكاتێكدایە كە ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو ململانێكان لەگەڵ ئێراندا بەمزووانە كۆتاییان دێت.



