بۆ یەکەمجار لە کوردستان، شارەوانی کەلار بە سیستمێکی زیرەک خزمەتی ژینگەی شارەکە دەکات.
سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار لە هەنگاوێکی نوێ و پێشکەوتوودا، سەرۆکایەتیی سیستمێکی ئەلیکترۆنیی تایبەت بۆ کۆکردنەوە و بەدواداچوونی زبڵ و خاشاک ڕادەگەیەنێت.
شارەوانی کەلار رائگەیاند، هەر هاووڵاتییەکی لە هەر شوێنێکی شار ئەگەر زبڵ و خاشاکێکی بینی کە پێویست بە پاککردنەوە دەکات، دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە لەڕێگەی ئەو سیستمەوە تۆماری بکات و ئاگادارمان بکاتەوە.
دلێر حسێن، لێپرسراوی بەشی پڕۆژەکان لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەلار بە کوردساتی راگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی گرفتی فڕێدانی خۆڵوخاشاک، شارەوانیی کەلار (QR Code)ێکی داناوە کە دەبێتە پردێکی راستەوخۆ لە نێوان هاووڵاتیان و شارەوانی، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەڕێی سکانکردن و ناردنی وێنەوە لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار بکرێتەوە.
راشیگەیاند: "لە ئێستادا ئەو سیستمە دروستکراوە، بەڵام ویستمان کەموکوڕییەکانی چارەسەر بکەین و دوای تاقیکردنەوەی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی بنەماڵەی هەڤاڵ فەیسەڵ کەتۆ ئاغا کردووە.
دەقی پرسەنامەکە
بنەماڵەی سەربەرزی هەڤاڵ فەیسەڵ کەتۆ ئاغا
بە داخ و خەمێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هەڤاڵی تێکۆشەر فەیسەڵ کەتۆ ئاغا، نوێنەری پێشووی سەرۆک مام جەلال لە بادینان و برای شەهیدی سەنگەر ئەسعەد کەتۆمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەیان دەکەین کە نموونەیەکی باڵان لە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان.
بۆ ئەم ماتەمە هاوبەشی خەمتانین، لە خوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شادبکات، ئارامی و سەبووری بە هەموو لایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کەشناسیی هەرێم، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە و سبەینێش ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی کەم هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ کەشی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی ساماڵ دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ کەمێک نزم دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی کەم لە ناوچەکانی باشوری هەرێمی کوردستان هەیە،
هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ سبەینێ پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: 38 پلەی سیلیزی
پیرمام: 35 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 38 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە:37 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 39 پلەی سیلیزی
دهۆک: 38 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 39 پلەی سیلیزی
ئاکرێ:39 پلەی سیلیزی
گەرمیان:44 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران:27 پلەی سیلیزی
بۆ رێگریکردن لە روداوەکانی خنکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، گەشتوگوزار و بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ دانانی تابلۆی ئاگادارکردنەوە لە هاوینەهەوار و سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگاکە دەست پێکرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوەم تیمە هاوبەشەکان تیشکیان خستووەتەسەر ئەو شوێنە ئاوییانەی کە مەترسیی قووڵبوون و خنکانیان لێدەکرێت، بەتایبەتی لە هاوینەهەواری (ئەحمەدئاوا ــ سەرچاوەی زەڵم، دوانزە ئیمام، نەورۆڵی و سازان) و تابلۆی ئاگادارکردنەوەیان تێدا جێگیر کردوون.
بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئامانج لە دانانی ئەم تابلۆیانە هۆشیارکردنەوەی گەشتیاران و سەردانیکەرانە بۆ ئەوەی لە سەرچاوە ئاوییەکان نزیک نەبنەوە و مەلەوانی نەکەن، تاوەکو دووربن لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراوی خنکان. هاوكات داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران کراوە کە بە تەواوی پابەندی رێنماییەکان بن و هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ قەراغی ئاوەکاندا بکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابورییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابورییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان سەرجەم لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق کرایەوە، لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.
بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان خرانەبەر باس و بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، داوای یەکێتی، داوای خەڵکە بۆ باشترکردنی حکومڕانی و گەیشتن بە حکومەتێکی دادپەروەر و بەهێز کە توانای خزمەتکردنی تەواوی ناوچەکانی هەبێت بەبێ جیاوازی، ئێمە دەمانەوێت هاوبەشیی راستەقینە بنەمای کارکردن بێت.
لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەلبانیا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە فێریت هۆکسا، وەزیری کاروباری دەرەوە و ئەوروپای ئەلبانیا و ئێنێیا کاراکاچی، وەزیری پیشەسازی و وزەی ئەلبانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگیی کاری هاوبەش بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی سیاسی و ئابوری نێوان هەردوو وڵات و بڕیادرا لەسەر پێکهێنانی گروپێکی کاری هاوبەش لە پسپۆڕانی هەردوولا بۆ ئەوەی زەمینە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لە بوارەکانی گەشتوگوزار و بازرگانیدا بڕەخسێنن و هەروەها هەماهەنگی دروست بکەن بۆ ئاڵوگۆڕی پسپۆڕیی لە بوارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە خزمەتگوزارییەکاندا.
لە کۆبوونەوەش لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و وزەی ئەلبانیادا، باس لە ئەزمونی ئەو وڵاتە کرا لە چۆنییەتی پەرەپێدانی کەرتی وزە و بە تایبەتیش وزەی نوێبووەوە. لەمبارەیەشەوە جەخت کرایەوە لەسەر کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هەردوولادا.
جێگری سەرۆک وەزیران بە پێویستی زانی هێڵی ئاسمانی راستەوخۆ لەنێوان سلێمانی و تیرانادا بکرێتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیدەربێت لە دروستکردنی پەیوەندیی گەشتیاری و کولتووری و بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
تائێستا دەست بەڕێکارەکانی کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی نەکراوە، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایدەکات، ئەگەر بەغداد بڕی 120 ملیار دینار وەک داهات بگێڕێتەوە کێشەی گەورە بۆ موچە دروست دەبێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا وەزارەت هیچ هەنگاوێکی رەسمی بۆ کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان دەست پێ نەکردووە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، وەزارەتی دارایی لەبەردەم کێشەیەکی گەورەدایە، چونکە هێشتا کورتیی داهاتی مانگی رابردوو پڕ نەکراوەتەوە، هەروەها ئەگەر حکومەتی عیراق لەم مانگەش بڕی 120 ملیار دینار پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بگێڕێتەوە، ئەوا کێشەیەکی گەورە بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دروست دەبێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت ئەم مانگە زیاتر لە 50 ملیار دینار داهاتی نانەوتی کۆبکرێتەوە، لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی بڕی ئەو داهاتەی داوای لێدەکرێت لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا بەغداد هەر سورە لەسەر پێویستی دابینکردنی 120 ملیار دینار.
قوباد تاڵەبانی لەسەر بانگهێشتی رەسمی ئیدی راما، سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە چۆنییەتی دروستکردنی هەماهەنگی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لە بوارەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هەردوولادا کرا.
قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی ئەلبانیای کرد لە بوارەکانی چاکسازی و نوێکردنەوە و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا کە بەهۆی ئەم هەوڵانەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری دروست بووە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر کاری هاوبەش بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان کەرتی تایبەتی هەردوولا بە تایبەتیش لە بوارەکانی گەشتوگوزار و وەبەرهێناندا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و سەرۆک بافڵ سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ رۆڵی کاریگەری لە هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و دووپات لە کاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنەکان، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا و پەرەپێدانی کردەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندیی نیشاندا لەسەر تەرخانکردنی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی قیرکردن و شەقامسازیی گەڕەکی مامۆستایان لە چەمچەماڵ.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی 7ـی 2026، لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە نوێنەرانی گەڕەکی مامۆستایان (کە بە گەڕەکی 48یەکانیش ناسراوە) لە قەزای چەمچەماڵ کرا.
نوێنەری دانیشتوانی چەمچەماڵ داواکارییان پێشکەشی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران کرد بۆ خزمەتگوزاری گەڕەکی مامۆستایان (48کان)، بەرپرسی نوسینگەی داواکارییەکەی گەیاند بە جێگری سەرۆک وەزیران و رەزامەندی نیشاندا لەسەر تەرخانکردنی بڕی یەک ملیار و نیو دینار بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی پڕۆژەی قیرکردن و شەقامسازی لەو گەڕەکەدا.
جێی ئاماژەیە، هاوکاری و بڕیارەکانی ئەم کۆبوونەوەیە وەک قۆناغێکی تری گەشەپێدان و ئاوەدانی بۆ شاری چەمچەماڵ ئەژمار دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی بڕیاری کۆبونەوەکە، شارەوانی و قایمقامییەتی چەمچەماڵ راسپێردراون کە پێویستە لە زووترین کاتدا راستەوخۆ دەست بە کارکردن لە پڕۆژەی گەڕەکەکەدا بکەن، تاوەکو بە تەواوی کۆتایی پێدێت.
