وەزیری پێشمەرگە: دەستکەوتی گەورەمان بەدەستھێناوە
کوردسات نیوز
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٢
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی ١٦ی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان رایگەیاند، سەرباری ئاستەنگ و لەمپەڕەکان لە چاکسازییەکانی ھێزی پیشمەرگە دەستکەوتی گەورەیان بەدەستھێناوە لە یەکخستنەوەی ھێزەکان و ھێنانیان بۆسەر وەزارەت و رێکخستنی میلاکات و قەدەغەکردنی کاری سیاسی لەناو پێشمەرگە.
وتیشی، داوا لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکەم بەھیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییەکان ھیچ ھێزێک و پێشمەرگەیەکی تر دابمەزرێت تەنھا لە رێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە ھێز و پێشمەرگەی نوێ دابمەزرێنرێن.
وەزیری پێشمەرگە داوایکرد زیاتر ھاوکاریان بن بۆ دروستکردنی ھێزێکی یەکگرتووی سەربەخۆی سەردەمیانە و دۆزی ئێستاش ئەوە دەخوازێت ھەمووان ھەست بە گیانی لێپرسراوێتی بکەن، چونکە ھەمووان دەزانن مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە و رۆژ بە رۆژیش مەترسییەکان زیاتر دەبن و تەنھا وبە ھێزێکی سەربازی تۆکمە دەتوانن کوردستان بپارێزن.
شۆڕش ئیسماعیل ئاشکراشیکرد، ھاوکارییەکانی ھاوپەیمانان بەردەوامیان ھەیە، بەڵام سەرنج و تێبینیان لەسەر کەموکورتی و کەلێنەکانی پرۆسەی چاکسازی ھەیە، دەخوازن ھەنگاوەکان خێراتر بکرێن و ھیچ ھێڵێکی سوور نەبێت لەسەر رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە.



