ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا و لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت، بەڵام پلانەکە رووبەڕووی کاردانەوە و رەخنەی تووندی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووەوە و ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە: بڕیارەکەی ماکرۆن ئیسرائیل و ئەمریکای بەتەواوی توڕەکردووە.
ماکرۆن لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بڕیارەکەی ئاشکرا کرد و نامەیەکی ئاراستەی مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین کرد و تیایدا نیازی فەرەنسای بۆ دانپێدانان بە فەڵەستین و کارکردن بۆ رازیکردنی هاوبەری دیکە دووپاتکردەوە.
سەرۆکی فەرەنسا وتی: "بە پابەندبوون بە بەڵێنی مێژوویی خۆمان بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیارمدا فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت."
بەم هەنگاوە، فەرەنسا دەبێتە یەکەم وڵاتی گەورەی رۆژئاوا کە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت، ئەمەش ئەگەری هەیە هانی وڵاتانی دیکەش بدات هەمان رێچکە بگرنەبەر.
کاردانەوەی تووندی ئیسرائیل و ئەمریکا
هەواڵەکە تووڕەیی ئیسرائیل و واشنتۆنی لێکەوتەوە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیارەکەی بە "پاداشتکردنی تیرۆر و مەترسی دروستکردنی بریکارێکی دیکەی ئێران" ناوبرد. لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسی: "دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەم بارودۆخەدا دەبێتە سەکۆیەک بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل، نەک بۆ ژیانکردن لە تەنیشتیەوە بە ئاشتی."
لای خۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەنگاوەکەی بە "شەرمەزاری و خۆبەدەستەوەدان بە تیرۆر" وەسفکرد.
لە بەرامبەردا، مارکۆ رۆبیۆ، سکرتێری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "بە تووندی پلانی ماکرۆن بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین رەتدەکاتەوە." رۆبیۆ وتی: "ئەم بڕیارە بێباکانەیە تەنها خزمەت بە پڕوپاگەندەی حەماس دەکات و ئاشتی دوادەخات. ئەمە زلەیەکە لە روومەتی قوربانیانی حەوتیـی ئۆکتۆبەر."
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل ماوەی چەند مانگێکە لۆبی دەکات بۆ رێگریکردن لەم هەنگاوە و هۆشداری داوەتە فەرەنسا کە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا، رەنگە هاوکارییە هەواڵگرییەکان کەمبکاتەوە و ئاستەنگ بۆ دەستپێشخەرییە هەرێمییەکانی پاریس دروست بکات.
پێشوازی فەڵەستینی و هەڵوێستی وڵاتان
حسێن شێخ، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین، سوپاسی فەرەنسای کرد و لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند کە بڕیارەکەی ماکرۆن رەنگدانەوەی "پابەندبوونی فەرەنسایە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پشتیوانییەتی لە مافی گەلی فەڵەستین بۆ چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان."
پێشتریش، کەنەدا داوای لە ئیسرائیل کردبوو هەوڵی ئاشتی بدات و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە سەرکۆنەی "شکستهێنانی ئیسرائیلی لە رێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی خێرا لە غەززە" کردبوو و پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی دووپاتکردبووەوە.