د. ئازاد مستەفا، بەرێوبەری گشتی تەندرووستی ھەڵەبجە رایگەیاند، ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، لە بەرواری ٣ی ئازار، تیمێکی پزیشکی پسپۆڕی چەکی کیمیایی لەسەر ئەرکی یەکێتی و کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەکەن.
د. ئازاد مستەفا ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانەکە دەمێننەوە بۆ پشکنین و چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی.
ھەروەھا ئاگاداری بریندارانی چەکی کیمیایی دەکاتەوە کە لەو ماوەیەدا سەردانی نەخۆشخانەی کیمیاباران بکەن بۆ ئامادەکردنی پێداویستیەکانیان.
بە ئەنجامدانی یەکەمین گەشت و لێخوڕینی فڕۆکەیەکی ھێڵی ئاسمانی عێراق لەنێوان بەغداد و دوبەی، رەزین محەمەد دۆسکی بووە یەکەمین ژن لە مێژووی عێراقدا کە وەک کاپتنی سەرەکی سەرپەرشتی فڕۆکەیەکی ھێڵی ئاسمانی عێراقی بکات.
رزاق سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ بەغداد، خەڵاتی رێزلێنانی بەو ژنە کوردە بەخشی و وتی، وەزارەتەکەی پێداگرە لەسەر ئەوەی ژنان و گەنجان رۆڵیکی سەرەکی ببینن لە ھەموو بوارەکاندا و بۆ سەرکەوتنیشیان ھەموو کارئاسانییەکیان بۆ دەکات.
دادگای فیدراڵی عێراق، رۆژی دووشەممە لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، سێ سكاڵای سەبارەت بە ئەجومەنی پارێزگای كەركوك تاوتوێكرد كە دوانیان تایبەت بوون بە داواكاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكە، بەهۆی وردبینی نەكردن لە تۆماری دەنگدەران، بەڵام بەهۆی نەبوونی پسپۆڕییەوە دادگاكە داواكانی ڕەتكردەوە.
پەروین بوڵدان، سیاسەتمەداری دیاری باکوری کوردستان کە ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان و پەرلەمانتاری ئێستای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)یە ئاشکرایکرد، دوایی کۆتاییھاتنی ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا، دەستبەرداری سیاسەت دەبێت.
پەروین بوڵدان لە چاوپێککەوتنێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرچەندە دەستبەرداری سیاسەت دەبێت، بەڵام لە داھاتوودا بەشێوازی جیاواز لە خەبات بەردەوام دەبێت و لە بواری مافەکانی مرۆڤدا چالاکانە کاردەکات.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی نوسراوەکە فراوانکردن و گواستنەوە لەسەر داواکاری دوو لەسەر سێی دانیشتووانی خەڵکی گوندەکە دەبێت کە تێیدا نیشتەجێن، ھەروەھا زەوی پێویست بەردەست بێت کە لەگەڵ حەرەمی گوندەکە ھاوسنوور بێت بۆ فراوانکردنی حەرەمی گوند بە مەرجێک گونجاو بێت لە رووی تۆپۆگرافی بۆ نیشتەجێبوون.
ھەروەھا لیژنەیەکی تایبەتمەندی بەردەوام پێکدەھێندرێت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە سەرۆکایەتیی جێگرێکی (پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ)، لیژنەکەی بەردەوام بەپێی پێویست کۆبوونەوەکانی خۆی ئەنجامدەدات و پێشنیازەکان بە چوار لەسەر سێی ئەندامانی لیژنە دەردەکرێت و لەلایەن پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ پەسەنددەکرێت.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە بڵاویکردەوە، وەفدێکی راوێژکارانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەردانی پارێزگای دێرەزوورییان لە رۆژھەڵاتی سوریا کردووە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دوایین دۆخی ئەمنی ناوچەکە، وەفدەکەش دڵنیاییداوە کە بەردەوام دەبێت لە راھێنان و کاری ھاوبەش لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەفدەکە ستایشی رۆڵ و ھەوڵەکانی ھەسەدەشی کردووە لە روبەڕوبوونەوەی داعش و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای دێرەزوور.
