وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر پرسی موچە و رادەستکردنی داهاتی نانەوتی گەیشتونەتە لێکتێگەیشتن.
سەرچاوەیەک وەفدی باڵای هەرێم بە محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوزی رایگەیاندووە، هەرێم و بەغداد رێکەوتوون لەسەر ئەوەی داهاتی گومرکی لە سەدا پەنجا بە پەنجا بێت و بە نیوەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دابەش دەکرێت، هاوکات هەفتەی داهاتوو وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دارایی عیراق و لیژنە وزارییەکە کۆدەبێتەوە و داهاتی باج و رسومات یەکلایی دەکەنەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عیراق رازی بووە کە لە دوای مانگی شەشەوە بە 120 ملیار دینارەکە بچێتەوە، ئەمەش رەزامەندی تەیف سامیی لەسەرە ، بەڵام هێشتا لەسەر هیچ ژمارەیەکیش رێکەوتن نەکراوە.
وتیشی، وەزارەتی دارایی عیراق لە چاوەڕوانی گەیشتنی نوسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش، لە کاتی گەیشتنی نوسراوەکە بۆ دارایی عیراق، ئەوکات لەسەر بنەمای ئەو نوسراوە تەیف سامی ئیمزا لەسەر خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی شەش دەکات.
ئاشکرایشیکرد، لە کاتی رادەستکردنی 120 ملیارەکە لەلایەن هەرێمەوە بە بەغداد و تەواو کردنی (رێکارەکانی) دەستپێکردنەوەی نەوت، راستەوخۆ پارەی موچەی مانگی شەش خەرج دەکرێت، واتا تەنها تەواوکردنی رێکارەکان نەک هەناردەکردنەوەی نەوت.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، خەرجکردنی موچەی مانگی شەش پەیوەست کراوە رادەستکردنی 120 ملیارەکە و تەواوکردنی ریکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی عەقید سمکۆ ئەحمەد ناسراو بە (حاجی سمکۆ) بڵاوکردەوە.
دەقی پرسەنامەکە
بەداخ و خەمێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی عەقید سمکۆ ئەحمەد ناسراو بە (حاجی سمکۆ) ئەفسەر لە دەزگای ئاسایشی هەرێم-مان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی دەزگای ئاسایشی هەرێم و کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەیان دەکەین.
لە خوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شادبکات، سەبووری و دڵنەوایی بەهەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق کۆتاییهات.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولادا هەبووە سەبارەت بە پرسی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم.
هەر بەپێی زانیارییەکان، وابڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدێکی دیکەی حکومەتی هەرێم بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکان و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی ٤8 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان بەگشتی ساماڵ بێت، و پلەکانی گەرما 1 تا 2 پلە نزم ببنەوە.
سەبارەت بە سبەی پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سوک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری هەرێم. هاوکات، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ٤48 کاتژمێری داهاتوو:
هەولێر: 42
سلێمانی: 41
دهۆک:41
کەرکوک:43
زاخۆ: 42
هەڵەبجە: 42
سۆران: 41
حاجی ئۆمەران: 35
گەرمیان: 45
دوای زیاتر لە 50 کاتژمێر ئاگرەكەی سنوری هەڵەبجە كۆنترۆڵكرا، كە بەهۆیەوە پۆلیسێكی دارستان و هاوڵاتییەكی خۆبەخش گیانیان لەدەستدا و هەزاران دۆنم باخ و دارستانی سروشتی و پوش و پاوان لە سنوری چوار گوند سوتا.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەڵەبجە رایگەیاند، بە هەوڵی هاوبەشی تیمەكانی بەرگری شارستانی هەڵەبجە و سلێمانی و هاوڵاتییانی خۆبەخش، ئاگرەكە كۆنترۆڵكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، تیمەكانیان لە شوێنی رووداوەكە بڵاوەپێكردووە بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەكە.
