یەكێتی و پارتی: هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ چارەسەری كێشەكان و دابینكردنی موچە
محەمەد رزگار
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە، لە دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوێکدا یەکێتی و پارتی بڵاویانکردەوە، هەردوولا هاوڕابوون هەوڵەکان چڕبکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە چوارچێوەی دەستوردا بە ئاراستەی چارەسەركردن بە هەماهەنگی هەردوولا بهاوێژرێن.
لەراگەیەنراوە هاوبەشەکەدا ئەوەیان خستەڕوو،بەشێكی كۆبوونەوەكە تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوكردنەوەی پەیوەندی یەكێتی و پارتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەكان تێپەڕێنین و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی بكەن.
راشیگەیاند، كۆبوونەوەكە جەختی لەسەر یەكخستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەكان و عیراق كردەوە كە هاوكار و پشتیوان بن لە چارەسەری كێشەكان.