مەزڵوم عەبدی لەگەڵ وەزیرانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی سوریا كۆبوەوە
رێبین
٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بەمەبەستی داننان بە بڕوانامەی زانكۆ و پەیمانگەكانی رۆژئاوای كوردستان، مەزڵوم عەبدی لەگەڵ وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای سوریا كۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی مەزڵوم عەبدی راوێژكاری سەرۆكایەتی سوریا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێكردنی میكانیزمەكانی تێكەڵكردنی زانكۆكانی رۆژئاوای كوردستان بە سوریا كراوە، هەروەها پرسی دابینكردنی پەرتووكی زمانی كوردی و مامۆستایانی زمانی كوردی بۆ خوێندگەكانی رۆژئاوای كوردستان گفوگۆ كراوە.
هەروەها تاوتوێی یەكخستنی كۆلێژ و زانكۆكانی رۆژئاوای كوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی خوێندنی باڵای سوریا و پرسی داننان بە بڕوانامەكانیان كراوە.
هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر رێكخستنی رەوشی خوێندكاران و دانانی پلانێك بۆ دروستكردنی زانكۆی نوێ لە هەردوو پارێزگای حەسەكە و رەققە كردووە.



