دوو سکاڵای دژ بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە رەتکرایەوە
محەمەد رزگار
٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٥
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە دژی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تۆمارکرابوون.
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە، کە لەلایەن شەش ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دژی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تۆماکرابوون و تێیدا داوایان کردبوو رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە رابگیرێت.
هاوکات نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، کۆتا بەربەستی بەردەم یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تێپەڕی و دادگای فیدراڵی بڕیاری لە بەرژەوەندی پارێزگاکەمان دا.
ئاماژەی بەوەشداوە، سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ سەرجەم ئەو لایەنانەی کە هاوکارو و پاڵپشتبوون لە پڕۆسەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەدا.