
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە بڕیارێکی رەسمیدا ئاگاداری سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکانی سنوورەکەی کردەوە کە هیچ کەناڵێکی راگەیاندن ناتوانێت بچێتە ناو ناوەندەکانی خوێندن بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی و رێگەپێدانی پێشوەختە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی.
لە بڕیارەکەی پەروەردەی سلێمانیدا جەخت کراوەتەوە کە هەر سەرپێچییەک روبدات، سەرپێچیکاران رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی جدی دەبنەوە.
بەڕێزان/کەسوکار و خانەوادەی خاتوو ئافتاو عەلی
بۆ کۆچی دوایی خاتوو ئافتاو عەلی هاوژینی کۆچکردوو کاک حەمە خورشید قادر باوەگێڵدی لە هۆزی عوزێری ،دایکی پارێزەر ژینۆ، دکتۆر فوئاد و کاک فریاد ، لەناخی دڵەوە پرسە و ماتەمی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و خانەوادە بەڕێزەکەتان دەکەین و لەیەزدانی مەزن داواکارین کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات و ئارامی بە خێزان و کەسوکاری کۆچکردوو ببەخشێت .
انا للە وانا الیەراجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، باس لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و داشکاندن بۆ قەرزی کۆنی کارەبا کراوە.
بڕگەی یەکەم؛ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاندووە: لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، راپۆرتێکی وردی سەبارەت بە پرۆسەی رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە خستەڕوو و هەنگاوە ئەنجامدراوەکان و پلان و پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتووی پرۆسەکەی ڕوون کردەوە، هەروەها باس لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا بۆ یەکسانکردنی مووچە، پلە، دەرماڵە و شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی بەرگریی حکومەتی فیدراڵ و جێگیرکردنی پێداویستییە دارایییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵی؛ بەو پێیەی هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و بە دەسکەوتێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی ناوی برد و جەختی لە بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی و پیشەییکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و پاراستنی دەسکەوتەکانی کردەوە، هەروەها پێداگریی لەسەر یەکسانکردنی موچە و شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی بەرگریی حکومەتی فیدراڵ کرد.
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران، وەفدی باڵای دانوستانکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپارد کە لە دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027دا بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی موچە، دەرماڵە، شایستە دارایییەکان و پێداویستییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ، هەروەها گرنگیی رۆڵی نوێنەر و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداد بۆ داکۆکیکردن لەم داواکارییە لە پرۆسەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی 2027 دووپات کرایەوە.
بڕگەی دووەم؛ داشکاندن بۆ قەرزی کۆنی کارەبا
ئەنجومەنی وەزیران دەلێت، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا ماوەی سوودمەندبوون لە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبووەکانی کارەبا لە 2026/9/24 تا 2026/10/18 بە هەمان مەرج و بڕگەکانی بڕیاری پێشوو درێژ بکرێتەوە؛ بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ هاووڵاتیان بڕەخسێت لە داشکاندنەکە سوودمەند بن و قەرزەکانیان یەکلایی بکەنەوە و داهاتی بەدەستهاتووش جارێکی دیکە بۆ دابینکردن و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا خەرج بکرێتەوە.
بڕگەی سێهەم
بەپێی زانیارییەکان، لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای کۆمپانیا گشتییەکان ژمارە (22)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان دا ، هاوشانی یاسای کۆمپانیاکان ژمارە (21)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو، وەک دوو یاسای تەواوکاری یەکتر؛ بە مەبەستی کاراکردنی دامەزراوە گشتییەکان، پەرەپێدانی ژینگەی بازرگانی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگکردنی چوارچێوە یاساییەکان لەگەڵ یاسا فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوا دەرفەت دەداتە هاوبەشانی کارەبا بۆ دانەوەی قەرزەکانیان بە داشکاندنەوە و بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی داشکاندن بە رێژەی 50٪ قەرزەکانیان.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی دوا دەرفەت بە هاوبەشانی کارەبا لە سەرانسەری هەرێم، تاوەکو لە رێگەی پڕۆژەی روناکییەوە بە داشکاندنی رێژەی 25٪ و 50٪ قەرزە کەڵەکەبووەکانی کارەبایان بدەنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە سبەینێوە تا رۆژی 18ـی10ـی 2026 سەرجەم هاوبەشانی ماڵان، کشتوکاڵی، بازرگانی، و پێشەسازی دەتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.
ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر هاوبەشان لەم ماوە دیاریکراوەدا سوود لەم دەرفەتە وەرنەگرن، دوای رێکەوتی 18ـی10ـی 2026 تەواوی قەرزەکانیان بەبێ هیچ داشکاندنێک دەکرێتە قستی مانگانە و راستەوخۆ دەخرێتە سەر پسولەی مانگانەی کارەباکەیان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ئەم هەنگاوەی حکومەت لەپێناو دادپەروەری و ئاسانکارییە بۆ نزیکەی 800 هەزار هاوبەشی کارەبا لەکۆی دوو ملیۆن کە هێشتا قەرزی کۆنیان لەسەر ماوە.
هێڵی ئاسمانیی تورکش ئێرلاین لە ئاگادارییەکی ئەلیکترۆنیدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە گۆڕانکاریی وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان و پێشخستنیان ئاگادارکردوەتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی بەشی پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە رێکەوتی 2ـی10ـی 2026ـوە هێڵی تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکە دەستپێدەکاتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە قۆناغی یەکەمدا هەفتانە بە ئەنجامدانی چوار گەشت لە نێوان ئەستەنبوڵ و سلێمانی دەستپێدەکەنەوە و بڕیاریشە، لە 14ـی12ـی2026وە ئاستی گەشتەکان زیاد بکرێن بۆ رۆژانە و تەواوی هەفتە دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە سێ رۆژە تەرمێک دۆزراوەتەوە و داوا لە کەسوکاری دەکات سەردانی پزیشکی دادوەریی سلێمانی بکەن.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە ئەو تەرمی ئەو هاووڵاتیەی دۆزراوەتەوە، ناوی وریا محەمەد مەهدی و لەدایکبووی ساڵی 1988ـە.
ئاماژەی بەوەشکراوە، ناوی دایکی نازەنین ڕۆستەم و لە رێکەوتی 21ـی9ـی2026 تەرمەکەیان لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی دۆزراوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، لە ئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەریی شاری سلێمانییە و داوا لە کەسوکاری یان هەر کەسێک دەکات کە زانیاری لەبارەیەوە هەیە، سەردانی پزیشکی دادوەری بكات یان پەیوەندی بە بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە بکات بە ژمارە مۆبایلی (07731468640).
سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی لەبارەی کۆبونەوەی وەفدی ئەمریکا و ئێران لە ئەمریکا بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ جیهان بە هیواوە دەڕوانێتەوە ئەو کۆبونەوەیە.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردوە، بە ناوی گەلی کوردەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و ستایشم ئاڕاستەی سەرکردایەتی و دانوستانکارانی ئەو دوو گەلە مەزنە دەکەم.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
ئەمڕۆ، جیهان بە هیوایەکی زۆرە دەڕوانێتە کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیویۆرک بۆ گفتوگۆکردنێکی تایبەت و مێژوویی.
بە ناوی گەلی کوردەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و ستایشم ئاڕاستەی سەرکردایەتی و دانوستانکارانی ئەو دوو گەلە مەزنە دەکەم.
بوێرییەکی مەزنی دەوێت بۆ تێپەڕاندنی دەیان ساڵ لە دووبەرەکی، بەڵام سەرکردایەتی راستەقینە بەو جەنگانە ناپێورێن کە دەیانکەین، بەڵکو بوێری هەنگاونان و بەرقەرارکردنی ئاشتییە.
دانوستانکارانی ئێرانی و ئەمریکی ئەوەیان بۆ جیهان سەلماند کە پاڵەوانبوون چۆنە و چۆن بە ژیری، کرداری و ئازایەتییەکی نکۆڵی لێنەکراو رووبەڕووی ئاڵۆزییەکان دەبنەوە.
رێککەوتنێکی هەمیشەیی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا تەسلیمبوون یان لاوازی دەسەڵات نییە، بەڵکو سەرکەوتنێکی هاوبەشە. لەم ساتەدا، کلیلی سەرکەوتنی هەر نەتەوەیەکیان بە دەستی ئەوی دیکەیانە. بە کارکردنی پێكەوەیی، هێز و توانای ئەوەیان هەیە کە بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییە گرنگەکانیان بکەن، کەرامەتی خۆیان بپارێزن و بە جیهانی نیشان بدەن کە شکۆمەندی لە دیپلۆماسیدایە. لەم بارودۆخەدا، پێویست ناکات هیچ لایەنێک بەسەر لایەکەی تردا زاڵ بێت؛ بەڵکو دەکرێت هەردوولا ببنە هاوبەش لە سەرکەوتنێکی مێژویی بۆ ئاسایشی جیهانی.
خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە گیانی داهێنان، ئازادی و سەرکردایەتی ناسراون و خەڵکی شکۆمەندی ئێرانیش، میراتگری شارستانییەتێکی مەزنن بە کولتوورێکی دەوڵەمەند، خۆڕاگر و ژیری ناسراون، شایستەی داهاتوویەکن دوور لە ئاڵۆزی و توندوتیژی.
ئەم کۆبوونەوەیە دەرگا بە رووی سەردەمێکی نوێدا دەکاتەوە، کە تێیدا دەتوانرێت خواستەکانی هەردوو کۆمەڵگا لە کەشوهەوایەکی شکۆمەندانەدا بهێنرێنە دی.
بۆ ناوچەکەمان، کاریگەرییە گەورە و بەردەوامەکانی ئەم بارودۆخە بە هیچ شێوەیەک نابێت کەم سەیربکرێن. لێکتێگەیشتنی سەرکەوتووانەی نێوان واشنتن و تاران، دەبێتە بناغەیەکی راستەقینە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام، سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووریی هاوبەش بۆ هەموو لایەک.
بۆ ئەو سەرکردە و دیپلۆماتکارانەی کە بەردەوامن لە ئەم کارە گرنگە: جیهان چاوی لە ئێوەیە و دڵمان لەگەڵتاندایە. بە هەمان ئەو رۆحییەت و بوێرییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆن کە لەسەر ئەم مێزە کۆیکردنەوە، بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن. ئێوە پێشتر ئەوەتان سەلماندووە کە گۆڕانکاریی مێژوویی شتێکە بەدەستدەهێندرێت، ئێستاش، با بەڵێنی سبەینێیەکی پڕ لە ئاشتی بدەین.
خودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بپارێزێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەحمەد شەرع رایگەیاند، بە رەسمی ناسینی مافە کانی کورد و زمانی کوردی ئەرکێکی رەوایە و لە مەرسومە 13 خاڵیەکەدا چەسپاوە و دوای 100 ساڵ پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا.
لە میانی کۆبونەوەکانی لە ئەمریکا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا رایگەیاند، رێککەوتون لە ناوچە کوردنشینەکاندا خوێندن بە زمانی کوردی بخوێندرێت و ئێستا تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی دارشتنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیەن.
بە گوێرەی مەرسومە 13خاڵیەکەی کە ئەحمەد شەرع ئیمزای کردوە، رەگەزنامە دەبەخشێتە ئەو کوردانەی بێ رەگەزنامەن و سەرژمێریی ساڵی 1962 هەڵدەوەشێنێتەوە.
مەرسومەکە، بە رەسمی داندەنێت بە کوردا وەک بەشێکی سوریا و زمانی کوردیش وەکو زمانێکی نیشتمانی لە خوێندنگەکاندا جێگیر دەکات و نەورۆزیش وەکو پشویەکی رەسمی وڵاتەکە دیاری کراوە.
شەرع ئاماژەی بەوەشکردوە، قۆناغی راگوزەر سنوردارە بۆ پێنج ساڵ و نابێت وەک پێوەرێک بۆ بەردەوامیی دەوڵەتی سوریا بەکاربهێنرێت و کار بۆ باشترکردنی یاساکان لە رێگەی مەجلیسی گەلەوە بەردەوامە.
ئەم قسانەی ئەحمەد شەرع لە کاتێکدایە تا ئێستا خوێندن بە زمانی کوردی بە تەواوەتی نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ناوچە کوردییەکان رۆژانە دژی نەخوێندن بە زمانی کوردی و مامڵەنەکردن لەگەڵ زمانەکەدا وەک زمانێکی رەسمی خۆپیشاندانە.
بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و بڕگەکانی یەکخستنەوە و یەکسانکردنی موچەی پێشمەرگە و درێژکردنەوەی داشکاندنی قەرزی کارەبای هاووڵاتیان تاوتوێبکرێن.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەپێی کارنامەی رەسمی کۆبوونەوەی ژمارە 175ـی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:
هاوکات، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانی لە هۆڵی 'مامۆستا سەعد' لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی دوو سەعات بەردەوام دەبێت.
