مەکتەبی سیاسی یەکێتی، پەیامێکی لە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛دوای نۆساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مامجەلالدا،  تا ئەمڕۆ ئەندێشە مەزنەکانی سـەرۆک مـام جـەلال بەردی بــناغـەی ئــەم پرۆسـە سیاسیەی عیراقە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، مام جەلال وەک یەکەم پێشمەرگەو یەکەم رابەری دیموکراتی، سەرۆکایەتی کۆماری عیراقی فیدراڵی گرتەئەستۆ و بووە پارێزەری دەستووریی لە  مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکان.

 

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

 

نۆ ساڵ بەسەر ماڵئاوایی یەکجارەکی ڕابەری نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرۆک مام جەلال تێپەڕدەبێت و ئەمڕۆ لەهەر کاتێک زیاتر بەها مەزنەکانی کە تێکۆشانی لە پێناودا کرد، وەک رێگای درەوشاوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و  عیراق دووپات دەبێتەوە، رێگای سەرکەوتنی  وڵاتێکی دەستووری و فیدراڵی کە هاوبەشی و هاوسەنگی حکومڕانی ڕێنوێنی خەباتی سیاسییان بێت.

 

سەرۆک مام جەلال بە بەرچاو ڕوونی وتێگەیشتنێکی قووڵەوە لە هەموو قۆناغەکانی گۆڕانکاری سیاسی ناوچەکە و جیهان ، نزیکەی حەوت دەیەی لە تەمەنی پڕ بەرەکەتی خۆی لە خەباتێکی هەمەلایەنەی حزبایەتی ، فیکری ، ڕوناکبیری و پێشمەرگایەتی،  بەتایبەتیش لە ڕێبەرایەتی کردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، ئینجا لەسەرخستنی ئەزموونی کوردستان و لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقیش لە ڕەگداکوتینی   بناغەی وڵاتێکی  دەستوریدا خستەگەڕ. لە ترۆپکی ئەم خەباتە درێژخایانەشدا  مام جەلال وەک یەکەم پێشمەرگەو یەکەم ڕابەری دیموکراتی، سەرۆکایەتی کۆماری عیراقی فیدراڵی گرتەئەستۆ و بووە پارێزەری دەستووریی لە  مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکان، بووە سەممام ئەمانی وڵاتێک کە سەرەنجام بەسەر دژوارییەکانی حوکمی دیکتاتۆریی زاڵ دەبێت و ڕوو لە سیستمێکی پەرلەمانی و حکومەتێکی سەربەخۆ و فیدرال دەکات.

 

بە جۆرێک هەتا ئەمڕۆش ئەندێشە مەزنەکانی سەرۆک مام جەلال ستوونی پتەوی ئەزموونەکەمان  و بەردی بناغەی ئەم پرۆسە سیاسییەی عیراقیشە.

بێگومان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی هەم شانازیی بەم پێگە سەربەرزەی سەرۆک مام جەلالەوە دەکات و هەمیش وەفاداری درێژەپێدانی  کەلتورەکەیەتی لە هەلومەرجی تازەی ناوچەکەدا. بۆیە سەر لەنوێ  پابەندبوونی خۆی بەو ڕێبازە ئاوەدانە دووپات دەکاتەوە کە تێکۆشانی گەلی کوردستانی پایەدار کرد، عیراقی لە دیکتاتۆری رزگارکرد و نەخشەڕێی چارەسەری دەستووری کێشەکانی داڕشت، بە کێشەی  ناوچە دابڕاوەکانی کوردستانیشەوە، بەتایبەتی کەرکوک ، وەک شاری برایەتی و پێکەوەژیان.

 

لەم بۆنە سەنگینەی  

یادی نۆساڵەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا

درود بۆ گیانی بەرزەفڕی  ڕابەری گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.

 

ڕۆحی گشت شەهیدانی رێی ئازادی کوردستان و عیراق شاد و ئاسوودە بێت.

 

مەکتەبی سیاسیی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان