وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، کۆمپانیای دانەغاز لە سەعات پێنج بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ١٢ی ١٠ی٢٠٢١ لەکێڵگەی کۆرمۆڵی غازی ھەڵدەستێت بەجێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی چاکسازیی کە ماوەیەکی زۆرە لەبەر بەرژەوەندی بەرنامەی کارەبای ھاووڵاتیان راگیرابوو، بەوەش بۆ ماوەی ٢٤ سەعات بڕی ھەناردەی غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کاتەکانی بوونی کارەبا.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز بەرنامەیەکیان داناوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەسەرکەوتوویی لەماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێبکرێت و کەمترین کاریگەریی لەسەر ماوەکانی کارەبا ھەبێت.
بڕیارە رۆژی سێشەممە دادگایکردنی ھەریەک لە ئومێد بەڕۆشکی و بەدەل بەرواری دوو چالاکوانی بادینان لە شاری ھەولێر بە ڕێوەبچێت، کە بە تۆمەتی ناڕەوای سیخوڕیکردن و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە دەستگیرکراون.
ئەوەش لە کاتێکدا چەند جارێک دادگایکردنی ئەو چالاکوانانە دواخراوە، ھاوکات تیمی رێکخراویسی پی تی بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان، داوای دادگاییەکی دەستبەجێ و دادپەروەرانە دەکات بۆ ئەو چالاکانەی بادینان، بۆ ئەوەی بتوانن بەزوویی بە خانەوادەکانیان شادببنەوە کە زیاتر لە ساڵێکە لەیەکتری دابڕاون.
ھەروەھا پێشتر کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان لەھەولێر رایانگەیاند:دەیانەوێت لە رۆژی دادگایکردنەکەدا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە بن و بەچاوی خۆیان ئەو تۆمەتانە ببینن کە دادگا روبەڕووی کەسوکاریان دەکاتەوە.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوو، "بەڵێنی خۆمان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئارام بەجێھێنا".
دەشڵیت، سوپاس بۆ گەلی عێراق و دەنگدەران و ھێزە سیاسیەکان.
"قوباد تاڵەبانی"جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە سەیدسادق رایگەیاند، پشتیوانیان لە نۆژەنکردنەوەی یاریگای قەزای سەیدسادق کردوە، ھاوکات چەند پڕۆژەیەکیش لە قەزاکە تەواو نەکراون، بودجە بۆ ئەو پڕۆژانەش تەرخانراوە.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیش رایگەیاند، دەبێت بە ئومێدێکی زیاترەوە ھەرێم بگەیەننە کەناری ئارامی و کارەکان بگوازنەوە بۆ بەغداد.
خالید شوانی سەرپەرشتیاری بازنەی دووی ھەڵبژاردن لە کەرکوک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بەڵگە عەرەب و تورکمان پیلانگێڕی گەورە و فراوانیان دژی کورد لە کەرکوک دەستپێکردووە و بەشێک لە عەرەبەکان دەستکاریی تۆماری دەنگدانیان کردووە و ناوی تیرۆرستانی داعشیان لە سیستەمەکە تۆمارکردووە، ھەروەھا کارمەندانی کورد لە کۆمسیۆنی کەرکوک لابراون، ھەر بۆیە سکاڵایان لە دژی ئەو کەسانە تۆمارکردووە کە کەسایەتی سیاسی گەورەی عەرەب و چەندین کەسی تر لە پارێزگاکە دەستیان لە پشت ئەو کارەوە ھەیە.
عەبدولکەریم عومەر ھاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا پێشوازی لە وەفدێکی بەلجیکی کرد و ھەردولا باسیان لە قەیرانی سوریا و بەشداری نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەری لە پرۆسەی سیاسی و چارەسەری قەیرانی سوریا کرد.
جورج دالماغنی سەرۆکی وەفدی بەلجیکا ستایشی رۆڵی خۆبەڕێوەبەری کرد لە پاراستنی خێزانی تیرۆرستانی داعش لە ناو کەمپەکان و داواش لە وڵاتانی ئەوروپاش کرد ھاوڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان و دادگایی بکرێن.
وەفدی بەلجیکا بەڵێنیشیدا بەردەوام بن لە ھاوکاریییەکانیان لە بواری ئەمنی و مرۆیی بۆ خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان.