رێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزاکرا.
رێککەوتنەکە لەژێر ناوی 'هاوسەنگی و بوژاندنەوە'ـیە و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزا کرا.
ئەنجومەنی راژەی گشتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ دامەزراندن بە شێوازی گرێبەست لە فەرمانگەکانی حکومەت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، کۆی گشتی (9006) فۆڕمی داواکاری تۆمار کراون.
بەپێی راگەیاندراوەکە، ئەم ژمارە زۆرەی پێشکەشکاران کێبڕکێ لەسەر دەستخستنی تەنها (250) پۆست دەکەن کە (32) پسپۆڕیی جیاواز لەخۆدەگرێت.
بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری رای گشتی، ئەنجومەنی راژە بەشێک لە داتا سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی لە چوارچێوەی راپۆرتێکی شیکاریدا بڵاوکردووەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە کارکردن لەسەر ئەم پڕۆسەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بەردەوامە، و ئەنجامی قۆناغەکانی داهاتوو لە رێگەی سایتی رەسمی ئەنجومەنی راژەی گشتییەوە بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
دادگای تێهەڵچوونەوەی عیراق، سزای لەسێدارەدانی عەجاجی پەسەندکرد و دۆسیەکە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار دەکرێت.
دادگای تێهەڵچوونەوەی عیراق رایگەیاندووە: عەجاجی جەلادی ئەنفال تاوانی كۆمەڵكوژی ئەنجامداوە و ئەو هاووڵاتیانەی بەئامانجگرتووە کە لە ئەنفال جیاكراونەتەوە.
بەپێی بڕیاری دادگا، دۆسیەی عەجاج رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكرێت بۆ ئەوەی مەرسومی لەسێدارەكانی بۆ دەربكرێت.
ئەمڕۆ رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزا دەكرێت.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە رێوڕەسمێكدا لە شاری جوان، رێككەوتنی نێوان یەكێتی و نەوەی نوێ بەناوی هاوپەیمانی هاوسەنگی بوژاندنەوە ئیمزا دەكرێت.
ئامانجی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكە راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانیی و هاوسەنگی هێزە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.
چاوەڕوانیش دەكرێت، پێكهێنانی هاوپەیمانییەكە حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بباتە قۆناغێكی نوێوە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم جەخت لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکاتەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند، "لەگەڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازیمان کرد لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا".
ئاماژەی بەوەشكرد، "لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ پشتیوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپات کردەوە و هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بە جۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و تورکیادا بێت".
بنەماڵەی میر کەریم خانی برادۆست راگەیەندراوێكیان بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە؛ دوای دەست لەکار کێشانەوەی فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی لە ئەندامێتی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەموو لایەکی رون دەکەینەوە، کە بەڕێزیان تەنها دەستی لە کاری حزبی و ئۆرگانی لەڕیزەکانی یەکێتی کێشاوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە لە سەردەمی سەرۆک مام جەلال و میر کەریم خان بنیادنراوە بە پتەوی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت.
دەقی راگەیەندراوەکە
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خەڵکی ئازیز و خۆشەویست کوردستان
دوای دەست لەکار کێشانەوەی ڕێزدار “ فیصل کەریم خان برادۆستی لە ئەندامێتی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە بەڕێزیان تەنها دەستی لە کاری حزبی وئۆرگانی لەڕیزەکانی یەکێتی کێشاوەتەوە
ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە لە سەردەمی سەرۆک مام جەلال و میر کەریم خان بنیادنراوە بە پتەوی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت ،
ئێستاش چەند سایت و پەیج و ئەکاونتێکی بێ دایک و باوک نوسینی ئاست نزم و نەشیاو بڵاو دەکەنەوە لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەو جۆرە بۆچوون و نوسینانەی بڵاودەکرێنەوە بەهیچ شێوەیەک گوزارش لە بۆچوونی میرانی برادۆست ناکات و لێی بەرپرس نین
میرانی برادۆست بەهیچ شێوەیەک جیاوازیان نەکردووە لەنێوان خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەموو عەشیرەتەکانیش بەتایبەتی و
بەدڵنیاییەوە لە داهاتووش دا نایکەن
بنەماڵەی میر کریم خانی برادۆست
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە قوباد تاڵەبانیش بەشدار بوو، نوێترین پێشهات و گۆڕانکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ زانرا.
پرۆسەی ئاشتی خرایەبەر باس و سەرۆک بافڵ جارێکی دیکە پشتیوانیی یەکێتی بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە دووپاتکردەوە و وتی؛ ئێمە لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین تاوەکو ئەم هەنگاوە گرنگ و چارەنووسسازە سەربگرێت، بە ئامانجی زاڵکردنی پێکەوەژیان و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەرتاسەری کە لە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئارامیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کردەوە.
ئاگرێکی گەورە لە شاخەکانی بەرانبەر بە گوندی زەڵم لە هەورامان کەوتوەتەوە و بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان تا ئێستا کۆنتڕۆڵنەکراوە و خەڵکی ناوچەکەش داوای بەهاناوەچون دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سەریهەڵداوە و چەند گرتە ڤیدیۆییەک دەست کوردسات نیوز کەوتون، تێیدا خەڵکی ناوچەکە داوای بەهاناوەچون دەکەن و ئاگرەکە بەرەو فراوانبون دەچێت.
لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکە ژمارەیەک گەنج و هاووڵاتی ناوچەکە چونەتە شوێن روداوەکە و هەوڵی کوژاندنەوەیان داوە، بەڵام دوای ئەوەی نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەن تیمەکانی بەرگریی شارسانی قەزای خورماڵ چونەتە شوێن روداوەکە و لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان.
ئەو شوێنەی ئاگری لێکەوتوەتەوە، درەخت و پاوانی سروشتی لێیە و بەهۆی بونی باوە، کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی زەحمەت بووە و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە داوای بەهاناوەچون دەکرێت.
دوای دورخستنەوەی هەتاهەتایی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمەوە، پارێزەرانی د. عەبدولـلەتیف راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە و سزاکە رەتدەکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لیژنەکە ستەمی زۆریان لە د. عەبدولـلەتیف کردوە و پێشێلکاری زۆری یاساییان بەرانبەر کردوە و لە رێگەی دادگاوە تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، سکاڵا تۆمار دەکەن و بە هیچ شێوەیەک د. عەبدولـلەتیف سازش لە مافی خۆی ناکات و داوادەکەن دادگا شوێنی یەکلایکردنەوەی دۆسیەکەبێت.
دەقی راگەیەندراوەکە
بابەت/ڕوونکردنەوە
دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە کە ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی کە لەسەر بەڕێز دکتۆر(عبداللطیف احمد مصطفی)مامۆستایی زانکۆی سلێمانی پێکهێنراوە، پێشێلکاری یاسایی زۆریان بەرامبەر بەم کەیسە کردووە، بۆیە بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە بەڕێز دکتۆر(عبداللطیف آحمد مصطفی)بە بڕوابونی تەواوی بەخۆیەوە ، تانە لەم بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا دەدات سەبارەت بەسزادنی بە عزل کردنی لە وەزيفه،ئێمە ئەو بڕیارە بەنایاسایی دەزانین، وە گەورەترین ستەمە. وە بەڕێزیان هەرگیز دان نانێت بەو تۆمەتەی کە بۆی دروست کراوە ، وە ڕایدەگەیەنیین کە بەڕێزیان بەهیچ شێوەیەک تنازل لەمافی خۆی ناکەن لە پەنابردن بۆ دادگا، وە دادگا بەشوێنی یەکلایکردنەوی ئەم دۆسیەیە دەزانین و سکاڵاشمان کردووە ، بۆیە داواکارین لەسەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە وردی و بابەتیانە لەم دۆسییە بڕوانن وە بڕیاری پێشوەختە لەم دۆسیەیەدا نەدەن بنەما لەسەر ڕیزگرتن لەیاسا، وەڕێگەبدەن دادگا ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت لەم بارەیەوە.
پارێزەران:
عطا عثمان حسين و ئارام رضا سعيد
بريكارى(عبدالطيف احمد مصطفى)
پڕۆژەی "زانکۆی سەوز "(Green University)، کە پڕۆژەیەکی پێشەنگ و داهێنەرانەیە بۆ پەرەپێدانی ژینگەیی و زانستی لە هەرێمی کوردستان، بە چاودێری قوباد تاڵەبانی جێبەجێ دەکرێت.
ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاندووە: خۆشحاڵ بووم بە کۆبوونەوە و ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەپێز لەگەڵ دکتۆر محەمەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە سەبارەت بە هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەی "زانکۆی سەوز" (Green University)، کە پڕۆژەیەکی پێشەنگ و داهێنەرانەیە بۆ پەرەپێدانی ژینگەیی و زانستی لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشداوە: ئەم پڕۆژە نیشتیمانییە گرنگە لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش نیشانەی بایەخدانی قووڵی سەرکردایەتی سیاسییە بە چەسپاندنی بنەماکانی گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ژینگە لە پاڵ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی و کلتوریدا.
ژوان سابیر دەشڵێت: لە میانی دیدارەکەماندا، جەختمان لەسەر گرنگیی ڕەنگدانەوەی ئەم پرۆژە کرد لەسەر کەرتی گەشتیاریی کلتوری و زانستی، وەک قۆناغی دووەمی پرۆژەکە کار لەسەر گەشتیاری پەروەردەیی سەوز (Green Educational Tourism)دەکرێت، بە شێوازێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دیدگای نوێی ئێمە بۆ پێشاندانی ناسنامەیەکی مۆدێرن و ژینگەدۆست بۆ هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد.
بەپێی زانیاریی کوردسات نیوز: د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندی باڵای هەرێم، بڕیاریدا بە پەسەندکردنی راپۆرتی لیژنەکەی زانکۆی سلێمانی، کە (دورخستنەوەی هەتا هەتایی)ـیە بۆ د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد.
