کوردستانکوردستان

قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی بەبێ هیچ داشکاندنێک دەخرێتە سەر پسوڵەی کارەبای مانگانەوە و قەرزی ماڵان دەبێت لە ماوەی 24 مانگدا بدرێتەوە.

پڕۆژەی رووناکی رایگەیاندووە: قەرزی کۆنی کارەبا دەخرێتە سەر پسوڵەی کارەبای مانگانە، هەروەها قەرزی ماڵان دەبێت لە ماوەی 24 مانگدا بدرێتەوە، بازرگانیی بچوک لە ماوەی 12 مانگ و بازرگانیی گەورەش لە ماوەی 6 مانگدا.

بەپێی راگەیەندراوەکەی پڕۆژەی رووناکی، 90٪ـی هاووڵاتیانی هەرێم کارەبای 24 سەعاتییان بۆدابینکراوە.

پڕۆژەی رووناکی دەڵێت: 80٪ـی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بەراورد بە پارەی کارەبای موەلیدە و نیشتمانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەپێی نووسراوێکی رەسمی کە لە 13ی ئەیلوولی 2026 دەرچووە، هەرسێ وەزارەتی (داد، دارایی و ئابووری، و پلاندانان)ی راسپارد بۆ ئەنجامدانی بەدواداچوونی ورد و ئامادەکردنی تێبینی و سەرنجی یاسایی و دەستووری لەسەر پڕۆژەیاساکانی فیدراڵیی تایبەت بە قەرز و بەخشینەکان.

ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی رێگری لە پێشێلکردنی مافە داراییەکانی هەرێم و دەستەبەرکردنی شایستە فیدراڵییەکانێتی.

لە نووسراوەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی (106)ی دەستووری عیراق کراوەتەوە، کە بە روونی ئاماژە بەوە دەکات دەبێت هەرێمی کوردستان بەشی شایستەی خۆی لە هەر قەرز و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی وەربگرێت کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە وەردەگیرێت.

هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاری روونیکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشدار بووە لە دانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەکان و سوودە کەڵەکەبووەکانیان، بۆیە لە رووی یاسایی و ئەخلاقییەوە مافی رەوای خۆیەتی کە لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشینە نوێیەکاندا، بنەما دەستوورییەکان وەک خۆیان بەرجەستە بکرێن.

لە کۆتاییدا جەختکراوەتەوە کە ئەم پڕۆژەیاسایانە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر داھات و سەربەخۆیی دارایی هەرێم هەیە، بەوەش پێویستە لە تەواوی قۆناغەکانی تاووتوێکردن و پەسەندکردنیاندا لە ئاستی فیدراڵیدا، بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی، هاوبەشیی راستەقینە و دادپەروەری بەتەواوەتی رەچاو بکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەکی ئاراستەی شۆفێرانی بارهەڵگر کرد بەمەبەستی رێکخستنی رەوشی هاتوچۆ لەسەر شەقامەکان.

هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیندراوێکا ئاماژەی بەوەکرد: لەپێناو کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵغی و رێکخستنی رەوشی هاتوچۆ لەسەر شەقامەکان، لە ئەمڕۆوە (20-9-2026) هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بۆ ناو سەنتەری شار لە کاتژمێر (7:00)ی بەیانی تاوەکو (9:00)ی بەیانی قەدەغەیە.

هاتوچۆی سلێمانی جەختیشی کردووە: هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، شۆفێرانی بارهەڵگر دەتوانن شەقامی 100 مەتری وەک ڕێگەی جێگرەوە بۆ هاتووچۆکردن بەکاربهێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماری نوێی پرۆسەی خوێندنی لە سنووری پارێزگاکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمساڵ ٤١٠ هەزار و 383 قوتابی و خوێندکار روویان لە هۆڵەکانی خوێندن کردووە.

بەپێی لێدوانی نەژاد عبداللە، بەڕێوەبەری گشتی، ئەم ژمارەیە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لە باخچەی منداڵان، بنەڕەتی، ئامادەیی (گشتی و پیشەیی)، جگه لە پەیمانگاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەگرێتەوە.

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە سەرجەم ئامادەکارییە لۆجیستی و پەروەردەیییەکان کراون بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بە شێوەیەکی ئاسایی و سەرکەوتووانە لە تەواوی  خوێندنگاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا وادەی دیاریکراوی دابەشکردنی موچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی دیاریکرد.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: رۆژی دووشەممە، 21ـی 9ـی 2026 دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئابی مامۆستایانی گرێبەسیت وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکرێت.

 ئەوەشی روونکردووەتەوە، پرۆسەی دابەشکردنەکە تا رۆژی پێنجشەممە 24ـی 9ـی 2026 دەخایەنێت و سەرجەمی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی هەمیشەیی، موچەکانیان وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەهەمان کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت کە 1ـی 7ـی 2024ـەوە بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەی یەكەم رۆژی وەرزی نوێی خوێندنی ساڵی 2026-2027 لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و تێیدا یەك ملیۆن و 750 هەزار خوێندكار ڕوو لە ناوەندەكانی خوێندن دەكەن.

