بافڵ تاڵەبانی: هیوادارم هیچ لەمپەرێک بۆ ناردنی موچە دروست نەکرێت
هەساو ئەمیر
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە دەباشان کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان چوونەتە بەغداد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆمانکرد بۆ گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ناردنی موچە، ئێستا کە کاتی جێبەجێکردنیەتی هیوادارە هیچ لەمپەرێک دروست نەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و باسیان لە دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان سەرجەم لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق کراوەتەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.
لەبارەی لێکتێگەیشتنی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد: ئێمە بە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان چووینە بەغدا و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆمانکرد بۆ گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ناردنی مووچە، چونکە مووچەخۆران لە دۆخێکی سەختدان، ئێستاش کە کاتی جێبەجێکردنیەتی هیوادارم هیچ لەمپەرێک دروستنەکرێت، هەروەها لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
سەرۆکی یەکێتیی راشیگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕوای بە سیاسەتی چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە هەیە و هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی موچەخۆرانە.