د. عیزەت سابیر ئیسماعیل جێگری وەزیری نەوتی عیراق لەبارەی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و دەنگۆی دەستگیرکردنی بەهۆی ئەنجامدانی کاری نایاساییەوە لەلایەن هەندێک میدیای فەرمی و نافەرمییەوە، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا تەواوی ئەو دەنگۆیانە بە ناڕاست ناودەبات.
دەقی رەگەیەنراوەکە:
روونكردنەوە
چەند رۆژێكە هەندێك پەیج و ئەكاونتی بێ خاوەن هەواڵێكی ناڕاستی لەسەر من بڵاو كردۆتەوە كە كاری نایاساییم ئەنجام دابێت و بریاری دەستگیر كردنم بۆ درابێت. ئەم هەواڵە دورە لە ڕاستییەوە و من لە ئیستەدا لە وەزارەتی نەوت بەردەوامم لە كاری ڕۆژانەی خۆم. ناراستی زانیاریەكە ئەوەیە كۆمپانیای داناگاز گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆ كردوە نەك وەزارەتی نەوتی عێراق. بۆری كۆرمۆر و كێڵگەی كۆر مۆر و بەرهەمی كۆر مۆر لای حكومەتی هەرێمە. من لە رۆژی دەست بەكاربونم تا ئێستا هەموو سالێك ئەستۆ پاكی دارایی خۆم پیشكەش بە دەستەی دەست پاكی عێراق كردوە و هەمیشە ئامادەم بۆ لیپرسنەوە. بۆیە بە مافی خۆمی دەزانم سكالا تۆمار بكەم لەسەر ئەو پەیج و ئەكاونتانە.
د عزت صابر اسماعیل
جێگری وەزیری نەوتی عێراق
نووسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی کۆمەڵێک دەنگۆ و هەواڵی میدیا رەسمی و نارەسمییەکانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکی راستیان نییە.
دەقی راگەیەنراوەکە:
ڕوونکردنەوەیەک لە نوسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد-ەوە:
لە دوای هەوڵ و هەنگاوە بەردەوامەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیکردن بۆ سەر ماڵ و سامانی گشتی، نوسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشی و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەردەبڕێت لە پێناو بنبڕکردنی گەندەڵی و بەدیهێنانی دادپەروەری.
بەڵام بەداخەوە، لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک کەناڵ، میدیا، پەیجی فەرمی و مۆڵەتپێدراو، جگە لە پەیجەکانی سێبەر، هەواڵ و بابەتێکی بێ بنەما و نادروستیان سەبارەت بە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوکردووەتەوە.
لەبەر ئەوە، نوسینگەی خاتوو شاناز بۆ هەموو لایەکی ڕووندەکاتەوە کە ئەو هەواڵ و بابەتانە تەنها درۆ، بوختانن و هەوڵێکی بەردەوامن بۆ لێدان لە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە.
هەروەها، لێرەوە ئاگاداری هەموو ئەو کەناڵ، میدیا، پەیجە فەرمی و ئەکاونتە سێبەرانە دەکەینەوە لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە بێ بنەما و تۆمەتانەدا، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پارێزەری تایبەتی خاتوو شانازەوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر و سکاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار دەکرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
نوسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
هەولێر و بەغداد رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ داخستنی دەروازە سنووریە نایاسایەكان و ئەم بڕیارەش لە چوارچێوەی توندكردنەوەی چاودێریی سەر سنوورەكان و پاراستنی ئابووری عیراق دێت.
دەستەی دەروازە سنووریەكانی عیراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وزاری بۆ كاروباری ئابوری بڕیاردراوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی پشكنینی بۆ خاڵە سنوورییەكانی پارێزگاكانی هەرێم.
وتیشی، ئامانج لە كاری لیژنەكە، دیاریكردن و داخستنی سەرجەم دەروازە و خاڵە سنوورییە نایاساییەكانی هەرێم لەگەڵ هەر سێ وڵاتی ئێران و توركیا و سوریا.
جەختیشیكردەوە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی هەولێر و بەغداد دێت بۆ توندكردنەوەی چاودێریی سەر سنوورەكان و پاراستنی ئابووری وڵات و رێگریكردن لە قاچاخچێتی.
قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەتەوە و دەشڵێت: یەکێتی نەک رێگر نییە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەڵکو جەخت لە پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە دەکەینەوە.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە: بە ئامادەبوونی برای بەڕێزم کاک شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوومەوە، بەرچاوڕوونیمان پێدان لەبارەی سیاسەت و پێگەی یەکێتی لە کوردستان و عیراق و ناوچەکە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: یەکێتی نەک رێگر نییە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەڵکو جەخت لە پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە دەکەینەوە و دواخستنی لەوە زیاتری ئەم پرسە بە مەترسی بۆسەر پێگەی هەرێم دەزانین.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: داواشم لێکردن سەرباری کارانەبوونی پەرلەمان، ئەرکی خۆیان بەرامبەر بە دەنگدەران و خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەن و رۆژانە بەدواداچوون بۆ کێشەی هاوڵاتییان بکەن.