ئیسماعیل حەدیدی ئەمینداری گشتی حربی ھەدەفی وەتەنی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەی لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت، چەند سەرکردەیەک لە پێکھاتەکان ئامادە دەبن.
وتیشی، پێشتر کۆبوونەوە کراوە و لیژنەیەک پێکھێندراوە، بڕیارە لیژنەکە لە ھەولێر لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێم کۆببێتەوە.
ھاوکات سەرچاوەیەکی تایبەت سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ھەریەک لە خەمیس خەنجەر و خالید موفرجی وحەسەن تۆران، بەشداری کۆبوونەوەکەی ھەولێر دەکەن، ھەروەھا رێبەر ئەحمەد وزیری ناوخۆی ھەرێم، وەک نوێنەری پارتی بەشداری کۆبوونەوەکە دەبێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ھەولێر لەگەڵ سەرۆکایەتی ھەرێم و یۆنامی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، وتیشی، ئەوان دەتوانن تا مانگی حوزیرانی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن.
راشیگەیاند، لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی، سەرۆکایەتی ھەرێم بە راوێژ لەگەڵ کۆمیسیۆن وادەی ھەڵبژاردن دیاریدەکەن.
وتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەئێستادا لەبەرئەوەی ھەنگاوی باش نراوە بۆ ھەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان، دەتوانن لە ماوەی چوار مانگدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ جارێکی دیکە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆببێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات.
نوێنەری دەستەی داکۆکیی لە مافی مامۆستایانی پارێزگای ھەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەت بڕیاریداوە بەشێک لە داواکاری مامۆستایان جێبەجێبکات، لەسەر خەت دەبن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکەی مامۆستایان.
وتیشی، چاودێری وردی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ دەکەن، کە بڕیارە قۆناغ بە قۆناغ داواکارییەکانیان جێبەجێبکرێن.
شکاندنی بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازیی ھەڵەبجە لەدوای ئەوەھات کە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستای ناڕازی کۆبووەتەوە و جەختی لەوەکردووەتەوە، بە ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە، پلەی مامۆستایان بەرزدەکرێتەوە و وانەبێژەکانیش دەکرێنە گرێبەستی رەسمی بەپێی رێکار و یاسا بەرکارەکان و ساڵانی خزمەت، بەردەوامیش لەسەر خەت دەبن بۆ جێبەجێکردنی داوا رەواکانیان.
دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە مەبەستی رێـکخـسـتـنـەوەی کەرتی نـیـشـتـەجـێـبـوون لـە ھەرێمی کـوردسـتان، بـە ئـاڕاسـتـەی زیاتر سـودمەندبوونی ھاووڵاتییانی کەمدەرامەت و کرێنشین، بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا کارکردن لە پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون رابگیرێت و مۆڵەتی نوێی وەبەرھێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون نەدرێت.
راشیگەیاندووە، ئەو بڕیارەش بەئامانجی ئەوەیە لە ماوەی داھاتوودا زیاتر وەبەرھێنان زیاتر بە ئاڕاستەی کەرتەکانی پیشەسازی و گەشتوگوزاربێت، داوا لە وەبەرھێنەرانی ھەرێمیش دەکات، یارمەتیدەر و ھاوکاربن تا وەبەرھێنانی زیاتر لە سێکتەرەکانی ئاڕاستەکراو بکرێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کەم گەشەسەندوون لە ھەرێمی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستای ناڕازی کۆبووەتەوە و بڕیاری حکومەتی ھەرێمی بۆ دووپاتکردوونەتەوە.
لە دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بە ھەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی، پلەی مامۆستایانی شایستە بەرزدەکرێتەوە، وانەبێژەکانیش دەکرێنە گرێبەستی رەسمی بەپێی رێکار و یاسا بەرکارەکان و ساڵانی خزمەت، بەردەوامیش لەسەر خەت دەبن بۆ جێبەجێکردنی داوا رەواکانیان.
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، لە ماوەی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی یەکێتی چەندین کۆبوونەوەی بەشێوەی تایبەت و فەرمی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتەکان، دیپلۆماتکاران، سیاسییەکان و شارەزا سەربازییەکاندا کرد تاوەکو بارودۆخی جدیی عیراق بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی بگەیەنێتە سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی جیھان.
