جیهانجیهان

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە دوورگەی خارگی ئێرانی کراوەتە ئامانج و لەژێر وێرانکاریدایە، هاوکات ڤیدیۆیەکی دروستکراوی بە ژیریی دەستکرد لەگەڵ پۆستەکەیدا هاوپێچ کردبوو.

ڤیدیۆکە دیمەنی کەسێکی تێدا بوو کە لە فڕۆکەوانێکی جەنگی دەچوو و لە پەنجەرەی کابینەکەیەوە سەیری دەکرد، لە خوارەوەش مووشەک بەسەر دامەزراوەکانی دوورگەکەدا دەبارین و کەشتییەکی جەنگیش دەتەقێتەوە و دەسووتێت.

هەروەها ترەمپ لە رێگەی "ترووس سۆشیاڵ"ەوە ڤیدیۆیەکی تری هاوشێوەی بڵاوکردەوە کە تێیدا بۆردوومانی ئەمریکی لە ڤیدیۆ خەیاڵییەکەدا ناوەوەی دوورگەکە دەکاتە ئامانج و دامەزراوە ئامادەکراوەکانی ناو دوورگەکە وێران دەکرێن.

ترەمپ وتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکات، و هەموو مینەکانی لێ لادراوە بە هاوکارییەکی زۆر سنوورداری وڵاتانی تر، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئێران بەردەوامە لەسەر دروستکردنی ئاڵۆزی و بێزارکردن.

وتیشی: واشنتۆن ناتوانێت بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتانەی کە لە تەنیشتی ناوەستن، ئێمە ملیارەها دۆلارمان خەرج کردووە بۆ هاوکاریکردنی هاوپەیمانەکانمان، لەوانەش وڵاتانی "ناتۆ" و کۆریای باشور، سەرەڕای رەتکردنەوەی هاوکاری لەلایەن ئەوانەوە کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای کردبوو.

لە پەرچەکرداری ئێراندا بەرامبەر بەم هێرشە، تەلەفزیۆنی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، مووشەک لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەوە بەرەو ئامانجەکانی ناوچەکە تەقێنراون، لە دوای هێرشەکەی ئەمریکا کە دوورگەی "لارک"ی کردبووە ئامانج.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی کۆشکی کرملن رایگەیاند، پێشنیازی بەستنی لوتکەیەک لە نێوان ڤلادیمێر پۆتین، دۆناڵد ترەمپ و ڤلۆدۆمێر زیلینسکی لە مێژە کراوە، بەڵام هەڵوێستی مۆسکۆ رونە؛  کۆبونەوەی لەو شێوەیە تەنها  بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکان دەبێت.

دیمیتری پیسکۆف، وتەبێژی کۆشکی کرملن لە بارەی جەنگی وڵاتەکەی و ئۆکراین رایگەیاند، لایەنی ئۆکرانی ئامادەییی جدی بۆ چونە ناو پرۆسەی ئاشتی نیشان نادات.

ناوبراو جەختیکردوەتەوە، بەو پێیەی تا ئێستا جیاوازییەکان بەتایبەت لە سەر بابەتی ناوچەیی و ئاسایش زۆر قووڵن، رێککەوتن ئاسان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ئاشتیین و وردەکاریی زۆریان تێدایە.

وتەبێژی کرملین ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ مەرجێکی پێشوەختە بۆ سازدانی ئەو لوتکەیە ئامادە نییە، بەڵام مۆسکۆ هێشتا بە کراوەیی بۆ دانوستان ئامادەیە و پێیانوایە هەر کۆبونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرکردەکان دەبێت کۆتایی و لوتکەی پرۆسەیەکی درێژخایەنی دانوستاندن بێت، نەک ببێتە جێگرەوەی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای گرێبەستە گەورەکەی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا لە بواری نەوتدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند دەیەوێت بە نەوتی ڤەنزوێلا یەدەگی نەوتی ستراتیژیی  ئەمریکا پڕبکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە پەیامێکیدا لە تروس سۆشیال، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەنیازە نەوتی ڤێنزیوێلا بۆ پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیژیی نەوتی وڵاتەکەی بەکاربهێنێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم یەدەگە نیشتمانییە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدندا بە تەواوی بەتاڵ کرابووەوە، بەڵام پرۆسەی پڕکردنەوەی لە رێگەی نەوتی ڤێنزیوێلاوە بەم زووانە دەستپێدەکات.

دۆناڵد ترەمپ جەختیکردوەتەوە، ئەم هەنگاوە وەک دیارییەکی ڤێنزیوێلا دەبێت بۆ گەلی ئەمریکا تاوەکو ئاسایشی وزەی وڵاتەکەیان پێ بەهێزتر بێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سکۆت بیسێنتی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆبونەوەی وەزیرانی دارایی و پارێزگارەکانی بانکی ناوەندیی جی 20 داوا دەکات تەواوی پەیوەندییە ئابوریی و بازرگانییەکان لەگەڵ تاراندا بپچڕێنن.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لە کۆبونەوەکەدا، کە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفەتەیە بەڕێوەدەچێت، سکۆت بیسێنت دەیەوێت بە گوشارخستنە سەر وڵاتانی جی 20 فشاری زیاتر بکاتە سەر تاران.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریداوەتە ئەو وڵاتانەی بەردەوامن لە کڕینی نەوتی ئێران یان ئاسانکاری بۆ مامەڵەی دیکە لەگەڵ تاران دەکەن، دەکەونە چوارچێوەی سزاکانی  ئەمریکاوە.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆبونەوەکە لە کاتێکدایە، جەنگی بەردەوام و داخستنی گەروی هورمز قورسایی لەسەر گەشەی ئابوری لە سەر جیهان و وڵاتانی جی 20 دروست کردوە و ئەو وڵاتانەش لە ژێر فشاری ئابوریدان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوابەدوای جەنگی ئەمریکا و ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، سەحنی جەنگە ئابورییەکانی رووکردە کەنەدا و دەستیکرد بە سەپاندنی رێژەیەکی زۆری باجی گومرگی بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەو وڵاتەدا.

لە بەرانبەریشدا، لایەنی کەنەدی و بەتایبەتیش مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، رەتیانکردەوە بچنەژێر هەژموونی داواکارییەکانی ترەمپ و راشیگەیاند: ترەمپ دەیەوێت بە زیادکردنی باجی گومرگی، رێگری لە کۆمپانیا بازرگانییەکانی کەنەدا وڵاتەکەیان بکات و ئاستەنگ لەبەردەمیاندا دروستبکات بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا.

دوابەدوای گوتارە توند و پڕ لە بەربەرەکانێکانی نێوان ترەمپ و کارنی، کەنەداش لە بەرانبەر بڕیارەکانی ئەمریکا و زیادکردنی باجی گومرگیدا، بڕیاریدا بە سەپاندنی باج بەسەر پۆڵا، شیرەمەنی، ئامێری کشتوکاڵی و ئەلیکترۆنیاتی ئەمریکیدا.

هاوکاتی ئەمانەش، دۆناڵد ترەمپ چەندین جار لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تروس سۆشیاڵ، وێنە و ڤیدیۆی دەریاچەی 'ئۆنتاریۆ'ـی بڵاوکردووەتەوە و بانگەشەی گۆڕینی ناوی ئەو دەریاچەیە بە 'دەریاچەی ئەمریکا' دەکات.



گۆڕینی ناوی دەریاچەیەک لەوانەیە سادە دەرکەوێت، بەڵام لە بنەڕەتدا هەڕەشەتەکی پراگماتیکانەی ترەمپە بۆ داگیرکردنی دەریچاکە، چونکە 'ئۆنتاریۆ' ئاوی شیرین و شیاوی خواردنەوە بۆ نۆ ملیۆن کەنەدی و ئەمریکی دابیندەکات و سەرچاوەیەکی گرنگیشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

 

لەلایەکی دیکەشەوە، وەک بڵێی سەپاندنی باجی بەرز و گۆڕینی ناوی دەریاچە سنورییەکان بەس نەبووبێتن، ئەمریکا هەوڵدەدات دەستی بە رێژەیەکی زۆری نەوتی ڤەنزوێلاش بگات و بیکاتە جێگرەوە بۆ ئەو نەوتەی لە کەنەداوە هاوردەی دەکات.

