نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی ١٦ی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان رایگەیاند، کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان یادگارییەکی گرنگی سەرۆک مام جەلال-ە و لە پێگەیاندنی ھێزی پێشمەرگە و سەربازی عێراقدا رۆڵێکی دیاری بینیوە.

وتیشی، دەرچوانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان دەبنە پارێزەری سەروەری عێراق و پاراستنی سەروەری عێراقیش لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە و پێویستە پاراستنی سەروەری ھەرێم لای ھەموو دەوڵەتان جێگەی بایەخ بێت.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، داوا لەحکومەتی عێراق دەکەم رووبەڕووی ئەو گروپانە ببنەوە کە ئارامی ھەرێمی کوردستان تێکدەدەن، چونکە ئارامی ھەولێر و نەجەف و ھەموو شارەکانی عێراق پێکەوەبەستراوەتەوە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند، پێشمەرگە بووەتە مایەی شانازی گەلی کوردستان دەبێت کۆتایی بە دەستوەردانی حزبی لەکاروباری پێشمەرگە بھێنرێت و لە شەڕی داعش ھاوبەش و پشتیوانی ھەموو ھێزە چەکدارەکان بوو داواکارین حکومەتی عێراق پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکەن.

وتیشی، دەبێت رێگە لە بەھێزبوونەوەی داعش بگرین و پێویستە بەزووترین کات لیوا ھاوبەشەکانی ھەرێم و عێراق دەستبەکاربن و ئۆپراسیۆنەکانی ئەم دواییەی پێشمەرگە و سوپای عێراق سەرکەوتوو بوون.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، دەبێت نیگەرانی خەڵکی ھەرێم بۆ ئێمە جێگەی بایەخ بێت و رێگە بگرین لە لەتبوونی ھەرێمی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، داھاتی ھەرێم بۆ سەرجەم فەرمانبەران و ھەموو خەڵکی کوردستانە و دەبێت ھەمووان بە یەکسانی لێی سودمەند بن و بڕیارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە لێکتێگەیشتن لە ھەموو ناوچەکان و بەبێ جیاوازی جێبەجێ بکرێن.