لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ھاتووە، بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەو پێشھاتە ئەمنی و سنووربەزاندنە دەڕوانن و ئیدانەی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و کامپی ئاوارەکانی مەخموور دەکەن، کە شەھیدبوونی چوار ھاوڵاتیی مەدەنی و ھەشت برینداری لێکەوتەوە.

‏‎مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەشڵیت، "وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی قوربانیان، دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عێراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و لە رێگەی کەناڵە دیبلۆماسییەکانەوە حکومەتی تورکیا لەم پێشێلکارییە ئاگاداربکاتەوە". 

‏‎لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا رایگەیاندووە، کونسوڵی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان بانگھێشت بکرێت و روونکردنەوەی لێوەربگیرت، چونکە ھیچ بیانوویەک نییە بەھۆی سنووربەزاندنەوە خەڵکی مەدەنی لە رووی گیانیی و مادییەوە زەرەرمەندبن، خوێنی ھاوڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەکەین پیرۆزییەکانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێتە کلیلی چارەسەری کێشەکان.