ئەمریکا بۆچی دەیەوێت جێگرەوە بۆ نەوتی کەنەدا پەیدا بکات؟
کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەمریکا بە وزەی کەنەدا، هێزی ئۆتاوا لە دانوستانەکاندا لاواز دەکات، ئەمەش لەگەڵ ئەو سیاسەتە گشتییەدا دەگونجێت کە دەیەوێت مەرجەکانی ئەمریکا بەسەر بازرگانییە سنورییەکاندا بسەپێنێت و سود و قازانجێکی زیاتر بۆ ئەمریکا مسۆگەربکرێت
.

یەکێکی دیکە لە قازانجەکانی ئەمریکا بۆ گۆڕنی نەوتی کەنەدی بە نەوتی ڤەنزوێلا ئەوەیە، تێچووی پاڵاوتنی نەوتەکەی ڤەنزوێلا و گواستنەوەشی هەرزانتر لەسەر ئەمریکا دەکەوێت، چونکە لەرێگەی کەشتیی نەوتهەڵگر و لەڕێگەی دەریاوە دەبێت و پێویست ناکات چیتر لەرێگەی بۆریی نەوتەوە و بە تێچوویەکی زۆرتر، نەوت بکڕێت.

سەرباری ئەوەش، تێرکردنی پاڵاوگەکانی ئەمریکا بە کەرەستەی خاوی هەرزان، تێچووی پاڵاوتنی دیزڵ، بەنزین و سووتەمەنی فڕۆکە کەمدەکاتەوە، ئەمەش وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ رێگریکردنە لە هەڵئاوسانی ناوخۆی ئەمریکا و وەشاندنی گورزێکی بەهێزیشە لە ئابوریی کەنەدا، چونکە رێژەی فرۆشی کەنەدا کەمدەکات و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئابوریی ئەو وڵاتە دادەنێت و ئەگەری ملکەچبوونیشی بە داواکارییەکانی ئەمریکا و قبوڵکردنی زیادبوونی باجە گومرگییەکان بەسەر کاڵاکانییەوە هەیە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی جیرۆسالیم پۆست، بریارە سبەینێ یۆنان بە رەسمی رێككەوتننامەیەكی سەربازیی مێژوویی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەهای سێ ملیار و 600 ملیۆن  دۆلار ئیمزا بكات، بە مەبەستی دروستكردنی سیستەمێكی بەرگریی ئاسمانیی پێشكەوتوو و فرەچین كە بە درعی ئەخیل ناوزەند كراوە.

رۆژنامەكە ئاماژەیبەوەشكردووە، ئەم رێككەوتنە بەرهەمی سێ ساڵ دانوستاندنی چڕی راستەوخۆی وەفدێكی رەسمی یۆنانی و وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلە، بەمەش تۆماری فرۆشتنی سیستەمی موشەكی ئارۆ_3 بە ئەڵمانیا لە ساڵی 2023 (كە بەهای 3.5 ملیار دۆلار بوو) دەشكێنێت و دەبێتە گەورەترین رێككەوتنی هەناردەكردنی سەربازی لە مێژووی ئیسرائیلدا.

یۆنان پێشتریش كڕیارێكی سەرەكیی كەلوپەلی سەربازیی ئیسرائیل بووە و چەندین جۆری موشەك، بۆمب و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لە كۆمپانیا ئەمنییەكانی ئیسرائیل كڕیوە، بەڵام پڕۆژەی "درعی ئەخیل" دەبێتە وەچەرخانێكی ستراتیژی لە توانای بەرگریی ئاسمانیی ئافێن دا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوە رەسمییەکان و میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، "یائیر" کوڕی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەهۆی بوونی هەڕەشە لەسەر ژیانی لە ئەمریکا، بەپەلە گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل.

لەو بارەیەوە، دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لەبەر رۆشنایی ئەم مەترسییەدا و دوای ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی ئەمنی بڕیاردرا بەپەلە رزگار بكرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل.