سبەینێ یەكشەممە 20ـی 9ـی 2026، وەرزی نوێی خوێندنی ساڵی 2026-2027 لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، لە سەرجەم ناوەندەكاندا زیاتر لە یەك ملیۆن و 750 هەزار خوێندكار بەشداری دەكەن، هاوكات زیاتر لە دوو هەزار خوێندنگەش لە هەرێمی كوردستاندا نۆژەنكراونەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، لە سەرجەم قۆناغەكاندا گۆڕانكاری لە 110 پەرتووكی خوێندندا كراوە بە پێنج زمان و شێوەزاری جیاواز، هەروەها نزیكەی 19 ملیۆن پەرتووكی نوێ چاپكراون، هەروەها زیاتر لە 123 هەزار خوێندكار لە پۆلی یەكەم تۆماركراون و كۆی گشتیی خوێندنگەكانیش زیاتر لە حەوت هەزار و 590 خوێندنگەیە.

لە كابینەی نۆیەمدا تاوەكو ئەیلوولی 2026 لە سەرجەم ناوچەكان 236 خوێندنگە و باخچەی ساوایان دروستكراون، 476 پۆلی خوێندن زیادكراون و دوو هەزار و 650 خوێندنگەش نۆژەنكراونەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سلێمانی لەگەڵ ئامەدی باکوری کوردستان و حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەبێتە دەستە خوشک، پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەیەنێت، لەگەڵ چەندین شاری تر پەیوەندییەکان دەبەنە قۆناغێکی نوێوە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 24ـی ئەم مانگەدا لە شاری ئامەد لەلایەن شارەوانی مەزنی ئامەد و شارەوانی سلێمانی، دەستە خوشکی نێوان ئەو دوو شارە ئیمزا دەکرێت و رایدەگەیەندرێت.

وتیشی، قسەمان لەگەڵ نورەدین عیسا پارێزگاری حەسەکە قسەمان کردووە و لە مانگەکانی داهاتوودا لەگەڵ ئەو پارێزگای رۆژئاوای کوردستان دەبێتە دەستە خوشکی سلێمانی.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستا لەگەڵ 700 شار و 100 وڵاتی جیهان پەیوەندیمان هەیە و زۆر بە گرنگیشی دەزانین لەگەڵ شارە کوردییەکاندا پەیوەندییەکانمان لەپێش هەموو شتێکەوە بێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لە کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی، پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2027ـی عیراق دەکات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ گەیشتنە ئەنجام شتێکی باشە، یەکێتی و پارتیش کۆبوونەوەی بەردەوامیان هەیە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا: بودجەی ساڵی 2027ـی عیراق گرنگە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ عیراق بکرێت، هەروەها پێویستە بەغداد لەو یاسایەدا بەتەواوی پشکی هەرێمی کوردستان جێگیر بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ پیشانگەی "نێکست ستێپ" لە کارگەی کولتوری سلێمانی بە مەبەستی راوێژ پێدان بە دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی سەبارەت بە پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە  پیشانگەی نێکست ستێپ لەناو سلێمانی لە کارگەی کولتوری سلێمانی بۆ ئەو خوێندکارانەی دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی کە دەیانەوێت فۆرمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە دەستپێدەکات.

شنیار سەلام یاریدەدەری سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پیشانگەکەیە و هەتا سێ ڕۆژی دیکە لەناو سلێمانی بەردەوام دەبێت، پاشان لە ناوچەکانی دیکە شوێن دیاریدەکەین بۆ هەمان مەبەست.

ئاشکرای کرد، لە پیشانگەی نێکست ستێپدا نوێنەری زیاتر لە 30 زانکۆ و پەیمانگا ئامادەن، کە خوێندکار دەتوانێت ڕاستەوخۆ ڕاوێژیان لێ وەربگرێت، هاوکات 400 سکۆلەرشیپی تایبەت بە خوێندن لە پەیمانگە و زانکۆ تایبەتەکان هەیە، بۆ ئەو خوێندکارانەی کە دەیانەوێت بێبەرانبەر بخوێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانی "تورکش ئێرلاین"ی بۆ فڕۆکەخانەکە راگەیاند.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی ئاشکرایکرد، بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن کۆمپانیای 'تورکش ئێرلاین'ـەوە بۆ فڕۆکەخانەکە نێردراوە، وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دیاریکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وابڕیارە لە رۆژی 25ـی10ـی2026ـوە گەشتەکان دەستپێبکەنەوە و هەفتانە چوار گەشتی ئاسمانی لە نێوان 'ئیستەنبوڵ - سلێمانی – ئیستەنبوڵ' ئەنجام بدرێت.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند، لە ئێستادا خشتەکەیان بەم شێوەیەیە بەڵام لە 14ـی12ـی2026 دەبێتە گەشتی رۆژانە واتا هەموو رۆژانی هەفتە گەشتی ئیستەنبوڵ – سلێمانی و بەپێچەوانەشەوە دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، پلەکانی گەرما روو لە دابەزین دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی کەم لە کەشدا، پلەکانی گەرماش لە ناوەڕاست و رۆژئاوای هەرێم بە بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ بە دوو بۆ سێ پلە دادەبەزن، بەڵام لە رۆژهەڵاتی هەرێم نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ ئاسمان ساماڵ دەبێت و خێرایی و ئاراستەی با وەک خۆی دەمێنێتەوە. هەروەها پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و رۆژئاوای هەرێم نزیک دەبنەوە لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ، بەڵام لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بە نزیکەیی دوو بۆ سێ پلە دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر: 35 پلەی سیلیزی

پیرمام: 33 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 34 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 36 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 36 پلەی سیلیزی

دهۆک: 34 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 35 پلەی سیلیزی

ئاکرێ:35 پلەی سیلیزی

گەرمیان:39 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 25 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرایکرد زیاتر لە 99٪ـی ئەندامانی هێزەکانیان لە پڕۆژەی 'هەژماری من' تۆمارکراون.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ پڕۆسەی دابەشکردنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوازی کلاسیك و نەریتی لە رێگەی بانکەکانەوە کۆتایی پێهات و لەمەودوا بە شێوەیەکی ئاسان و راستەوخۆ لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)ی پڕۆژەی 'هەژماری من' موچەکانیان وەردەگرن.

لەوبارەیەوە، لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) ئاشکرایکرد، زیاتر لە 99٪ی ئەندامانی هێزی پێشمەرگە لە پڕۆژەی 'هەژماری من' تۆمارکراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قائیمقامییەتی قەزای دوکان ئاشکرایکرد، لە سبەینێوە پردی سەرەکی قەزاکە بۆ ماوەی یەک هەفتە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە دادەخرێت.

قائیمقامییەتی قەزای دوکان ئاگادارییەک ئاڕاستەی شۆفێران و هاووڵاتیان دەکات و رایدەگەیەنێت؛ لە سبەینێوە سەعات 6:30 خولەکی بەیانی، پردی سەرەکی ناوەندی قەزاکە بۆ ماوەی یەک هەفتە بە تەواوی بەڕووی هاتووچۆدا دادەخرێت.

بڕیاری داخستنی پردەکە بەهۆی دەستپێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاکسازییە لە بەشەکانی بەیەکەوەبەستنی پردەکەدا، کە لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانەوە جێبەجێ دەکرێت، دوای ئەوەی تەواوی پێداویستییەکانی نۆژەنکردنەوەکەی بۆ دابینکرا.

پردی سەرەکی دوکان خاڵێکی ستراتیژییە و هەردوو بەری قەزاکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هاوکات رێگای سەرەکی هاتوچۆی نێوان پارێزگای سلێمانی بەرەو پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، ئیدارەی راپەڕین و دەشتی کۆیەیە.

قائیمقامییەتی دوکان ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆفێران دەتوانن بۆ هاتوچۆکردن پردی دووەمی قەزاکە و رێگای بەری سارتکە وەک رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن تا کۆتاییهاتنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەسبەینێوە دابەشكردنی بەنزینی 750 دیناری لە سلێمانی دەكرێتە سیستمی تاك و جووت و سبەینێش نۆرەی ئەو ئۆتۆمبێلانە كە ژمارەی كۆتایی تابلۆكانیان ژمارەی تاكە.

محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لەسبەینێوە دابەشكردنی بەنزینی 750 دیناری لە سلێمانی دەكرێتە سیستمی تاك و جووت.

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ بەنزینی 750 دیناری دەدرێتە ئەو ئۆتۆمبێلانە كە ژمارەی كۆتایی تابلۆكانیان ژمارەی تاكە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، زیاتر لە 10 بەنزینخانە لە سلێمانی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەكەن و بەنزینخانەیەكیش تایبەتكراوە بە شۆفێرانی ژن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاشکرایدەکات، ئەگەری خۆڵبارین هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، هاوکات ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

کەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی کەم لە کەشدا، هەروەها پلەکانی گەرماش بە نزیکەی یەک تا سێ پلە نزمتر دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماڵپەری شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە کە زیاتر لە 10 ملیار دینارە.

ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەری شەفافییەت بڵاویکردەوە، داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی لە رۆژی(12ـی 9ـی 2026 بۆ 18ـی 9ـی 2026) داهاتی نانەوتی، لە سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، 10 ملیار و 750 ملیۆن و 779 هەزار دینار بووە.

ئاشکراشیکرد،  لەو داهاتە لە  89%ی بەشێوەی نەختینەیە و 11%ی داهاتەكە بەشێوەی چەكە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو داهات کەمی کردوە.

ماڵپەڕی شەفافییەت ئەوەشی خستوەتەڕوو، داهاتی ئەم هەفتەیە بە بەراورد هەفتەی رابردوو زیاتر لە ملیارێک دینار کەمی کردووە.

جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...1617181920...1015