جیهانجیهان

نزیكەی 24 سەعاتە فڕۆكەوانێكی سەر بە كەشتی فڕۆكە هەڵگری جۆرج بۆشی ئەمریكی لە دەریای عەرەبیدا بێسەروشوێنە و تیمەكان سەرقاڵی گەڕانن بە دوایدا.

كەشتیگەلی دەریایی پێنجەمی ئەمریكا رایگەیاند، هەلیكۆپتەرێكی سەر بە كەشتی یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بۆشی ئەمریكی لە دەریای عەرەبیدا تێكشكاوەو سێ لە ئەندامانی تیمی هێلیكۆپتەرەكە رزگاركراون، بەڵام فڕۆكەوانەكە هێشتا بێسەروشوێنە.

بەپێی راگەیەنراوی كەشتیگەلی دەریایی ئەمریكا، لە نیوەڕۆی دوێنێوە گەڕان بەدوای فڕۆكەوانەكەدا بەردەوامە، بەڵام هێشتا ناسنامەكەی ئاشكرا نەكراوە.

دەشڵێت، هیچ ئاماژەیەك نییە كە روداوەكە بەهۆی بەئامانجگرتنی هێلیكۆپتەرەكەوە بووبێت یان كێشەی تەكنیكی بێت، بەڵام لێكۆڵینەوە لەوبارەوە دەستیپێكردووە.
  

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ئاڕاستەیەکی زۆر باشدا بەڕێوەدەچن و ئیدارەی واشنتۆن دەیەوێت دەرفەتێکی راستەقینە  بدات بۆ  سەرکەوتنی پڕۆسەی گفتوگۆکان.

ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، رێنماییەکانی سەرۆکی ئەمریکا رونن بۆ پێشڕەویکردن بەرەو ئیمزاکردنی رێککەوتنێک و دانوستانکردن بە نیازپاکی و لە ئێستاشدا وەفدە تەکنیکییەکان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ ئێرانییەکان و لایەنەکانی تر کۆدەبنەوە بۆ تاوتێکردنی وردەکارییەکان و پرسی ئاسایشی هێڵەکانی دەریاوانی.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجێکیان دەستنیشانکردووە و هەنگاوی زیاتریش بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی ئێرانییەوەکان.

ناوبراو ئەوەشیخستوەتەڕوو، هەست بە گۆڕانکاری دەکەن لە دەسەڵاتدارانی ئێراندا و بەشێکی زۆریان دەیانەوێت لاپەڕيیەکی نوێ هەڵدەنەوە و درک بە پێویستی گۆڕینی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن.

جەی دی ڤانس نیگەرانی وڵاتەکەشی لەبارەی مەلەفی ئەتۆمییەوە نەشاردەوە و رایگەیاند، لە قۆناغەکانی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەستپێدەکەن، بەڵام هۆشداریشی دا، ئەگەر ئێران هەوڵی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات یان دەستبکاتەوە بە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان، ئەوا هاوکێشە و حیساباتەکانی واشنتۆن بە تەواوی دەگۆڕێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پرۆسەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوەدەچێت و تاران هەنگاوێکی گەورەی بەرەو رێککەوتن بڕیوە.

وتیشی، رێگە نادەن ئێران چەکی ئەتۆم بەدەستبهێنێت و واشنتۆن بەردەوام دەبێت لەسەر رێڕەوی داماڵینی چەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە هەفتەی رابردوو گورزی بەهێزیان لە ئێران وەشاندووە، بەڵام لە ئێستادا ئاراستەی کارەکان ئەرێنین.

ئەوەشی روونکردەوە، هەمووان سوودمەند دەبن لە دەرئەنجامە ئابورییەکانی ئەم رەوشە، بەتایبەت بەرزبوونەوەی بازاڕەکانی سەرمایە و دابەزینی نرخی نەوت و کاڵاکان لە بازاڕی فرۆشی تاکەکەسیدا
.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ئیسپانیا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە گەیشتە هەزار و 28 كەس و كەشناسی وڵاتەكەش دەڵێت: شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ گەرمترین ماوە بووە لە مێژووی ئیسپانیادا.

ماوەی نزیكەی مانگێكە شەپۆلێكی گەرمای توند ئەوروپای گرتووەتەوە و ئیسپانیاش بە یەكەم وڵاتی ئەوروپی دادەنرێت كە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانی تێدایە  و هەزار و 28 كەس بەهۆی شەپۆلی گەرمای مانگی رابردووەوە گیانیان لەدەستداوە.

