د.نەرمین مەعروف: ناردنی موچە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ
محەمەد رزگار
٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی دەڵێت: لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق پێی راگەیاندین، هەر کاتێک حکومەتی هەرێم مەرجەکانی رێککەوتنەکەی جێبەجێکرد راستەوخۆ موچە دەنێرین.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، تەیف سامی گەشبین بوو بە رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد، بەڵام وەزیری دارایی عیراق ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەرێم مانگانە 120 ملیار داهاتی ناوخۆ بنێرێت، هاوکات هەرنادەکردنەوەی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە دەستپێبکاتەوە و رۆژانە بڕی 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
وتیشی، هەر کاتێک هەرێم مەرجەکانی رێککەوتنەکەی جێبەجێکرد راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە دەنێردرێت.
د.نەرمین مەعروف ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی هاوبەش بەدواداچوون بۆ داهاتی ناونەتیی هەرێم دەکات، هەروەها لە دوو رۆژی داهاتوودا راپۆرتی تایبەت بە رەوشی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تەواو دەبێت و رادەستی حکومەتی عیراق دەکرێت.
سەبارەت بە بانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند، دەبێت لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا پرسی بە بانکیکردنی موچە لە هەرێم تەواو بکرێت.