بڕی 120 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عیراق
محەمەد رزگار
٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی هەرێم داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد کرد، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەمڕۆ حکومەتی فیدراڵ موچەی مانگی پێنج رەوانە بکات.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد: بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عیراق.
ئەوەشی خستەڕوو، 120 ملیار دینارەکە بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق.
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە بەغداد بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بریارە ئەمڕۆ موچەی مانگی پێنجی موچەخۆران رەوانەی هەرێم بکرێت.