 ئاژانسی نیشتمانیی كەشناسیی ئیسپانیا رایگەیاند، نیوەی یەكەمی ساڵی 2026 بە گشتی گەرمترین ماوە بووە كە لە مێژووی وڵاتەكەدا تۆماركرابێت، بە شێوەیەك تێكڕای پلەكانی گەرما 1.6 پلەی سیلیزی لە ئاستی ئاسایی بەرزتر بووە.

لەسەر ئاستی كۆی گشتی كیشوەری ئەوروپاش، شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و 328 كەس ، زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانیش لەناو بەساڵاچووان و ئەوانەدا بووە كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات لەداڕمانی تەواوەتی ئاژانسی  ئۆنروا و دەڵێت: بۆ بەردەوامبوونی كارەكانی پێویستی بە 100 ملیۆن دۆلارە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، هۆشداری دەدات لە داڕمانی تەواوەتی دەزگای فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاوارەكانی فەڵەستین ناسراو بە ئۆنروا و رایگەیاندووە،  ئەو دامەزراوەیە كورتهێنانی دارایی بەبری  100 ملیۆن دۆلار هەیە.

كورتهێنانی بودجەی ئۆنروا دوای ئەوە دێت كە هەریەك لە ئەمریكا و سوید  هاوكارییكردنی دامەزراوەكەیان راگرت.

 گۆتێرێس داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد ، بەپەلە هاوكاری دارایی پێشكەش بكەن، چونكە بەهۆی رێكارە توندەكانی ئیسرائیل و كەمبوونەوەی بودجە، چالاكییەكانی ئاژانسەكە بەرەو پەككەوتن دەچن.

گۆتێرێس دەشڵێت: ئۆنروا خزمەتگوزارییەكانی بە ڕێژەی 20٪ كەمكردووەتەوە ئەوەش دۆخی مرۆیی ناوچەكە خراپتر دەكات

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جەختدەكاتەوە لەوەی تا بە تەواوی حزبوڵا چەك دانەنێت، لە باشوری لوبنان ناكشێنەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەكانیان لە ناوچە سنورییەكانی باشوری لوبنان ناكشێنەوە تا حزبوڵا بە تەواوی چەك دانەنێت و دڵنیایی نەدرێت لەوەی چیتر نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.

ناتانیاهۆ لە كاتی بەسەركردنەوەی هێزەكانی سوپادا، داوای لێكردوون بە تەواوی ژێرخانی حزبوڵا لەناوبەرن بەتایبەت تونێلەكان، وتوشییەتی، هیچ شتێك لە دوای خۆتان جێمەهێڵن.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشكردووە، حزبوڵا گرنگترین هاوپەیمانی ئێرانە و لە ئێستاشدا تەنیا 8٪ی جبەخانە موشەكییەكەی حزبوڵا ماوەتەوە، كە پێشتر نزیكەی 150 هەزار موشەك و هاوەن بووە.

لەلایەكی ترەوە، تەنها هەفتەیەك لەدوای رێككەوتنی ئیسرائیل و لوبنان، جارێكی تر سوپای ئیسرائیل هێرشی كردەوە سەر باشوری لوبنان و ژمارەیەك خانوویان تەقاندەوە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دمیتری پۆلیانسکی، نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە رێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا درک بە مەترسیی ئاستی ئێستای پەرەسەندنی گرژییەکان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ روسیا ناکەن.

پۆلیانسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی روسی ئاماژەی بەوەشدا، پێدەچێت وڵاتانی ئەوروپا تێنەگەن کە روسیا بە رەوشێکی زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕێت و ئۆکراینیش دەخوازێت مۆسکۆ و وڵاتانی ئەوروپا پەلکێشی جەنگێکی راستەوخۆ بکات.

وتیشی، ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین چیتر ئارەزووی خۆی بۆ سیناریۆیەکی لەو شێوەیە ناشارێتەوە و گلەیی لە هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی دەکات بەهۆی ئەوەی نایانەوێت بەرەو روبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا هەنگاو بنێن.

هەفتەی رابردووش، ئەلێکساندەر گروشکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبوو وڵاتانی ئەوروپا  تا ساڵی 2030 خۆیان بۆ روبەڕووبوونەوە لەگەڵ روسیا ئامادە دەکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پەنابەران ناچار دەكات بڕی 10 هەزار پاوەند بۆ تێچووی نیشتەجێبوون و پشتگیرییە داراییەكانیان بدەن، و سەرپێچیكردنی بریارەكەش كاریگەری لەسەر مافی مانەوەیان دەبێت.