ئەم کۆبوونەوە و بڕیارانە هاوکاتن لەگەڵ بڕیاری دوێنێ یەکشەممە، 5ی تەمموزی 2026، قوباد تاڵەبانی بە دابینکردنی بەشێک لە بودجەی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ، کە راستەوخۆ شاری چەمچەماڵ و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن.
هاوکات، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا چەند پڕۆژەیەکی تری خزمەتگوزاری، وەک دانانی بەردی بناغەی چەند قوتابخانەیەک و باخچەیەکی ساوایان لە قەزاکەدا رابگەیەنرێن.
هەر لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا و لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەفتەی داهاتوودا لە ناحیەی تەکیەی جەباری، بە بڕی 158 ملیۆن دینار پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای (بانی مەقان - تەکیەی جەباری) دەچێتە بواری جێبەجێ کردن.
لە نەشتەرگەرییەکی دەگمەندا، لە سلێمانی توانرا گرێیەکی 20 سانتیمەتری لە منداڵدانی ژنێکدا دەربهێندرێت و هیوای منداڵ بونی بۆگەڕێندرایەوە.
تەندروستی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، لە دەستکەوتێکی پزیشکیی نوێدا، تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاری لە شاری سلێمانی، سەرکەوتووبوون لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی ورد و دەگمەن بۆ دەرهێنانی گرێیەکی گەورە لە منداڵدانی خانمێکی تەمەن 25 ساڵ، کە قەبارەکەی دەگەیشتە 20 سانتیمەتر.
ئاماژەین بەوەشکردوە، گرێیەکە ببوە رێگر لەبەردەم پرۆسەی منداڵبوونی چارەخوازەکەدا و دوای دەرهێنانی گرێیەکە هیوای بۆگەڕێندرایەوە.
تەندروستی سلێمانی دەڵێت؛ نەشتەرگەرییەکە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە بە سەرپەرشتی پزیشکانی پسپۆڕ (د. سۆما تاهیر و د. کانی فەرەیدون) و بە هاوکاری تیمی بێهۆشکاری و کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکە ئەنجامدرا.
تیمەکە توانییان بە لێهاتووییەکی بەرزەوە گرێیەکە بە تەواوی دەربهێنن بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە شانە و پێکهاتەی منداڵدانی نەخۆشەکە بگەیەنن و پرۆسەکە بە سەرکەوتووییەکی بێوێنە کۆتایی هات و لە ئێستادا باری تەندروستی نەخۆشەکە جێگیرە.
عەبدولـلەتیف ئەحمەد، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: هەرچەندە لەلایەن ئەوقافەوە پێم راگەیەندرا کە بەردەوام بم لە پێشکەشکردنی وتارەکانم، بەڵام من چاک دەزانم کە فشاری زۆر و قورسیان لەسەرە و ئەوەی لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت، پیلانێکی زۆر گەورەترە لەوەی دەبینرێت، بۆ ئەوەی باری سەر شانی ئەوانیش سووک بکەم و ڕێگری لە هەر گرژییەک بکەم، بڕیارم دا بۆ ماوەیەک پشوویەک بدەم و وتار نەدەم.
دەقی راگەیەندراوەکە
ئاگادارییەک بۆ موسوڵمانانی خۆشەویست و لایەنی پەیوەندی دار..
السلام عليكم ورحمة الله وبركاته
وەک هەموان ئاگادارن، لە ماوەی ڕابردوودا بڕیارێکی ناڕەوا و بێ بنەمای یاسایی دژی من دەرکرا، کە بەو هۆیەوە لە وەزیفەکەم دوورخرامەوە. بەڵام وا دیارە نەیاران و خاوەن دڵە نەخۆشەکان هێشتا ئۆقرەیان نەگرتووە و ئیسراحەتیان نەکردووە، بۆیە فشاری زۆریان خستووەتە سەر بەڕێوبەرایەتی ئەوقاف بەمەبەستی ڕێگریکردن لە وتاردانم.
لێرەوە بە پێویستی دەزانم ئەم چەند خاڵەتان بۆ ڕوون بکەمەوە:
- هەرچەندە لەلایەن ئەوقافەوە پێم ڕاگەیەندرا کە بەردەوام بم لە پێشکەشکردنی وتارەکانم، بەڵام من چاک دەزانم کە فشاری زۆر و قورسیان لەسەرە.
- ئەوەی لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت، پیلانێکی زۆر گەورەترە لەوەی دەبینرێت.
- بۆ ئەوەی باری سەر شانی ئەوانیش سووک بکەم و ڕێگری لە هەر گرژییەک بکەم، بڕیارم دا بۆ ماوەیەک پشوویەک بدەم و وتار نەدەم.
- ئەم دوورکەوتنەوەیە کاتی دەبێت، تا ئەو کاتەی لە ڕێگەی دادگاوە بە پشتیوانی و سەرکەوتنی خوای گەورە، هەموو مافە یاسایی و شەرعییەکانی خۆم وەردەگرمەوە.
سپاسی بێپایان بۆ پشتگیری، دڵسۆزی و نزاکانی ئێوەی ئازیز. تکایە لە دوعای خێر بێبەشمان مەکەن.
دكتور عبداللطيف أحمد
5 / 7 / 2026 م
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، تیمی کۆمپانیای هابیکا کۆبوەتەوە و بەدواداچونی کردوە بەدواداچونی کردوە بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی هەردوو پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ و هێڵی 3ـی دوکان – سلێمانی، جەختیشی کردوەتەوە لە تەواو کردنی پرۆژەکان لە وادەی خۆیاندا.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیاریداوە لەسەر خەرجکردنی بەشێک لە بودجەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ و دەسخۆشیشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کردوە، چونکە سەرکەوتوانە کارەکان جێبەچێ دەکەن.
هەروەها جەختیشیکردوەتەوە، بۆ ساڵی 2026 پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە کارە لە پێشینەکانیان دەبێت و پێویستە ئەو پڕۆژەیە لە وادەی خۆیدا تەواو بکرێت.
جێی باسە، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە ساڵی 2024وە بە گوژمەی 139 ملیار دینار کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی 730 رۆژدا تەواو بکرێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە جگە لەوەی کێشەی ئاوی چەمچەماڵ بە یەکجاری چارەسەر دەبێت، کەرتی کشتوکاڵ لە قەزاکە دەبووژێنێتەوە و زیاتر لە 30 گوندی ناوچەکەش لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند،دەست دەکەن بە دابەشکردنی هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی پێنج.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە؛ ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) رێکارە دارایی و ژمێڕیاریەکان تەواو دەکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای تەواو کردنی رێکارەکان، رۆژی دووشممە(6ـی 7ـی2026) دەست دەکەن بە دابەشکردنی هاوکارییەکە بەسەر پێشمەرگەکاندا.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی دۆسییەی د. عەبدوللـەتیف ئەحمەدی ئاڕاستەی داواکاریی گشتیی کرد و داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست دەکات.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی، لە نووسراوێکی رەسمیدا کە ئاڕاستەی فەرمانگەی داواکاری گشتیی لە سلێمانی کردووە، داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکات بەرانبەر (د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد مستەفا)، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، ئەوەش دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لەسەر دۆسیەی نامە دەنگییەکانی.
بەپێی نووسراوەکە، کە ئیمزای د. کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەسەرە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنەمای نووسراوی پێشووی داواکاری گشتی و لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە ئەنجامدراون بۆ گەیشتن بە ڕاستی و ناڕاستی ئەو نامە دەنگیانەی بڵاوبوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی راشیگەیاندووە، سەرجەم بەرایی و بەڵگەنامەکانی تایبەت بەم دۆسیەیەی هاوپێچ کردووە و رادەستی لیژنەی تۆمارکردنی داوای مافی گشتی لە داواکاری گشتی سلێمانی کردووە بۆ تەواوکردنی رێڕەوی یاسایی دۆسیەکە.
دەستەی گشتیی گومرکەکانی عیراق رێگریکردنی لە هەوڵێکی بەقاچاخبردنی بڕی 226 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک راگەیاند.
دەستەی گشتیی گومركەكانی عیراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، كارمەندانیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی كەركوك توانیویانە رێگری لە هەوڵێكی قاچاخچێتیكردنی بڕی 226 هەزار دۆلاری ئەمریكی بكەن.
بەپێی راگەیەندراوی رەسمی دەستەكە، پارەكە لە كاتی پشكنینی گەشتیاراندا لە هۆڵی بەڕێكردنی فڕۆكەخانەكە لەلای گەشتیارێك دۆزراوەتەوە، كە بەپێی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عیراق گواستنەوەی نایاسایی بووە. دوابەدوای روداوەكە، كۆنووسێكی رەسمی رێكخراوە و رێكاری یاسایی توند بەرانبەر تۆمەتبارەكە گیراوەتەبەر.
دەستەی گومركەكان جەختی لەوە كردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوبەرایەتی ناوەندەكە و بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدراوە. هەروەها دووپاتیان كردەوە كە پڕۆسەی چاودێری و پشكنینەكانیان بەردەوام دەبێت و بە توندی رووبەڕووی هەر هەوڵێكی قاچاخچێتی دەبنەوە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ئابوریی وڵات.