پارێزگای دیالە بە رەسمی ناحیەی قەرەتەپەی کرد بە قەزا و کوردەکانیش ناڕازین
راهۆز
٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرەڕای نیگەرانی و ناڕەزایەتیەکانی لایەنە کوردییەکان لە رابردودا دژ بە بە قەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە، ئەمڕۆ پارێزگاری دیالە بە رەسمی ئەو ناحیەیەی بە قەزا ناساند و شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 10:00 لە کوردسات نیوز رایگەیاند: سبەینێ لە رێگەی نوێنەرەکانمانەوە داوای یاسایی لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار دەکەین.
ناحیەی قەرەتەپە، ناوچەیەکی کوردستانییە و سەر بە قەزای خانەقینە. وەزیری پلاندانانی عیراق، لەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگای دیالە رەزامەندیی لەسەر بەقەزاکردنی داوە.
لەماوەی پێشودا فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەوڵیان دا پێش تەواوبوونی رێکارەکان بڕیارەکە هەڵوەشێننەوە و بۆ ئەمەش لە ماوەی پێشودا کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق، رایگەیاند : "105 پەرلەمانتار یاداشتێکمان ئیمزاکردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک بەڵگە ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکە و وەزارەتی پلاندانانی عیراقی دەکەین بۆ رەتکردنەوەی بڕیاری بە قەزاکردنی قەرەتەپە".
ئەگەر بڕیاری بە قەزابوونی قەرەتەپە(وەک ئەوەی بڵاوکراوەتەوە) جێبەجێ بکرێت، ناحییەکانی جەبارە و کۆکس کە لە سنوری مادەی 140ن و لەڕوی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای کفریی گەرمیانن، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخرێنە سەر قەزا نوێیەکە.
ناحیەی قەرتەپە، ناوچەیەکی کوردستانیی سەر بە قەزای خانەقینە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 47 هەزار کەسە و پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەکە کورد بوو بەڵام دواتر گۆڕدرا بە تەها ئیبراهیم محەممەد، کە لە پارتی تەقەدومی محەممەد حەلبوسییە و ئێستاش، لە دوای دەرچوونی بڕیارەکە، هەمان کەس کراوە بە بەڕێوەبەری ناحیەکە.
شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین لە درێژەی قسەکانیدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند؛ "سکاڵا تۆمار دەکەین و ئەم بڕیارە پێچەوانەی مادە دەستورییەکانە و بۆ مەبەستی هەڵبژاردن دەست بۆ ئەم پرسە براوە"
دەقی چاوپێکەوتنەکە: