دارایی عیراق رایگەیاند، بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی پێنج خەرج دەكرێت.

وەزارەتی دارایی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی پێنج خەرج دەكرێت، خەرجكردنەكەش دوای پابەندبوونی هەرێمە بە رادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتی.

راشیگەیاندووە، هەرێم بەپێی ئەو بڕە نەوتەی لە كێڵگە نەوتییەكان بەرهەمدەهێنرێت، نەوت رادەستی سۆمۆ دەكات، بەردەوامیش دەبن لە پابەندبوونە یاسایی و دەستورییەكان بەرامبەر حكومەتی هەرێم.

پێشتریش وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویكردەوە، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ، 120 ملیار دیناری بەشێوەی كاش خستەسەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق، لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عیراق.