سەرەڕای ئەوەی شاباک سەرچاوەی هەڕەشەکەی دەستنیشان نەکردووە، بەڵام درکاندنی ئەم بابەتە تەنها چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە بنیامین نەتانیاهۆ ئاشکرای کرد ئێران پلانی بۆ بەئامانجگرتنی یەکێک لە کوڕەکانی دانابوو.

لەلایەکی ترەوە، تۆڕی تەلەفزیۆنی "نیوزماکس"ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە یائیر نەتانیاهۆ لە کاتی مانەوەیدا لە شاری میامی لە ویلایەتی فلۆریدا، ئامانجی پلانێکی ئێرانی بووە بۆ تیرۆرکردنی.

تۆڕەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی بەدواداچوونی یاسایی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە کە هەواڵگریی ئیسرائیل لە کانوونی یەکەمی 2025دا زانیارییان لەسەر ئەم پلانە دابوو و دەسەڵاتدارانی ئەمریکایان لێ ئاگادار کردبووەوە.

بەپێی زانیارییەکانی نیوزماکس، رێنمایی بە یائیر درابوو کە دەستبەجێ ناوچەکە جێبهێڵێت، سەرەڕای ئەوەی تیمی پاسەوانیی تایبەتی ئیسرائیلی بەبەردەوامی لەگەڵیدا بوون، بەرپرسە ئەمنییەکانیش ئەوەندە بەپەلە بوون کە کوڕەکەی نەتانیاهۆ رزگاربکەن تەنانەت دەرفەتی ئەوەی نەبووە کەلوپەلە تایبەتییەکانیشی لەگەڵ خۆیدا ببات و راستەوخۆ دوای وەرگرتنی فەرمانەکە گەڕاوەتەوە ئیسرائیل.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەی قوربانیانی لافاوەكەی سنووری نیپاڵ و هەرێمی تیبتی چین گەیشتە لانیكەم 750 كوژراو و زیاتر لە سێ هەزار بێسەروشوێن.

بەپێی دوا ئاماری دەسەڵاتدارانی نیپاڵ، 734 كەس لە خاكی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و 2498 كەسی دیكەش بێسەروشوێنن، لە بەرانبەردا ڕاگەیاندنە ڕەسمییەكانی چین گیانلەدەستدانی 16 كەس و بێسەروشوێنبوونی 546 كەسیان لە هەرێمی تبت پشتڕاستكردووەتەوە كە 261 یان هاووڵاتیی بیانین.

لە پێنجەمین ڕۆژی كارەساتەكەدا، حكومەتی نێپال داوای هاوكاریی تەكنیكی و دارایی بە بڕی پێنج ملیار دۆلار لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ ئاوەدانكردنەوە.

لە هەمان كاتدا نیپاڵ هۆشداریی بە تیمەكانی فریاگوزاری لە ناوچەكانی ڕاسوا و دەوروبەری داوە بەهۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئاستی ئاوی ڕووباری بوتیكۆشی.

لە لایەكی دیكەوە ئۆپراسیۆنی گەڕان دەستیپێكردووەتەوە و ئەمریكاش هاوكارییەكی بەپەلەی بە بڕی 3.6 ملیۆن دۆلار بۆ لێقەوماوان راگەیاندووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیان کەسی رەوانەی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست کردەوە، کە لەنێویاندا هاووڵاتیی ئەفغانی وئیرانی هەیە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر دادوەرێکی ئەمریکی پارێزبەندی لە رادەستکردنەوەیان پێبەخشیبوون بۆ ئەفغانستان وئیران.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لەسەر زاری ئەلما دەیڤد، پارێزەری گەنجێکی ئەفغانییە کە تەمەنی لە دەوروبەری 20 ساڵیدایە بڵاوی کردەوە، کە دادوەرێکی ئەمریکی بڕیاری پاراستنی لە ناردنەوەی بۆ ئەفغانستان دەرکردبوو، بەهۆی بوونی مەترسیی جدی لەسەر ژیانی لەلایەن تاڵیبانەوە.

پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، خێزانی ئەو گەنجە لە ئەفغانستان رووبەڕووی هەڕەشەی تاڵیبان بوونەتەوە بەهۆی هاوکاریی براکانی بۆ سوپای ئەمریکا.

روونیشی کردەوە کە یەکێک لە براکانی لە ئەمریکا دەژیت و لە ڕیزەکانی سوپای نیشتمانیی ئەفغانستاندا خزمەتی کردووە کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکادا هاوکار بوون پێش کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ساڵی 2021دا، هەروەها برایەکی تری فڕۆکەوان بووە و لەلایەن ئەمریکاوە مەشق و راهێنانی پێکراوە و دواتر لەلایەن بزووتنەوەکەوە کوژراوە.

لە لایەکی ترەوە، سافی ئەرفی، بەڕێوەبەری سیاسەتی مافەکانی پەنابەران و کۆچبەران لە رێکخراوی "هیوومان رایتس فێرست" پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەی دیپۆرتکردنەوەکە کە رۆژی شەممە لە بانگیی پایتەختی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست نیشتووەتەوە، 12 ئەفغانی و 8 ئێرانی تێدا بووە، لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری دیکە کە خەڵکی نیپاڵ و نیکاراگوئان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی و لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: پاراستنی ئۆکراین ئەرکی هەموو ئەوروپایە.

دۆناڵد تاسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا لە بڵاوکراوەکەیدا رایگەیاندووە: مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ رەوشی ناوچەکە و پێشهاتەکانی ئۆکراین و روسیا پێگەیاندووە و لە پێشهاتەکانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین ئاگداریکردووەتەوە.

وتیشی، وەک ئەوەی پێی راگەیەنراوە، بەرەوپێشچوونی روسیا لە جەنگەکەدا بەردەوامە، لەبەرئەوەی پێویستە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا هاوکاریی ئاسمانیی زیاتری ئۆکراین بکەن، چونکە ئاسایشی ئۆکراین ئاسایشی تەواوی ئەروپایە.

ئەوەشی ئاشکراکرد، شەش مانگی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت و هەم پۆڵەندا و هەم ئەندامانی دیکەی ناتۆش، پێویستە بۆ چەندین سیناریۆی جیاواز و پێشهاتی نوێ ئامادەبن، چونکە گێچەڵەکانی روسیا لە بەرانبەر ئەندامانی ناتۆ نابێت پشتگوێبخرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرەڕای گەمارۆ ئابورییە توندەکان بۆسەر ئێران، واشنتۆن بەپەلە بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە بۆ روبەڕوبونەوەی ئێران.

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاویکردوەتەوە، ئەمریکا بە پەلە بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست رەوانەکردوە و ئەگری زۆرە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بێت.

رۆژنامەکە، ئاماژەی بەوەکردوە، پێنتاگۆن هۆشداری دەدات لە دابەزینی مەترسیداری ئاستی تەقەمەنی و کۆگاکانی چەکی ئەمریکا لە ئەوروپا، بەهۆی رەوانەکردنی بەپەلەی بڕێکی زۆر لە موشەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی زانیاریی لێپرسراوانی سەربازیی ئەمریکا، کۆگاکانی وڵاتەکەیان لە ئەوروپا بۆ موشەکەکانی دژە-فڕۆکەی و موشەکەکانی زەوی-بۆ-زەویی گەیشتوونەتە ئاستێکی "سەرو مەترسیدار"، ئەمەش نیگەرانیی لای شارەزایانی سەربازی و لێپرسراوان  دروستکردوە، کە بەکارهێنانی ئەو بڕە هێزە چەکە توانای واشنتن بۆ بەپەرچدانەوەی مەترسییەکانی چین و روسیا لاواز بکات.

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵئاشکرا یکردوە،  پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی گواستنەوەی ئەو چەک و تەقەمەنیانە دەکات بۆ ڕۆژەڵاتی ناوەڕاست، سەرەڕای نیگەرانی و هۆشداری لێپرسراوە سەربازییەکان. ئەمریکا دژی ئەم کارە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی روسیا دەڵێت، وڵاتەکەی دەستپێشخەرییەکی نوێی لە پێناو پاراستنی ئێستا و داهاتووی خۆیدا گرتووەتەبەر و لە جەنگێکی بەردەوامدایە.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی جەنگێک بووەتەوە و لە پێناو پاراستنی ئێستا و داهاتووی خۆیدا دەجەنگێت، داواشی لە سەرجەم هاووڵاتییان، بازرگانان و کەرتە جیاوازەکان کرد هاوکار بن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی هاوبەش.

پوتن جەختی کردەوە، پێویستە سوود لە ئەزموونی سەربازیی سەربازەکانیان وەربگیرێت بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازی و مەدەنی، هاوكات ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرکی دەوڵەت و کۆمەڵگەیە پشتگیری لە بەشداربووانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بکەن تا لە بوارەکانی ئابوری، کارگێڕی و کۆمەڵایەتیدا خزمەت بکەن.

سەرۆکی روسیا داواشی لە ئاژانسی دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکان کرد رێکاری نوێ بۆ هاندانی سەرمایەگوزاریی کەرتی تایبەت لە پروژە کۆمەڵایەتییەکاندا بگرنەبەر و ڕەشنووسی پلانێک بۆ دیاریکردنی شارەزاییە مەدەنی و سەربازییەکانی داهاتوو ئامادە بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، گەروی هورمز بە رووی جووڵەی کەشتیوانیدا کراوەیە و توانای ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییەکان زۆر کەمبووەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" رایگەیاند، گەروی هورمز کراوەیە و هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە باڵادەستی و سەرکەوتن لە بەڕێوەبردنی گەروەکەدا بەدەستبهێنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێرانییەکان چیتر ئارەزووی ئەوە ناکەن واشنتۆن بگەڕێتەوە سەر رێگەی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان.

لە لایەکی ترەوە، لێپرسراوانی ئەمریکا بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، باڵانسی هێز لە گەروی هورمز بە تەواوی گۆڕاوە، لە دوای ئەوەی ئێرانییەکان لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەیانویست بەکارهێنانی داخستنی گەروەکە وەک کارتی فشار بەکاربهێنن. لێپرسراوێکی تری ئەمریکی وتویەتی: "ئێمە هاوکێشەکامان هەڵگێڕایەوە و باڵادەستیی ئەمریکا لە گەروەکەدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ ئێراندا".

بەپێی راپۆرتێکی ئەکسیۆس، لە سەرەتای جەنگەکەدا نرخی نەوت لە 72 دۆلارەوە بۆ 126 دۆلار بەرزبووەوە بەهۆی مەترسیی مینڕێژکردن و هێرشەکان، بەڵام دوای پەکی کەوتنی لێکتێگەیشتنەکانی مانگی حوزەیران، هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی یەکلایەنە و لە رێگەی هاوڕێیەتیکردنی کەشتییەکان، بڕینی رێگەی درۆن و موشەکەکان، و ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بۆردومانی دوو هەفتەیی، توانای سوپای پاسدارانیان کەمکردەوە.

لە کۆتاییدا، براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' بەدەستهێنانی "دەستکەوتێکی گەورە"ی راگەیاند و جەختی کردەوە کە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی لە گەروی هورمز بە تەواوی پاککراونەتەوە و لە ئێستادا ئاسایش بۆ رێڕەوەکە گەڕاوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆشکی پاشایەتیی نەرویج، ئەمڕۆ هەینی، کۆچی دوایی هارالدی پێنجەم، پاشای نەرویجی لە تەمەنی 89 ساڵیدا راگەیاند، دوای چەند هەفتەیەک لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانە.

لە ماوەی رابردوودا دۆخی تەندروستیی پاشا بە مەترسیدار وەسف کرابوو، بێ ئەوەی لە کاتژمێرەکانی پێش راگەیاندنی کۆچی دواییەکەیدا هیچ زانیارییەکی نوێ دەربارەی دۆخی تەندروستیی بڵاوبکرێتەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە بەردەم نەخۆشخانە و کۆشکی پاشایەتیدا کۆبوونەوە، و گوڵیان دانا و مۆمیا سوتاند، هەروەها وەک دەربڕینی خەمباری بۆ کۆچی دوایی پاشا سرودی نیشتمانییان وتەوە.

لە کاتژمێرەکانی کۆتاییدا، شاژن سۆنیا، میر ها کۆن جێنشینی پاشا، لەگەڵ میتە مارێت جێنشینی شاژن، و شازادە مارسا لویس، بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانی پاشایەتی لە نەخۆشخانە لە پەنای پاشادا ئامادەبوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چین، رۆژی هەینی، ئۆپراسیۆنەکانی رزگارکردنی لە ناوەندی ناوچەی زیانلێکەوتووی تیبت راگرت، ئەوەش بەهۆی مەترسیی رودانی لافاوێکی نوێوە، لە کاتێکدا هێشتا سەدان کەس لە ناوچە سنوورییەکەدا بێسەروشوێنن.

پەیامنێرێکی تەلەڤیزیۆنی رەسمیی (CCTV) لە شوێنی روداوەکەوە رایگەیاند: ئاوەکە دەستی بە رژان کردووە لە گۆلێکەوە کە بەهۆی کەڵەکەبوونی بڕێکی زۆر لە داروپەردوو و پاشماوەوە دروستبووە، و بەرەو سەنتەری سنووریی جیرۆنگ دەڕژێت لەو ناوچەیەی کە زیاترین زیانی بەهۆی کارەساتەکەوە بەرکەوتووە.

 ئاژانسی "فرانس پرێس" لە سەرچاوەکەوە گواستوویەتیەوە کە: فەرمان بە هەموو تیمەکانی فریاگوزاری دراوە لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و چاوەڕێی رێنمایی نوێ ببن.

تیمەکانی رزگارکردن 555 گەشتیاریان رزگارکرد کە لە تیبت گیریان خواردبوو، ئەوەش دوای روخانی زەوی داڕمانێکی کاولکەر لەسەر سنووری نێوان چین و نیپاڵ، وەک تەلەڤیزیۆنی رەسمیی وڵاتەکە ئاماژەی پێداوە.

کەناڵی (CCTV) باسی لەوەش کردووە کە تا بەیانی رۆژی هەینی 499 لە دانیشتووانی ناوچەکە و 555 گەشتیار لە ناوچەی کارەساتەکە رزگارکراون و گوێزراونەتەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە رەگەزنامەی گەشتیارەکان بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، نزیکەی 50 هەزار سەرباز بەشدارن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، و ئاماژەی بە سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنی پاککردنەوەی ئەو مینە دەریاییانە کرد کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی لە گەروی هورمز چێندرابوون.

ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەندراوێکی ڤیدیۆییدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکراونەتەوە و بەشدارن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامی بە بزوتنەوەی کەشتیوانیی بازرگانی دەدەن لە رێگەی گەروی هورمزەوە، و هەروەها جەختی لە سەرکەوتنیان کردەوە لە پاککردنەوەی ئەو مینە دەریاییانەی کە سوپای پاسدارانی ئێران لە رێڕەوە کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانی گەروەکەدا چاندبوونی.

روونیشی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا هاوکارییان کردووە بۆ تێپەڕبوونی نزیکەی 1500 کەشتیی بازرگانی بە گەروی هورمزدا، کە ئەو کەشتییانە نزیکەی 750 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستووەتەوە.

فەرماندەی سێنتکۆم راشیگەیاند، ئێران لە ناوەڕاستی تەمموزی رابردووەوە و لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکەوە، هیچ نەوتێکی لە پارێزگا و ئاوەکانی خۆیەوە رەوانە نەکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد: زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکە بەشدارن لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی گەمارۆدانی دەریایی بەسەر ئێراندا، و جەختی کردەوە: لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆکەوە هیچ کەشتییەک بێ مۆڵەتی ئەمریکا نەچووەتە هیچ بەندەرێکی ئێران و لێشی دەرنەچووە، و ئاماژەی بەوەش کرد: هێزەکانی ئەمریکا 75 کەشتییان ئاڕاستەگۆڕ کردووە و ناچاریان کردوون بگەڕێنەوە کە هەوڵیانداوە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران بشکێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
12345...629