سهرۆك مام جەلال رابەری ئاشتەوایی و چەتری کۆکردنەوەی جیاوازییەکان بوو
پهیمان رەمەزان ئەحمەد
٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
رۆژی ٣ی ئۆكتۆبهری ٢٠٢٦، ساڵێکی دیکە بەسەر ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلال تێدەپەڕێت. ئەو سهركردهیهی تەنها پێشمەرگە، سەرۆککۆمار و سەرکردەیەکی سیاسی و دیپلۆماتكارێك نەبوو، بەڵکو لهوهش زیاتر چەترێکی نیشتمانی بوو کە تەواوی جیاوازییەکانی لە ژێر سێبەری خۆیدا کۆدەکردەوە. لەم ڕۆژەدا، نەتەوەیەک یاد و بیرەوەری ڕابەرێک دەکاتەوە کە بۆشاییە گەورەکەی دوای خۆی، تا ئەمڕۆش بە قووڵی لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عێراق و ناوچهكهدا هەستی پێدەکرێت.
سهرۆك مام جهلال جگهلهوهی لهگۆڕهپانی شۆڕشگێڕیدا لهناو مێژووی هاوچهرخی سیاسیی كوردا نمونهی كهم بووه، لە پرۆسەی سیاسیی عێراقیش له دوای ساڵی ٢٠٠٣دا، مام جەلال ڕۆڵێکی بێ وێنە و مێژوویی گێڕا وەک یەکەم سەرۆککۆماری کورد. ئەو تەنها نوێنەرایەتی نەتەوەکەی خۆی نەدەکرد، بەڵکوو بووە خاڵی بەیەکگەیشتنی سوننە، شیعە، عەرەب، کورد و سەرجەم پێکهاتە ئایینی و مهزههبی و نەتەوەییەکانی تر بوو. بەهۆی ئەو ڕۆڵە کارایەی لە پاراستنی هاوسەنگی و ڕێگریکردن لە شەڕی تائیفی و مهزههبیدا هەیبوو، بە شانازییەوە نازناوی "سەمامی ئامان" (صمام الأمان)ی پێبەخشرا.
سهرۆك مام جەلال بە حیکمەت و دووربینی خۆی، نەخشەڕێگایەکی سیاسی دانا کە لەسەر بنەمای تەوافق و هاوسەنگی بنیات نرا، هەروەكچۆن ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە داڕشتنەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لهساڵی ٢٠٠٥دا و جێگیرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لهو دهستورهدا.
لە پرسی ئاشتەوایی و پێكهوهژیان و مافی مرۆڤ و لێبوردەییدا، سهرۆك مام جەلال قوتابخانەیەکی بێهاوتا و بێوێنه بوو. مام بەردەوام باوەڕی بە گفتوگۆ هەبوو و تەنانەت لەگەڵ نەیارە سیاسییەکانیدا تەنها لەبەر بەرژەوەندی گشتی و سەقامگیری و ئاشتی و پێكهوهژیاندا، هەرگیز دەرگای دایالۆگی دانەدەخست. لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان، هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ یەکڕیزیی ماڵی کورد و چارەسەرکردنی ناکۆکییە حزبی و سیاسییهكان، وایکردبوو کە ببێتە مەرجەعێکی نیشتمانی بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکان. ئەو دەیزانی کە هێزی گەلی کورد لە یەکگرتووییدایە، بۆیە هەمیشە دەستپێشخەر بوو بۆ ئاشتەوایی و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، بەو باوەڕەوەی کە سیاسەت هونەری گەیشتنە بە خاڵی هاوبەش.
ئەمڕۆ، لە کاتێکدا کە ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵنگاریی سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕن، زیاتر لە هەر کاتێکی تر بۆشایی ژیانئاوایی سهرۆك مام جهلال دەردەکەوێت. ئەو پێگەیەی کە مام جەلال لە بەغدا بە دیپلۆماسییەتێکی نەرم و زمانێکی شیرین دروستی کردبوو، هێزێکی گەورەی دابووە قەوارەی هەرێمی کوردستان. نەبوونی ئەو کاریزمایە، وایکردووە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و تەنانەت ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کوردستان، و گرژی ههرێمیش لهناوچهكهدا بە سەختی چارەسەرببن.
یادکردنەوەی ساڵڕۆژی ژیانئاوایی سهرۆك مام جەلال، دەبێت ببێتە وێستگەیەک بۆ پێداچوونەوە بە گوتاری سیاسی و گەڕانەوە بۆ ئەو بنەمایانەی کە ئەو ژیانی خۆی لەپێناویاندا تەرخان کرد و خهباتی بۆ كرد؛ کە بریتین لە یەکڕیزی، پێکەوەژیان، قبوڵکردنی جیاوازییەکان و خەباتی بەردەوام بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکان لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە. یاد و بیرەوەری ئەم سەرکردە مەزنە، هەمیشە لەپێشەنگی مێژووی نەتەوەیەکدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
پ.ی.د. پهیمان رمضان احمد
سهرۆكی زانكۆی راپهڕین