شارەوانیی هەولێر بڵاویکردەوە، لە پێناو پاراستنی سیمای شار و رێگریکردن لە زێدەڕۆیی، هەڵمەتێکی فراوانی لابردنی بەنزین فرۆشەکانی سەر شەقامەکانیان دەستپێکردووە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، ئەمشەو تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی دوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵمەتێکی فراوانی لابردنی بەنزین فرۆشەکانی سەر شەقامەکانیان دەستپێکرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم دیاردەیە لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەبێ هیچ مۆڵەتێک و مەرجی سەلامەتی و رەچاوکردنی کوالێتی و رێنماییەکان، بەنزینی خراپ بەسەر هاوڵاتیان و شوفێراندا ساغدەکەنەوە.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، جگە لە ناشرینکردنی سیمای شار، ئەم کارە مەترسییەکی گەورەیە بۆ گیانی خودی فرۆشیارەکانیش، لەبەر ئەوەی هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە و ئەگەری رووداوی نەخوازراو و کەوتنەوەی ئاگریشی زۆرە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، تەمەنی خانەنشینی کەسوکاری شەهیدانی فراوانکرد و بۆ سودمەندبوون دەبێت بەڵگەی سەلمێندراو هەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە: بەپێی فەرمانە نوێیەکەی ئەنجومەنی وەزیران، بە ژمارە (11760) لە ڕۆژی 2026/9/17، بڕگەی (سێیەم/2) لە فەرمانەکانی پێشووتر هەموار کراوەتەوە، لە دەقە هەموارکراوەکەدا بڕیار دراوە، کە مافی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ، جگە لە کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان، ئەم توێژانەی خوارەوەش بگرێتەوە:
- ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدانی کوردی فەیلین.
- ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، کە بەپێی یاسای دەزگای شەهیدانی (ئیتیحادی) ژمارە (2)ی ساڵی 2016ی هەموارکراو تۆمارکراون.
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە فەرمانەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانە لەم بڕیارە، پێشکەشکردنی بەڵگەی فەرمییە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی دۆسییەکانیان.
پرۆژەی روناکی هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکاتەوە، پێویستە هەموو قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی روناکی کە ماونەتەوە لە رێگەی قیستی مانگانە بەبێ هیچ داشکاندنێک لە ماوەی 24 مانگدا بدرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم رێکارە لە مانگی 10ـوە چاپدەکرێت و دەبێت لەگەڵ پسوڵەی مانگانەی کارەبای روناکی بدرێت.
پرۆژەی روناکی ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ ئەو هاوبەشانەی قەرزی کۆنیان لەسەرە ماوەی ئاسایی 50 رۆژی پارەدانی پسولەی کارەبایان لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
ماوەی دانەوەی قەرزەکەش، بۆ هاوبەشانی کارەبای بازرگانی گەورە و پیشەسازی شەش مانگە و بۆ بازرگانی بچوک 12 مانگ و بۆ کشتوکاڵ و ماڵان 24 مانگە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پرۆژەی روناکی هەر هاوبەشێکی کارەبا، قەرزی پێش روناکی نەداتەوە، دوای 50 رۆژ کارەباکەی دەبڕدرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە لی جوون ئیڵ، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عیراق و ئونگیۆهه شیم، کونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆک بافڵ بەبۆنەی دەستبەکاربوونیانەوە پیرۆزبایی لێکردن و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێکانیاندا بۆ خواستن، هاوکات پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپاتکردەوە.
هەروەها جەخت لە برەودان بە هەماهەنگی و فراوانکردنی پەیوەندییەکان کرایەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی دیپلۆماسی، ئابووری و کولتووریدا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ د.دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و بریکاری وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە 22ـی 9ـی 2026 بەڕێوەچوو، د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانان راپۆرتێکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکە پێشکەش کرد و سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد کە هەمیشە پشتیوان و هاوکاریان بووە.
جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە وەزیر و هەموو بەڕێوەبەرەکان و ستافی وەزارەتی پلاندانان کرد، کە لە ماوەکانی رابردوودا بە باشی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە و بە تایبەتیش ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی وەزارەتی پلاندانان کرد لە سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عیراق و چەسپاندنی رێژەی راستەقینەی کورد لە پرۆسەکەدا.
قوباد تاڵەبانی داوایکرد وەزارەتی پلاندانان گرنگیی زیاتر بە بابەتی کوالێتیی کۆنتڕۆڵ بدەن و رێوشوێنی باشتر بگرنەبەر، چوونکە ئەم پرسە پەیوەندیی راستەوخۆی بە تەندروستیی هاووڵاتییانەوە هەیە. هەروەها پاش ئاماژەدان بە گرنگیی داتا لە پرۆسەی حکومڕانیدا، داواشیکرد لە کۆکردنەوەی داتادا سوود لە ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرن.