بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی کەمئاوی، لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بە گوژمەی 48 ملیۆن دینار، 18 بیری ئاو لە سنوری بەڕێوەبەرایەییەکە خرانەکار
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی چەمچەماڵ بڵاویکردەوە، لەسەر بودجەی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی قەزای چەمچەماڵ 18 بیر لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیەکەیاندا خراونەتە کار.
بەڕێوەبەرایەتیەکە ئاماژەی بەوەکردوە، پرۆسەی کارا کردنی بیرەکان لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی ئاوەوە جێبەجێ کراوە.
شێوازی دابەشبونی بیرەکانیش بەمشێوەیەیە؛ سێ بیر لە یەکەی ئاوی کانی شەیتان، شەش بیر لە ناحیەی شۆڕش، هەشت بیر لە ناحیەی تەکیەی کاکەمەند، لەگەڵ بیرێک لە ناحیەی شوان.
بەرێوەبەرایەتییەکە جەختیکردوەتەوە دوای کەوتکەکاری ئەو بیرانە، لە سنوری هەرسێ ناحیەکەی قەزای چەمچەماڵ، تاڕادەیەکی بەش گرفتی کەمئاوی چارەسەر دەکرێت.
بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک، کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی متمانەی هەڵسەنگاندنی جیهانیی لە لایەن دەستەی متمانەپێکردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و دڵنیایی جۆری وڵاتی ئوردنی پێدرا و بەمەش بڕوانامەی دەرچوەکانی لە جیهاندا باوەڕپێکراو دەبێت.
کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی متمانەی نێودەوڵەتیی ئوردنی بەدەستهێنایەوە و زانکۆی سلێمانیش دەڵێت؛ ئەمە بەرزڕاگرتنی ئاستی ئەکادیمی و زانستیی کۆلێژی پزیشکی لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەکە.
زانکۆی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، دەستەی متمانەبەخشین و دڵنیایی جۆریی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە شانشینی ئوردن، بڕیاری بەردەوامیدان بە بەخشینی بڕوانامەی متمانە و دڵنیایی جۆری بۆ کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی دەرکرد.
بەپێی نوسراوی رەسمی دەستەکە، ئەنجومەنی دەستەکە بڕیاریداوە بە نوێکردنەوە و بەردەوامیدان بەبڕوانامەی متمانەبەخشین بۆ پڕۆگرامی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی.
ئەم بڕیارەش وەک بەڵگەی پابەندبوونی بەردەوامی زانکۆی سلێمانی دەستنیشان کراوە بۆ پاراستنی ستانداردە جیهانییەکانی خوێندنی پزیشکی و بەرزڕاگرتنی ئاستی ئەکادیمی و زانستیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئیمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە لەبارەی رەوشی سیاسیی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر بەخێرهاتنی کونسوڵی نوێی فەڕەنسای کرد بۆ کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی مێژویی کوردستان و فەڕەنسا کرا و قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەت و گەلی فەڕەنسای کرد کە بە تایبەت لە ساڵی 1991بەدواوە بەردەوام پشتیوان و هاوسۆزی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان بوون.
هەردوولاش هاوڕابوون کە پێویستە لەم قۆناغەدا ئاستی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا بەهێزتر بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش جەختیان کردەوە لەسەر کاری هاوبەش بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا و کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا پیرۆزبایی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی لە خەڵکی کوردستان کرد و هەردوولاش هاوڕابوون ئەم روداوە دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر لێکنزیکبوونەوەی زیاتری لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.
لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی فەڕەنسای کرد کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو هاوکار و هاندەر بووە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە سەردانەکەی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ وڵاتی فەڕەنسا و بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلمی کان کرا.
لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە کان لە رێگەی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستانەوە گەورەترین فەندی فیلمی کوردی بۆ پێشخستنی زیاتری سینەمای کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری توانای سینەماکارانی کورد راگەیاندووە.
ئەنجومەنی نوێنەران چەند راسپاردەیەكی گرنگی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوتەمەنی لە عیراق و هەرێم پەسەند كرد، داواش دەکات پەلە بکرێت لە ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێم.
لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر كۆمەڵێك راسپاردە دا بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوتەمەنی لە عیراقدا و داوادەکات چاو بە بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی سوتەمەنی بخشێنرێتەوە و پلانێكی خێرا بۆ رێگری لە قەیرانەكە دابنرێت.
هەروەها جەخت لەسەر زیادكردنی چاودێری و رێگریكردن لە قاچاغچییەتی، دابینكردنی سووتەمەنی پاڵپشتیكراو بۆ جووتیاران دەكاتەوە.
لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەنجومەنی نوێنەران داوایکردوە پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان نەوتی سپی بە هەرێم بنێردرێت و پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەی سوتەمەنی.
بە ئامادەبوونی دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن(MoU) لەنێوان نەخۆشخانەی هیوا لە پارێزگای سلێمانی و گروپی نەخۆشخانەکانی Oncoavance لە هەرێمی ئەندەلوسیای ئیسپانیا واژۆ کرا.
ئەم یاداشتنامەیە بە ئامانجی پەرەپێدانی هاوکارییە تەندروستییەکان و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی زانست، ئەزموون و شارەزایییە پزیشکییەکان لە نێوان هەردوو لایەن ئیمزاکراوە و دەکرێت ببێتە بناغەیەک بۆ دروستکردنی بەرنامە و پرۆژەی هاوبەشی زیاتر لە بواری تەندروستی.
ئەم هاوکارییە بە پاڵپشتی لۆجستیکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا و بە هاوکاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بە هەوڵ و ماندووبوون و توانای پیشەیی د. نەشمیل بەکر ئیبراهیم، لەگەڵ بەشداری و رۆڵی خوان باستیدا و هاوکاریی د. پێدرۆ ڤالێرۆ، دامەزرێنەر و سەرۆکی گروپی نەخۆشخانەکانی Oncoavance، و تیمی کارگێڕی و پزیشکیی ئەو گروپە، بەدەست هاتووە.
ئەم پڕۆژەیە کە زیاتر لە شەش مانگ کاری بەردەوامی لەسەر کراوە، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان و نزیککردنەوەی تواناکان و ئەزموونە پزیشکییەکانی هەردوو لایەن هەژمار دەکرێت.
لە چوارچێوەی ئەم یاداشتنامەیەدا، پلانێکی هاوبەش دانراوە بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا تیمێکی پزیشکی و پسپۆڕی پێکهاتوو لە نزیکەی 10 پزیشک و پسپۆڕ لە گروپی نەخۆشخانەکانی Oncoavance سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەپێی ئەم پلانە، تیمی پزیشکیی ئیسپانی بۆ ماوەی یەک هەفتە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمە پزیشکییە ناوخۆییەکان هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون دەکەن. ئەم چاڵاکییە بە شێوەی خۆبەخش و بێبەرانبەر ئەنجام دەدرێت و ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە بەشداریکردن لە پەرەپێدانی توانای کادرە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم هاوکارییە، کردنەوەی دەرگای نەخۆشخانەکانی Oncoavance بۆ نەخۆشانی هەرێمی کوردستانە، بە تایبەتی بۆ ئەو حاڵەتانەی کە پێویستیان بە پشکنین، راوێژی پسپۆڕانە یان خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێشکەوتووەکان هەیە.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هاوکارییە تەندروستییەکان کردووەتەوە و هەوڵ دەدات بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ دامەزراوە و نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی ئیسپانیا، ڕێگا بۆ گواستنەوەی شارەزایی، ئەزموون و تەکنەلۆژیای پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات.
ئەم یاداشتنامەیە تەنها چوارچێوەیەکی هاوکاریی دامەزراوەیی نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە هاوکارییە تەندروستییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا.
