رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، پێكهاتەیەكی بازنەیی و نادیار لە نزیك بنكە سەربازییە نهێنییەكەی ئەمریكا كە بە ناوچەی 51 لە ویلایەتی نیڤادا ناسراوە ئاشكرا دەكات، ئەوەش شەپۆلێكی بەرفراوانی لە گومان و لێكدانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست كردووە. 

ئەم دیمەنە كە لە رێگەی نەخشەكانی گوگڵەوە بینراوە، جارێكی تر پرسی بوونی تەنە فڕیوە نەناسراوەكان و چالاكییە نهێنییەكانی واشنتۆنی لەو ناوچە بیابانییەدا هێناوەتەوە بەرباس، بەتایبەت كە ئەم ناوچەیە بۆ چەندین دەیەیە وەك ناوەندی بیردۆزەكانی پیلانگێڕی و تاقیكردنەوەی تەكنەلۆژیای نادیار سەیر دەكرێت.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەم پێكهاتە نادیارە لە دووری نزیكەی 4 میل لە باكووری رۆژهەڵاتی بنكە سەربازییەكەوە رێژراوە. 
شوێنە ئاسمانییەكان نیشانی دەدەن كە بازنەیەكی گەورەی تەواو لە ناو جەرگەی بیابانی نیڤادا هەڵكەندراوە و لە ناوەڕاستەكەشیدا تەنێكی بەرز یان گردێكی بچووك دەبینرێت. 
ئەم رەوشە وایكردووە كە شوێنەكە لە ئاسمانەوە وەك نیشانەیەكی گەورە یان سەكۆیەكی نیشتنەوەی نادیار دەربكەوێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەكارهێنەران وێنەكان بە خێرایی بڵاو بكەنەوە و لێكدانەوەی جیاوازی بۆ بكەن.
لە كاتێكدا هەندێك پێیان وایە ئەمە شوێنی كەوتنی كەشتییەكی ئاسمانی یان دامەزراوەیەكی نهێنی تر بێت، شارەزایان و هەندێك لە چاودێران رەوشەكە بە شێوەیەكی تر دەبینن. 
ئەوان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەگەری زۆرە ئەمە تەنیا نیشانەیەكی كۆن بێت بۆ مەشقی بۆردومانكردن و راهێنانی ئاسمانی سەربازی كە مێژووەكەی بۆ سەردەمی جەنگی سارد دەگەڕێتەوە. 
ئەم جۆرە پێكهاتانە لە گۆڕەپانەكانی تاقیكردنەوەی سەربازی لە ناو بیابانی نیڤادا شتێكی باو بوون و بۆ مەبەستی جیاواز لە راهێنانەكاندا بەكار دەهاتن.
دیزاینی بازنەیی شوێنەكە و سروشتە كراوەكەی،گونجاو بێت بۆ راهێنانی فڕۆكەوانەكان و تاقیكردنەوەی سیستەمەكانی دیاریكردنی ئامانج و رادار لە ئاسمانەوە. 
جێی ئاماژەیە، هەرچەندە ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا لە ساڵی 2013دا بە رەسمی دانی بە بوونی ئەم بنكەیەدا نا، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری چالاكییەكانی بە نهێنی ماونەتەوە. 
ئەم نهێنیپارێزییەش بەردەوام دەبێتە هۆی فشار و دروستبوونی چیرۆكی جۆراوجۆر سەبارەت بە تاقیكردنەوە سەربازییەكان و پەیوەندییان بە بونەوەرە ئاسمانییەكانەوە ناوچەی 51 وەك یەكێك لە جێ مشتومڕترین شوێنە سەربازییەكانی جیهان دەمێنێتەوە. 
هەر دەركەوتنێكی نوێ لەو ناوچەیە، چەندە سادەش بێت، دەبێتە هۆی وروژاندنی گومانەكان سەبارەت بە بوونی بونەوەرە ئاسمانییەكان و تەكنەلۆژیا پێشكەوتووەكانی تر، چونكە لێپرسراوانی سەربازی ئەمریكا هێشتا ئامادە نین پەردە لەسەر هەموو ئەو رەوشە لابدەن كە لە پشت دیوارە بەرزەكانی ئەو بنكەیەوە روو دەدەن.