بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵە
محەمەد رزگار
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥
لە ناحیەی شەمامکی سنوری پارێزگای هەولێر بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش دەڵێت: هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: لە هەولێر بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو ناوچەیە چەندین پاڵاوگە و پرۆژەی ئاوی تێدایە کە درۆنەکانی لێکەوتوەتە خوارەوە .
وتیشی، یەکێک لە درۆنەکان لە نزیک پڕۆژەیەکی ئاو کەوتوەتە خوارەوە، ئەوەی دیکەشیان لە پاڵاوگەی کار کەوتوەتەخوارەوە.
هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم راگەیەنراوێکی سەبارەت بە هێرشەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، هێرشەكە زیانی بە بۆرییەكانی ئاوی پڕۆژەکە گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەمە سێهەم درۆنە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لەسنوری پارێزگای هەولێر بکەوێتە خوارەوە.