قوباد تاڵەبانی، پیرۆزبایی یادی لەدایکبوون لە نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت، "ئەمڕۆ من ئەمە بۆ سەرۆک نانووسم؛ بەڵکو بۆ هاوڕێیەکی زیاتر لە بیست ساڵەم دەنووسم، ئەم هاوڕێیەتییە پێش ئەوەی بەدەستی بهێنم بۆم ماوەتەوە، بەردەوامیی و درێژکراوەی ئەو هاوڕێیەتی و پەیوەندییە قووڵەیە کە لەگەڵ سەرۆک مام جەلالدا هەتبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵەکان هاوڕێیەتییەکە بە تەواوی بووە هی خۆمان".
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: یادی لەدایکبوون تەنها وێستگەیەکە لە ژیاندا و ژیانی جەنابیشت پڕە لە وێستگەی زۆر گرنگ و کاریگەر بۆ کوردستان، بۆ حیزبەکەت، بۆ خێزانەکەت و بۆ هەموو ئێمەش کە بەشێک لەم ڕێگەیەمان لەگەڵتدا بڕیوە. ئەمانە ئەو دەستکەوتانەن کە دەبێت شانازییان پێوە بکەیت و ئێمەش بە رێز و شکۆوە لێی دەڕوانین.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی
برای زێدە ئازیز کاک نێچیرڤان،
یادی لەدایکبوونت پیرۆز بێت، هاوڕێی خۆشەویستم.
پۆست و نازناوەکان دێن و دەڕۆن - سەرۆکی هەرێم، سەرۆکوەزیران... - و تۆ بەرزترینەکانیانت بە سەربەرزییەوە هەڵگرتووە. بەڵام ئەمڕۆ من ئەمە بۆ سەرۆک نانووسم؛ بەڵکو بۆ هاوڕێیەکی زیاتر لە بیست ساڵەم دەنووسم.
ئەم هاوڕێیەتییە پێش ئەوەی بەدەستی بهێنم بۆم ماوەتەوە، بەردەوامیی و درێژکراوەی ئەو هاوڕێیەتی و پەیوەندییە قووڵەیە کە لەگەڵ سەرۆک مام جەلالدا هەتبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵەکان هاوڕێیەتییەکە بە تەواوی بووە هی خۆمان.
لەناو ئەو هەموو قەیران و ساتە ئەستەم و رۆژە ناخۆشانەی کە پێکەوە پێیدا تێپەڕبووین، ئەگەر هاوڕێیەتییەکەمان راستەقینە و لەسەر بنەمای متمانەیەکی تەواو نەبایە، بە ئاسانی دەکرا ئەم هاوڕێیەتییەمان بپچڕێت. بەڵام پێکەوە بەسەر سەختی و ناخۆشییەکان، هەوراز و نشێوییەکاندا زاڵ بووین و هاوڕێیەتیمان پتەوتر و شکۆدارتر بوو. ئەمڕۆ زیاتر لە هەر شتێکی تر سوپاسگوزاری ئەم هاوڕێیەتییە شکۆدارەم.
یادی لەدایکبوون تەنها وێستگەیەکە لە ژیاندا و ژیانی جەنابیشت پڕە لە وێستگەی زۆر گرنگ و کاریگەر بۆ کوردستان، بۆ حیزبەکەت، بۆ خێزانەکەت و بۆ هەموو ئێمەش کە بەشێک لەم ڕێگەیەمان لەگەڵتدا بڕیوە. ئەمانە ئەو دەستکەوتانەن کە دەبێت شانازییان پێوە بکەیت و ئێمەش بە رێز و شکۆوە لێی دەڕوانین.
هیوای تەندروستی، بەختەوەری و تەمەندرێژیت بۆ دەخوازم. دڵنیام کە چەندین وێستگەی دیکەی گرنگ لە ژیانتدا تۆمار دەکەیت و ئێمەش شانازی دەکەین کە وەک هەمیشە برا و هاوڕێ و هاوکار و پشتیوانت بین.
لەگەڵ رێز و خۆشەویستییەکی قووڵدا
برا و هاوڕێتان
قوباد تاڵەبانی
عەلی زەیدی، بەبۆنەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی نیشتمانیمان و یەکگرتوویی بڕیاری بەرگریمان".
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X رایگەیاندووە: پیرۆزبایی لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عیراق و پاڵەوانانی پێشمەرگە دەکەین، بەبۆنەی تەواوبوونی یەکخستنەوەی پێکهاتەکانیان لەژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و چەسپاندنی کاری دامەزراوەیی.
یەکخستنەوەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە چوارچێوەیەکی دەستووری و یاساییدا و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێکهاتەکانی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی نیشتمانیمان و یەکگرتوویی بڕیاری بەرگریمان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆک بافڵ بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە بەخێرهاتنی کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیای کرد، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و پشتیوانیی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردەوە.
لە دیدارەکەدا بەگرنگییەوە باس لە برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا و جەخت لە فراوانکردنی هاریکارییە هاوبەشەکان کرایەوە، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری بەرژەوەندییە گشتییەکاندا.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران و بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕ و نیشتمانیی یەکێتی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە.
دوای یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا دەڵێت، "یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە باشترین رێزلێنانە لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاندووە: یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەدامەزراوەیی کردنی و دروستکردنی هێزێکی راهێنراوی پیشەیی داواکاری و خواستێکی لەمێژینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و ساڵانێکی زۆریشە هەوڵی بۆ دەدەین. هەربۆیە یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە و رێکخستنەوەیان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوێکی مێژووییە و باشترین رێزلێنانە لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: بەم بۆنەیەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم و دڵنیاشیان دەکەینەوە بۆ لەمەودواش بە هەموو توانامانەوە پشتیوانیان دەبین و کار دەکەین بۆ ئەوەی دووریان بخەینەوە لە هەرچەشنە دەستێوەردانێکی سیاسی و حیزبی. سوپاسی هاوپەیمانەکانیشمان دەکەین کە لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر هاوکارمان بوون بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پیرۆزە.
ئەمڕۆ بەئامادەبوونی لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی وڵاتان، رێوڕەسمی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەشاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ لە هەولێر رێوڕەسمی راگەیاندنی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەڕێوەدەچێت كە تێیدا جگەلە لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان، نوێنەری وڵاتان و هێزەكانی هاوپەیمانانیش ئامادە دەبن .
بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە لە كاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو وەزیری پێشمەرگە كۆتایی هاتنی پرۆسەی یەكخستنەوەی و ریكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی راگەیاند و ئاشكرای كرد، تەواوی هێزەكانی سەر بە هەردوو یەكەی (70و80) لەسەر ئاستی یەك فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵ رێكخراونەتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان و دۆخی گشتیی ناوچەکە کرا و جەخت لە پەرەپێدانی هەنگاوەکان بەرەو لێکتێگەیشتن لەسەر پرسە هاوبەشەکان کرایەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانیدا کرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ کردنەوەی سەنتەری پێدانی ڤیزەی تورکیا لە سلێمانی و بە دەرفەتێکی گرنگی ناوبرد بۆ پتەوکردنی هاریکارییە دووقۆڵییەکان.
سەرۆک بافڵ وەک هەمیشە پشتگیریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و رایگەیاند، یەکێتی هەموو توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ هێنانەدی سەقامگیری و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بە شێوازێکی ئاشتییانە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاشکرایکرد، سبەینێ دەست بە پڕۆسەی قیرتاوکردنەوەی شەقامی سەرچنار دەکرێتەوە و بەو هۆیەوە بەشێکی شەقامەکە بە شێوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، پاش راگرتنی کاتیی کاری قیرتاوکردنی شەقامی سەرچنار بەهۆی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە چەند رۆژی رابردوودا، بەیانیی رۆژی دووشەممە سەعات 9:00ـی بەیانی تیمەکانیان دەست بە پڕۆسەی قیرتاوکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد،، بۆ ئەنجامدانی کارەکان، سایدی رۆیشتن لە مەودای نێوان ترافیک لایتی نزیک بەنزینخانەی تاڤگە تا بەردەم "سیتی سینەما" بە شێوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت.
شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات هاوکاری تیمەکانیان ببن و لە ماوەی جێبەجێکردنی کارەکاندا خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو شەقامە بپارێزن و رێگا جێگرەوەکان بەکاربهێنن، تا کارەکانی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنەکە بە تەواوی کۆتایی پێدێت و شەقامەکە دەخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتییان.
بە سەرپەرشتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند تەوەرێك، لەنێویاندا، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و هاوپەیمانی یەكێتی و نەوەی نوێ.
لەوبارەیەوە، كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو وەفدی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ گەیشتە تاران و لەلایەن سەرۆك كۆماری ئێران و سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران و لێپرسراوانی باڵای ئەمنی پێشوازییان لێكرا، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە یەكێتی وەك هێزیكی كاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق رۆڵێكی كاریگەرو كارای هەیەو بووەتە جێی متمانە لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ و جیهان.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ كۆماری توركیا، وڵاتانی خلیج، بەریتانیا، فەڕەنساو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیەو مەبەستییەتی پەیوەندییەكی بەهێزی سیاسی و ناوخۆیی و هەرێمی هەبێت بۆ پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان، ئەم پەیوەندییە هاوبەشانەش بخاتە خزمەتی گەلەكەمان.
وتیشی، یەكێتی سورە لەسەر بەڵێنەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و هاوسەنگكردنەوەی هێز و راستکردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی لە هەرێم.
کاروان گەزنەیی جەختی لەوەشكردەوە، یەكێتی پابەندە بە هاوپەیمانییەكەی لەگەڵ نەوەی نوێ و بۆ هەر دانیشتنێكی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم وەكو هاوپەیمانییەكە بەشداردەبێت، وتیشی، یەكێتی راستگۆیە لەگەڵ یار و نەیارە لەبەڵێنەكانیدا.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی وتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لە نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ رێککەوتنێک لەبارەی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی نەکراوە.
راشیگەیاند، لەماوەی رابردوودا یەكێتی وەك حزبێكی ئازاو بوێرو دلێر دەستی بە گۆڕانكاریی ناوخۆیی كردو خۆی نوێكردووەتەوە بۆ قۆناغی نوێی خەبات و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان، هاوكات گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی بەشێوەیەكی ئەرێنی بەردەوامەو شوێن و پێگەی هەموو ئەندامانمان پارێزراوە.
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی كۆتایی هات.
بڕیارە وتەبێژی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بۆ رای گشتی روونبکاتەوە.
قارەمان جەوهەر، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە هەولێر دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز بیسترا.
دوای چەند خولەکێک لە بیسترانی دەنگی تەقینەوەکە، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ تەقاندنەوەیەکی کۆنترۆڵکراویان بۆ پاشماوەی تەقەمەنییە نەتەقیوەکان لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەنجامدا، کە بووە هۆی بیسترانی دەنگێکی بەرز لە چەند بەشێکی شارەکەدا.
دواتریش دژە تیرۆری هەولێر ئاشکرایکرد، هەموو لایەک دڵنیا دەکەنەوە دەنگی ئەو تەقینەوانەی کە ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای هەولێر بیستران، مەشق و راهێنانی سەربازی و چالاکیی ئەمنی بووە و هیچ جێگەی مەترسی نین.
لە قامیشلۆ هێرشکرایە سەر هێزەکانی ئاسایش و ئەندامێکیان شەهید بوو، پەیامنێری کوردسات نیوز رایدەگەیەنێت هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە دەستپیکردووە.
موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر کاروانێکی هێزەکانی ئاسایش لە باشوری رۆژئاوای شاری قامیشلۆ، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوو.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کراوەتەسەر هێزەکانی ئاسایش کە ئەرکیان پاراستنی تانکەرەکانی نەوتە، لە ئەنجامدا رووبەڕووبوونەوە رویداوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوەیان بۆ دەستگیرکردنی هێرشبەران دەستپێکردووە.