ئەبوبەکر هەڵەدنی: لە رابردوودا سەرۆک مام جەلال کێشە گەورەکانی زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەکرد
محەمەد رزگار
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥
سیاسەتمەدارێک دەڵێت: کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد درێژخایەنن و نابێت هەرێم پاساو بۆ بەغداد بهێڵێتەوە.
ئەبوبەکر هەڵەدنی سیاسەتمەدار لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند: هەرێم بەشێک لە پاپەندییەکانی بەرانبەر عیراق جێبەجێ نەکردووە.
وتیشی، بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد درێژخایەنن، هەروەها کێشەکانی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ حکومڕانی ناتەندروست.
ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەوەشی خستەڕوو، شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم بەغدادە، هاوکات تا هەرێم نەوت و داهاتی ناوخۆ رادەست نەکات بەغداد موچە نانێرێت.
ئەو سیاسەتمەدارە لە میانی قسەکانیدا ئاماژەی بە کارامایی سەرۆک مام جەلال کرد و رایگەیاند، لە رابردوودا سەرۆک مام جەلال لەکاتی نانخواردنی بەیانی کێشەی قوڵی چارەسەر دەکرد، هەروەها کێشە گەورەکانی زۆر بە ئاسانی تێدەپەڕاند.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت وتی: دەبێت پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان.
ئەبوبەکر هەڵەدنی دەشڵێت: گەورەترین چەکی هەرێم یەکڕیزی ناوخۆییە بۆ روبەروبونەوەی کێشەکان.