لە چوارچێوەی یاسای نوێی كۆچ و پەنابەریدا وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بریاردراوە ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان پێدەدرێت 10 هەزار پاوەندیان لێوەربگیرێت لەبەرانبەر تێچووی نیشتەجێبوون و ئەو هاوكارییە داراییەی پێش وەرگرتنی مافی پەنابەری پێیاندراوە.

لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوە و پاراستنیان پێدەدرێت هەر كاتێك توانای داراییان باشبێت دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدەن.

هاوکات، شەبانە مەحموود وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، دەكرێت  گۆرانكاری  لەو بڕە پارەیەدا بكرێت، بەڵام پابەندنەبوون بە بڕیارەكە كاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی پەنابەران دەبێت، بەتایبەتیش مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لەو وڵاتەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف وەک نێردراوانی ئەمریکا گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەندێک لایەنی تەکنیکیی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەوبارەیەوە رایگەیاند، کە جارێ کۆبوونەوەی ئاستی باڵا لەگەڵ ئێران ئەنجام نادرێت، بەڵکو تەنها وتوێژی تەکنیکی لەسەر پرسە ئەمنی و ئابوورییەکان بەڕێوەدەچێت.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە ئامانجیان جێبەجێکردنی رێککەوتنە کاتییەکەی نێوان واشنتۆن و تارانە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کردنەوەی گەروی هورمز، کە بەهۆی شەڕەکەی نێوانیان. پێوانەی بازرگانیی جیهانی نەوتی پەکخستووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەردوولا هێشتا یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەست و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمەتبار دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "شین و سپی" دژی ئێران رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە سوپای وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ.

کاتس لە کاتی پێشکەشکردنی کورتەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رەنگە سبەی خۆمان لە شەڕدا لەگەڵ ئێران ببینینەوە، ئەگەر ئێران مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات، ئەوا بە توندی هێرش دەکەینە سەری، باسی لەوەش کرد کە: سوپای ئیسرائیل چاوەڕێی ئەوە دەکات و لە دۆخی ئامادەباشیدایە، هەروەها تەلئەبیب هەڵوێستی خۆی بۆ ئیدارەی ئەمریکا روون کردووەتەوە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رونی کردەوە کە: هەڵگیرسانەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران رەنگە لە حاڵەتێکدا روبدات ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری راگرتنی دانوستانەکان و دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بدات، یان ئەگەر ئێران خۆی دەستپێشخەری بکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، دواجار وتیشی: سوپا رێنمایی پێگەیشتووە بۆ ئامادەکاری بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی (شین-سپی) دژی ئێران.

راشیگەیاند کە ئێران "هێشتا کۆگایەکی مووشەکی و توانای هاوێشتنی هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد کە: سوپا لە رووی بەرگری و هێرشبەرییەوە ئامادەیە، لە حاڵەتی پێویستیشدا رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بەرەی ناوخۆیی دەگیرێتەبەر.

کاتس ئاماژەی بەوە کرد کە "ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی هەر هەڕەشەیەک، رونی کردەوە کە "هەر تەقەکردنێک لەلایەن حزبوڵاوە، بە لێدان لە باشوری بەیرووت وەڵام دەدرێتەوە.

سەبارەت بە لوبنان، کاتس وتی: ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی لە باشوری لوبنان ناکشێتەوە، مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لەوێ وەک گرنگترین دەستکەوت کە بەدەستهاتووە و کشانەوە پێش داماڵینی چەکی حزبوڵا لە تەواوی لوبناندا رونادات.

وتیشی، سوپای لوبنان بە پاڵپشتی ئەمریکا، کار لەو ناوچەیەدا دەکات کە دەکەوێتە نێوان سنوورەکان و روباری لیتانی بۆ دوورخستنەوەی حزبوڵا، ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتۆن و تەلئەبیب پێکەوە لایەنگری راهێنانی یەکە تایبەتەکانی سوپای لوبنان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە.

هەروەها باسی لە دۆسیەی سوریا کرد و وتی: ئیسرائیل لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە لە ناوەوەی سوریا کۆنترۆڵی کردوون، و تەلئەبیب لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکات و بەرپرسیارێتی پاراستنی دروزەکان دەگرێتە ئەستۆ.

سەبارەت بە کەرتی غەززەش، کاتس رایگەیاند کە: ئیسرائیل رێگە بە دووبارە پڕچەککردنەوەی بزووتنەوەی حەماس نادات، و بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، ئەگەر چەکی حەماس بەگوێرەی مەرجەکان دانەماڵرێت، ئەوا خۆمان ئەرکەکە تەواو دەکەین.

لە کۆتاییدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لە گروپی ئەنساروڵڵا (حۆسییەکان) کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە: ئەوان هەڕەشەیەکی گەورەترن لەوەی کە بیرۆکەی لێدەکرێتەوە، رونی کردەوە کە: ئیسرائیل خۆی بۆ سیناریۆ جیاوازەکانی داهاتوو ئامادە دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وێستگەکانی فرۆشتنی سووتەمەنی لە وڵاتەکەیدا کرد کە دەستبەجێ نرخی بەنزین دابەزێنن، بەوپێیەی نرخەکانی ئێستا رەنگدانەوەی ئەو دابەزینە نین کە لە نرخی نەوتدا هەیە، هاوکات هۆشداریشی دایە بازرگانان لە دەرئەنجامەکانی بەرزکردنەوەی نرخەکان.

ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: پێویستە وێستگەکانی فرۆشتنی سووتەمەنی دەستبەجێ نرخەکانیان دابەزێنن! نرخەکان زۆر بەرزن لە کاتێکدا کە نرخی نەوت ئێستا 68 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک و بەرەو دابەزینی زیاتریش دەچێت.

وتیشی: پێویستە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی تاکەکەسی بە خێرایی وەڵامی ئەم لێدوانە بدەنەوە و ئەوە بکەن کە دەزانن راستە  نرخەکان بۆ گەلە مەزنەکەمان لە ئەمریکا دابەزێنن! هیچ قۆستنەوەیەک لە نرخاندندا قبووڵ ناکرێت، چونکە ئەمە بە تەواوی نایاساییە ئەگەر فرۆشیارانیش ئەمە نەکەن، ئەوا کێشەی گەورە چاوەڕوانیان دەکات!.

ترەمپ وتیشی: دەستپێبکەن بە ئامانجکردنی نرخێک کە نزیک بێت لە 2.50 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک، هەروەها پێویستە ویلایەتی کالیفۆرنیاش دەستبەرداری سەپاندنی ئەم باجە قورسانە بێت لەسەر بەنزین.

بەم زووانە باجەکە لە نرخی خودی بەرهەمەکە بەرزتر دەبێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ئەمە قبووڵ ناکات، بەهەمان شێوە خەڵکی کالیفۆرنیاش کە بەهۆی ئەم باجە بێمانایانەوە لەلایەن حکومەتەکەی خۆیانەوە دەچەوسێنرێنەوە".

ترەمپ رەخنەی لەو باجانە گرت و داوای کەمکردنەوەی کردن، بەوپێیەی باری گرانی سەر شانی بەکاربەران زیاتر دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: کۆبوونەوەکەی سبەینێ لەگەڵ ئێران گرنگە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتۆن و تاران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەوانەیە کۆبوونەوەیەکی "زۆر گرنگ" بێت و دەرەنجامەکانی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکەون.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێشکەوتنی زۆر باشی بەدەستهێناوە لەو شەڕەی کە بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران دەستیپێکردووە و وتی: "سبەی سێشەممە خولێکی نوێی گفتوگۆکان لە دەوحە بەڕێوەدەچێت و تیمە تایبەتەکامان لە ئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ گەشتکردن بەرەو قەتەر."

ئەم لێدوانە ئەرێنییەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، سەردانی وەفدە تەکنیکییەکەیان بۆ قەتەر تەنها بۆ بەدواداچوونی بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیە و پەیوەندی بە هاتوچۆی لێپرسراوانی ئەمریکاوە نییە، بەڵام کۆشکی سپی بە رەسمی بەشداریکردنی نوێنەرانی باڵای خۆی وەک جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆفی لەو کۆبوونەوانەدا پشتڕاستکردووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، سبەینێ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، "ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە، کۆبوونەوەکەش سبەینێ سێشەممە لە دەوحە بەڕێوەدەچێت." جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئێران "هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

هاوکات ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی سبەینێ دەوحە جیاواز دەبێت لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی پێشوو کە لە سویسرا بەڕێوەچوون، چونکە ئەمجارە سەرنجی سەرەکی لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی گەروی هورمز و هێورکردنەوەی گرژییەکان دەبێت.

رۆیتەر ئاشکرایشیکردووە، وەفدە تەکنیکییەکانی ئەمریکا و ئێران، کە بەرپرسن لە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە دەوحە کۆدەبنەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە هێرشە پێچەوانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە لەرزۆکەکەی نێوانیانی دەکرد.

بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر راوێژکاری ترەمپ، بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

ئاژانسەکە روونیکردوەتەوە، وڵاتە نێوەندگیرەکان لە ئێستادا خەریکی دروستکردنی کەناڵی پەیوەندین بۆ رێگریکردن لە هەر گرژییەک و بڕیاریشە گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەردەوام بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، ویلایەتی لا گوایرای ڤەنزوێلای هەژاند، کە بە یەکێک لەو ناوچانە دادەنرێت کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەی لەم دواییانەدا وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

زانایانی بواری بوومەلەرزەزانی ناوخۆیی ئاماژەیان بەوە کردووە کە بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر 7:01ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی روویداوە، بە دووریی نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە شاری لا گوایرا، و قووڵییەکەشی نزیکەی 2.9 کیلۆمەتر بووە.

ئەم بوومەلەرزەیە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەدا دێت کە لە ماوەی رابردوودا ڤەنزوێلایان هەژاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێشتا پاشلەرزەکان لە ژمارەیەک ناوچە تۆمار دەکرێن، هاوکات دەسەڵاتداران بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی رەوشەکە و چاودێریکردنی پێشهاتەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی سەرەهەڵدانی ناکۆکیی نوێ لەسەر چەند دۆسیەیەکی سەرەکی، گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی ئەم هەفتەیەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سویسرا بە شێوازێکی کتوپڕ هەڵپەسێردران.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەو گفتوگۆیە تەکنیکییانەی کە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە لە سویسرا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەڕێوەبچن، بە شێوازێکی کتوپڕ هەڵپەسێردران؛ ئەمەش نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر ئایندەی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر واشنتۆن رایگەیاندبوو، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە سویسرا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوانیاندا ئیمزاکراوە، کە خۆی لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، سزاکان، و میکانیزمی ئازادکردنی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی تاراندا دەبینێتەوە.

پێشتریش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردبووەوە، گفتوگۆیە تەکنیکییەکان تیشک دەخەنە سەر لایەنە وردەکانی رێککەوتنەکە، ئاماژەی بەوەش کردبوو، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە ماوەی 60 رۆژدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیوای خواستبوو تاران پابەندی بەڵێنەکانی بێت.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا جیاوازی و ناکۆکی لە لێدوانی بەرپرسانی واشنتۆن و تاراندا دەرکەوتووە سەبارەت بە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی، لەوانەش، میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو پارە ئازادکراوانەی ئێران، گەڕانەوەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، و پرسی ئایندەی گەشتی دەریایی لە گەروی هورمز، کە پێدەچێت هۆکاری سەرەکیی راگرتنی گفتوگۆکان بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی نیشتمانیی تەندروستی گشتی لە فەڕەنسا رایگەیاند کە لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە وڵاتەکەدا بە رێژەی نزیکەی هەزار حاڵەت لە ئاستی ئاسایی زیاتر بووە، وە هۆشداری دا کە رەنگە ئاماری کۆتایی زۆر لەمەش زیاتر بێت.

لە بەیاننامەیەکی ئاژانسی تەندروستی گشتی فەڕەنسادا هاتووە: لە 24ی حوزەیرانەوە، نزیکەی هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیادە تۆمارکراوە بەراورد بەو حاڵەتانەی لە مانگەکانی رابردوودا سەرژمێری کرابوون جەختیش کراوەتەوە کە ئەم ئامارانە سەرەتایین و کۆتایی نین.

ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە ئەو ناوچانەی کە هۆشداریی پلە سوریان تێدا راگەیەندرا بوو، زیاتر کاریگەریی ئەم شەپۆلەیان بەسەرەوە بووە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییەوەیە کە 85٪ی کۆی گشتی حاڵەتەکان پێکدەهێنن.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدان لە ناو ماڵەکاندا تۆمارکراوە، بە جۆرێک بە رێژەی 40٪ بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی "ئیل دو فرانس" کە پاریسی پایتەخت و دەوروبەری لەخۆدەگرێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە: ئەم بەرزبوونەوەیە بیرخستنەوەیەکی گرنگە بۆ پێویستیی بەپەلە بە گرتنەبەری رێکاری هاوپشتی بەرانبەر بەو کەسانەی کە دابڕاون یان بەدەست تەنیاییەکی سەختەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ئاستی شارنشینییان بەرزە.

شایەنی باسە، ئەو شەپۆلە گەرما توندەی کە بۆ چەند رۆژێک فەڕەنسای خنکاندبوو و پلەکانی گەرما تێیدا لە زۆرێک لە ناوچەکان گەیشتبووە سەرووی 40 پلەی سەدی، لە رۆژی یەکشەممەوە دەستی بە کشانەوە و شکان کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...45678...616