ھەروەھا جەختی لەو راستییە کردەوە، شەڕ دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کۆتایی نەھاتووە و تیشکی خستووەتەسەر ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی کە بەھۆی ململانێ ھەرێمییەکانەوە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە.
ھەروەھا پێویستیی مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان و عیراق روونکردەوە و رایگەیاند، مانەوەی ھێزەکان دەبێت بەشێوازێک بێت کە لەگەڵ خواست و پێویستییەکانی ئاشتی و سەقامگیریی ئەمڕۆی ناوچەکەدا بگونجێت.
ھەروەھا سەرۆکی یەکێتی گرنگیی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکان لەکاتی خۆیدا و دڵنیایی سەرکەوتن و بێگەردی ئەم ھەڵبژاردنانە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.
بۆردی راگەیاندنی یەکێتی لە روونکردنەوەکدا دەڵێت، چەند ڕۆژێکە بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن بەشێک لە میدیای رەسمی و ناڕەسمی ھەندێک لایەن، بەپاساوی دواخستنی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان یەکێتی کراوەتە ئامانج، گوایە یەکێتی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەترسێت و ھەوڵی دواخستنی دەدات.
لە بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا ھاتووە، پێشتریش بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە تایبەت کەرکوک ھەمان دەھۆڵیان دەکوتا، گوایە یەکێتی ترسی پێشوەختەی لەگەڵ کەمکردنەوەی دەنگەکانی و بەدەستھێنانی کورسی ھەیە و نایەوێت ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، کەچی دواجار ھەوڵ و ھەواڵە چەواشەکارییەکان بوونە بڵقی سەر ئاو و مایەپوچ دەرچوون.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٤٠٥ دەنگدەرە بە لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٦یشەوە کە ژمارەیان ١٥٠ ھەزار دەنگدەر دەبێت و مافی ئەوەیان ھەیە بەشداری لە ھەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، بەڵام ئەوانەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار دەنگدەرە.
وتیشی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە کە نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەستیپێکردووە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی لە ھەرێم سەردانی ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەترییان کردووە تا ١٥ ئەم مانگە گەیشتووە ٣١ ھەزار و ٨٨٩ و دەنگدەر کە زیاتر لە ١٨ ھەزار دەنگدەریان لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٦ن.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر لەو ماوەیەدا کۆمیسیۆن زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار کارتی دەنگدانی بەدەست گەیشتووە کە لە ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەتری زانیارییەکانیان تۆمارکردووە و لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕیشەوە وردبینی و پشکنین بۆ ھەموویان کراوە و دواتر ئاراستەی ھەرێمی کوردستان دەکرێنەوە بۆئەوەی بدرێنەوە بەدەنگدەران.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی ژووری بازرگانی سلێمانی کرد و دوای گوێگرتن لە کێشەو گرفتی بازرگانان و وەبەرھێنەران، ئاماژەی بە ھەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا کرد و دڵنیایی پێدان چیتر بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەن ھیچ کەس و لایەنێک لە ڕێگەی سەرانە وەرگرتن و ھەر ھەوڵێکی ھاوشێوەی دیکە کێشە و گرفت بۆ وەبەرھێنەر و بازرگانان دروست بکات.
وتیشی، ستراتیژیان بەھێزکردنی کەرتی تایبەتە و پشتگیری بازرگان و وەبەرھێنەران دەکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیش راسپێردراون ھەموو کارئاسانییەک بکەن لەپێناو کەمکردنەوەی رۆتین لەبەردەم کارەکانیان.
قوباد تاڵەبانی داوایکرد ژووری بازرگانی سلێمانی رۆڵ ببینێت لە ھاندانی سەرمایەدار و وەبەرھێنەران تا زیاتر لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و گەشتوکاڵدا وەبەرھێنان بکەن، کە بەھۆیانەوە زۆرترین ھەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێت کە دەبێتە ھۆکارێک بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابوری و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت.