مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکە بۆ تاوتوێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کۆبووەوە، لە راگەیەنراوی دوای کۆبوونەوەکەشدا ئەوەخراوەتەڕوو، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستووریەکانی ھەرێمی کوردستان و بنەماکانی فیدراڵی و پڕەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانن کە لە دەستوودا جێگیرکراون.
باسی لەوەشکردووە، پارتی جەختدەکاتەوە لە داکۆکیکردن لە مافی پێکھاتەکان و بەشدارییان لە دامەزراوە دەستوورییەکان، ھاوکات پشتیوانی ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمیش دەکات تا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆکانی لەسەر شایستە داراییەکانی ھەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا، بەردەوام بێت.
مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەشکردووە، بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە (١)ی سالی ١٩٩٢ی ھەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێک لە بڕگەکانی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، پێچەوانەی دەستوور و سروشتی لێکجیایی دەسەڵاتەکانە.
سەعدی ئەحمەد پیرە لە گەشتیی ھەواڵەکانی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران ئەرێنی بوون و کاریگەری باشی لەسەر خوێندن و رەوشی کۆمەڵایەتی و ئابوری دەبێت.
لەسەر یاسای ھەڵبژاردنیش وتی، بڕیارەکە بە قازانجی ھەموولایەکە و یەکێتی داوای کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکانی نەکردووە، پێکھاتەکانیش دەتوانن بەشداری بکەن و لەگەڵ لایەنەکان ھاوپەیمانی بکەن.
پێشبینیشیکرد ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەوێتە کۆتایی مانگی ئایار یاخود سەرەتای مانگی حوزەیران، ھەر کاتێکیش بکرێت یەکێتی بۆ ھەڵبژاردن ئامادەیە. وتیشی، بەمزووانە یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و پرسی کەرکوک و ھەڵبژاردن و چەند پرسێکی گرنگ باس دەکەن.
لە سەرەتای سەردانەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم سەردانی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجەی کرد و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمولی شەھیداندا دانا و پاشان لە یاداشتی مۆنۆمێنتەکەدا وتەیەکی نووسی و ئاماژەی بەوەدا، خزمەتکردنی ھەڵەبجە بە ئەرکی خۆیان دەزانن و پێویستە ھەموویان ھەوڵبدەن ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بپارێزن و رێگەنەدەن جارێکی دیکە تاوان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارەببێتەوە.
دواتر مەسرور بارزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگاکەی کرد و پێدانی یەکەم ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلی ھەڵەبجەی راگەیاند و پێشکەشی کەسێکی کرد، پاشان سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاکە کۆبوونەوە.
ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بەشێک لە داھاتی گومرگی ھەڵەبجە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکە دابینبکرێن، وتیشی، بڕیاردرا بودجە بۆ چەند پڕۆژەیەکی رێگاوبان لە سنوری ھەڵەبجە دابینبکرێت و کۆلێژی پزیشکی لە پارێزگاکە بکرێتەوە.
ئازاد تۆفیق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ٥٠٠ فەرمانبەر بۆ دامودەزگاکانی ھەڵەبجە دابمەزرێندرێن.
ھاوکات سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی تووەقوتیان دادەنێن.
بودجەی پڕۆژەی پردی تووەقوت زیاتر لە سی ملیار دینارە و پارێزگای ھەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە، درێژیی پردی تووەقوت نزیکەی ٣٥٠ مەتر دەبێت.
لە چوارچێوەی پڕۆژەکە رێگەی ھەڵەبجە - پردی تووەقوت - قلیجە قیرتاو دەکرێت.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، شاھین وەساف ھاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی سەڵماسی سەربە پارێزگای ورمێ کە لە بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان دەستگیرکرابوو، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ورمێ سزای لەسێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندووە، شاھین وەساف لە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەگەڵ ھاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ناسر وەساف لەلایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەرکراوە و دوای لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گواستراوەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو دوو ھاووڵاتییە کوردە لەکاتی دەستگیرکردنیاندا لە مافی بوونی پارێزەر و بینینی خانەوادەکانیان بێبەشبوون.
بەڕێوەبەرێتی ھاتوچۆی دەربەندیخان رایگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە تونێلی دەربەندیخان لە سەعات ١٠ی سەر لەبەیانییەوە، تا سەعات دووی پاش نێوەڕۆ بە مەبەستی چاککردنەوەی ئاوەڕۆی تونێڵەکە دادەخرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "لەکاتی داخستنی تونێلەکە ئۆتۆمبێلی بچوک لە تونێڵی خوارەوە ھاتووچۆ دەکات واتا بەسەر بەنداوەکەدا تێپەڕ دەبن، ئۆتۆمبێلی بارھەڵگریش ھەر لە زاڵگەی بانی خێڵان رادەگیرێن و رێگەیان پێنادرێت تێپەڕببن، لە رووی ئەودیویش لە سێ رای چیای بەرانان بەھەمان شێوە رادەگیرێن تا کردنەوەی تونێڵەکە".
دەقی پەیامەکە...
زمانی شیرینی کوردی، ھاوشێوەی ھەموو زمانەکانی جیھان دەوڵەمەند و پڕبەھایە. پاراستن و گەشەپێدانی ئەرکێکی نەتەوەیی و کوردایەتیی ھەموومانە. لەم یادەدا، پێویستە ھەنگاوبنرێت تا نەتەوەیی کورد ببێت، بە خاوەنی زمانێکی یەکگرتووی سەرتاسەریی
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٢١ی شوباتی ٢٠٢٤
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە بڕیارێک کرا بە ئامانجی رێکخستنەوەی رسومات و کرێ و تێچووی تایبەت بە تۆماری کۆمپانیاکان لە ھەرێم بە ئاراستەی پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ کارسازیی و بازرگانی و وەبەرھێنان، بە تایبەتی لە ڕووی کارئاسانی لە بواری پێدانی باج بۆ کۆمپانیا نوێیەکان و بابەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی موڵکداریی فیکریی وھزریی داھێنەران.
ئەنجومەنی وەزیران خشتەی نوێی ئەو رسوماتانەی پەیوەندیداربوون بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پەسەندکرد و دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەش تەرخانکرابوو بۆ پێداچوونەوە بە کەرتی باج لە ھەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی کێشە و دەرفەتەکان و چارەسەرەکان، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی کەرتی باج بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەریی لە پێدانی باج بە بێ ئەوەی ھیچ باجێک زیاد بکرێت.
ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە بە کوردسات نیوزی وت، سبەینێ مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی پارێزگای ھەڵەبجە دەکەن.
ھاوکات، کاوە عەلی جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بە پەیامنێری کوردسات نیوزی وت، سەردانەکە بەمەبەستی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی تووەقوتە، کە بودجەکەی سی ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ھەروەھا دەستبەکاربوون بۆ پێدانی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل کە لەئێستادا ھەموو کارەکانی تەواوبووە دەکەن. ھاوکات پڕۆژەی وەبەرھێنانی گروپی کۆمپانیاکانی ھەڵەبجەش بەسەردەکەنەوە، کە ژمارەیەک کارگە لە قۆناغی بنیاتناندایە و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێدەکرێت.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە شەش مانگی رابردوودا ھێرشەکانی تورکیا زیانی زۆری بە کەرتی تەندروستی و ئاو و کارەبا و سوتەمەنی لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان گەیاندووە، بەشێوەیەک سێ ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە.
راشیگەیاند، ئەگەر رێگری لە ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان نەگیرێت، کارەساتی مرۆیی روودەدات.
لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دادگای فیدراڵی لەبارەی دوو سکاڵای تایبەت بە ھەرێم بڕیاریدا کە یەکێکیان تایبەت بوو بە داھات و مووچەی فەرمانبەران و حکومەتی ناوەندی پابەندکرد بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بەبێ قەرز و ھاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق، بەو مەرجەی حکومەتی ھەرێم داھاتی نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی بەغدا بکات.
ھەروەھا رایگەیاند، نابێت حکومەتی ھەرێم گەلی کورد لە داھات و داراییەکەی بێبەشبکات و ھەریەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی پابەندکرد بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانیان.
دادگای فیدراڵیی راشیگەیاند، بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم بەرپرسن لە ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەران و ڕێگە بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیش بدات بۆ وردبینی لە خەرجی و لیستی مووچە.
ھاوکات لەبارەی سکاڵای دووەمیشەوە کە تایبەتبوو بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دادگا بڕیاریدا بە ھەڵوەشانەوەی ١١ کورسی کۆتاکان کە بۆ پێکھاتەکان دیاریکرابوون و ھەرێمی کوردستانیشی بۆ چوار بازنەی ھەڵبژاردن دابەشکرد واتە فرە بازنەیی بێت.
بەوپێیەش ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان کەمکرانەوە بۆ ١٠٠ کورسی و کۆمیسیۆنی عێراقیش شوێنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی پەرلەمان دەگرێتەوە، ھەروەھا ٣٠٪ی کورسیەکانی پەرلەمانیشی تەرخانکرد بۆ ژنان.
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، تیایدا داواکراوە ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێم ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ بە نادەستوری دابنرێت، کە تایبەتن بە بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان.
ئەمە ١٢یەمین جارە کە دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە سکاڵای دژ بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، لەکاتێکدا ئەو سکاڵایە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ەوە تۆمارکراوە.
دوایین جاریش کە دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو سکاڵایە کۆبووەوە، رۆژی ١٨ی ئەم مانگە بوو.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە باشوری شاری دێرەزوور لە سێ بنکە کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیان تێدایە، تەقینەوە روویداوە، ھاوکات فڕۆکەی جەنگی نەناسراو بە ئاسمانی ناوچەکە سوڕاوەتەوە.
بەھۆی تەقینەوەکانەوە، لانیکەم ١٠ کەس برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی لە دێرەزوور، ژمارەیەک کوژراویش ھەیە کە پێناچێت سوری بن.
ئەو تەقینەوەیە چەند سەعاتێک دوای بە ئامانجکردنی بنکەی کۆنیکۆ بۆ غاز دێت لە باکوری دێرەزوور، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە کرابووە ئامانج.
فەرید عەتی، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنەکەیان لەئێستادا کار لەسەر دەرچواندنی دوو یاسای گرنگ دەکات کە بەگوێرەی دەستور دەھێندرێنە کایەوە و پێویستن بۆ سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردن و پەسەندکردنی ئەنجامەکان، ئەوانیش بریتین لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و یاسای دادگای دەستوری.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەردوو یاساکە و چەند یاسایەکی دیکەش لە مانگی ئاداردا پەسەنددەکرێن و ئیدارەی خۆسەریش پلانی وایە لەکۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵدا یەکەمین ھەڵبژاردن ئەنجامبدات کە ئەویش ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەبێت.
جگە لەو دوو یاسایە ئەنجومەنی گەلانی رۆژئاوای کوردستان دەیەوێت پێش مانگی ئادار، یاسای ھەڵبژاردن و یاسای ئەنجومەنی کانتۆنەکانیش پەسەندبکات کە بەشێکن لە ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو دەستورەی رۆژی ١٢-١٢-٢٠٢٣ پەسەندکرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمشەو زیندانییەک بە بیانووی نەخۆشی داوای کردووە سەردانی پزیشک بکات، تیمەکانی پۆلیسیش ھەستاون بە گواستنەوەی و پێش ئەوەی بچنە ژوورەوە بۆ ناو نەخۆشخانەکە زیندانییەکە لە دەست مەفرەزەکانی پۆلیس ھەڵاتووە.
وتیشی، زیندانییەکە بەپێی ماددەی ٤٤٣ی تایبەت بە دزیکردن دەستگیرکرابوو، ئێستا پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە و ھەوڵی دەستگیرکردنەوەی دەدەن.
سەربەست سەبری بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بۆردومانەکە بۆ سەر گوندی کافیا لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ بووە.
ھاوکات ھاووڵاتیەکی گوندەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکەوە دوو ھاووڵاتی بە ناوەکانی عارف تەھا تەمەن ٦١ ساڵ خەڵکی گوندی (گربیش) و بەشیر عومەر تەمەن ٦٨ ساڵ خەڵکی گوندی (دوودی ژوری) گیانیانلەدەستداوە کە بۆ سەردانیکردنی رەز و باخەکانیان چوبوونە ناوچەکە.
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی دەڵێت، ئەو دوو کەسەی گیانیانلەدەستداوە پێشمەرگەی خانەنشین بوون.
وتیشی، ھەردوو ھاووڵاتییەکە، لەگەڵ دوو کەسی تری گوندی کافیا بە ناوەکانی “عەبدوڵڵا کافی” و “سادق زێباری” چووبوونە سەر رەز و باخەکانیان لە گوندی کافیا.