زانیاری زیاتر لەبارەی کوژاندنەوەی ئاگرەکەوە:
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ سەردانی سەنتەری میترۆی بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان کرد و لەلایەن تیمی سەنتەرەکە و تۆڕی هاوپەیمانیی 19 پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەبارەی ئازادیی میدیا، دۆخی رۆژنامەگەریی کوردی و ئەو پێشێلکاری و ئاستەنگانەی روبەروی رۆژنامەنووسان دەبنەوە لە هەرێمی کوردستان کرا.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، تیمی سەنتەری میترۆ پیرۆزباییان لە کاروان گەزنەیی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک وتەبێژی یەکێتی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.
لەلایەن خۆیەوە، وتەبێژی یەکێتی جەختی کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەک هەمیشە پشتیوانیی رۆژنامەنووسان دەکەن و کاردەکەن بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی لەبارتر بۆ کاری رۆژنامەوانی.
هاوکات، تیمی سەنتەری میترۆ ئاماژەیان بەوەکرد کە سەردانەکەی وتەبێژی یەکێتی بە دەرفەتێکی گرنگ دەزانن بۆ قسەکردن لەسەر دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی فیدراڵی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام جێبەجێکردنەکەی بە دوو مەرجی سەرەکییەوە بەستووەتەوە.
بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد، زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد، مەرجەکان بریتین لە:
1. چارەسەرکردنی کێشەکان لە 72 کاتژمێردا: پێویستە وەفدی حکومەتی هەرێم لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە داهاتە نانەوتییەکان و پرسی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ بەغداد یەکلایی بکاتەوە.
2. ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار: دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ماوەیەدا بڕی 120ملیار دینار وەک بەشێک لە داهاتە نانەوتییەکان رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بکات.
لەمبارەیەوە، د. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا کارەکان تەواو بکرێن و کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە هەرێم و لیژنەی وەزاری بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی فیدراڵی ئەنجام بدرێت.
ناوبراو رونیکردەوە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، پرسی پابەندبوونی هەرێمە بە ناردنی 120 ملیار دینار مانگانە، کە وەفدی هەرێم هەوڵدەدات ئەو بڕە کەمبکاتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تێڕوانینی هەولێر و بەغداد لەسەر بڕ و جۆری داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم جیاوازە.
سەبارەت بە کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان، د. بڕیار وتی: "داواکاریی کۆمپانیاکان جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە، چونکە لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا هاتووە کە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار خەمڵێنراوە تا ئەو کاتەی لایەنێکی پسپۆڕی نێودەوڵەتی تێچووی راستەقینەی هەر کێڵگەیەک هەڵدەسەنگێنێت. بەڵام کۆمپانیاکان نیگەرانن لەوەی کە عیراق دواتر پابەندی پێدانی شایستە داراییەکانیان نەبێت."
بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر هەردوو لا لەسەر ئەم مەرجانە بگەنە رێککەوتن، ئەوا ئەگەری زۆرە لە هەفتەی داهاتوودا پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکرێت.
لە پڕۆژەی روناکیدا نیوەی هاوبەشانی ماڵان لە کوردستان کەمتر لە 28 هەزار دینارییان بۆ هاتووەتەوە بۆ مانگی شەش و لە سلێمانیش کەمترین بووە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پسوڵەی کارەبای مانگی شەش بۆ هاوبەشانی ماڵان و بازرگانی لە چوارچێوەی پرۆژەی روناکی گەڕاوەتەوە بۆیان و هاووڵاتییان کەرمترین پارە دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی شەشدا، پسوڵەی کارەبا لە شاری سلێمانی کەمترین بوون لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کە بە تێکڕا 16 هەزار دینار بۆ ماڵان هاتووەتەوە.
وەزارەتی کارەبا ئاشکراشیکردووە، لە شاری هەولێر بە تێکڕا 29 هەزار دینار بۆ ماڵان هاتووەتەوە و لە دهۆکیش ماڵان 25 هەزار دینارییان بۆ هاتووەتەوە.
بڕی پسوولەی نیوەی هاووڵاتییان و شوێنە بازرگانییەکان بۆ مانگی شەش لە پڕۆژەی روناکی بەم شێوەیەیە:
کوردستان:
ماڵان: 28،000
بازرگانی: 63،000
هەولێر:
ماڵان: 29،000
بازرگانی: 70،000
سلێمانی:
ماڵان: 16،000
بازرگانی: 69،000
دهۆک:
ماڵان: 25،000
بازرگانی: 46،000
تا ئەمڕۆ، زیاتر لە 2.7 ملیۆن هاووڵاتی کە یەکسانە بە نزیکەی ٪40ی هاووڵاتییانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە لە رێگەی پڕۆژەی روناکییەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە نێو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی عیراق ڕازی بووە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە دانانی دوو مەرجی سەرەکی.
بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد، ئەم زانیارییەی پشتڕاستکردەوە و وردەکاری مەرجەکانی ئاشکرا کرد، کە بریتین لە:
چارەسەرکردنی گرفتەکان لە 72سەعاتدا: پێویستە وەفدەکەی حکومەتی هەرێم لە ماوەی 72 سەعاتی داهاتوودا سەرجەم گرفتەکانی لەگەڵ بەغداد لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان و کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان چارەسەر بکات.
ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ماوە کەمەدا بڕی 120 ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ، رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پرسی کتێبخانە و دەستنووسەکانی مامۆستا و نووسەری کۆچکردوو عەزیز گەردی بڵاوکردەوە، تیایدا جەختی لە هەوڵەکانی حکومەت کردەوە بۆ پاراستنی سامانی کولتووری ئەو نووسەرە گەورەیە.
بەپێی رونکردنەوەکە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە ساتی کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز گەردییەوە، هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ پاراستنی بەرهەمەکان و شایستەی ئەو بەخششە گەورەیە بێت کە مامۆستای کۆچکردوو ژیانی بۆ تەرخان کردبوو لە پێناو خزمەتکردنی وشە و کتێبخانەی کوردی.
وەزارەتی رۆشنبیری راشیگەیاند، نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ کڕینەوەی سەرجەم سامانی کولتووری مامۆستا و کردنەوەی کتێبخانە و مۆزەخانەیەکی تایبەت بە یادگارییەکانی. هەروەها، پێشنیازیان خستووەتەڕوو بۆ میراتگرەکان کە ماڵەکەی مامۆستای کۆچکردوو بکڕنەوە و چەند ئەندامێکی بنەماڵەکە وەک فەرمانبەری حکومەت لە کتێبخانە و مۆزەخانەکەیدا دابمەزرێن.
وەزارەت ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆی "راجیایی" میراتگرەکانەوە، ئەوان رێگەیەکی دیکەیان هەڵبژاردووە. سەرەڕای ئەمەش، وەزارەت وەک حکومەت، بە هاوکاری نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی میراتی رۆشنبیری و کولتووری و دەستنووسەکانی مامۆستای کۆچکردوو وەک "موڵکی گشتی" سەیر بکرێن و مافی خاوەندارێتی ئەو بەرهەمانە هەر لەسەر ناوی مامۆستا عەزیز گەردی بپارێزرێن. حکومەت بەوپەڕی بایەخەوە کار دەکات بۆ وەرگرتنی مافی بەدەستهێنانی رەزامەندی لەسەر پاراستن و چاپکردن و بڵاوکردنەوەیان لە پێناو سوودی گشتی.
لە کۆتایی رونکردنەوەکەدا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان داواکارییەک ئاراستەی میراتگرە بەڕێزەکان دەکات کە لە ئاست "بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەیی"دا بەدەم بانگەوازەکەیانەوە بێن بۆ ئەوەی گیانی مامۆستای کۆچکردوو بە چاپکردنی دەستنووس و بەرهەمەکانی شاد بێت و مافی میراتگرەکانیش پارێزراو بێت.ر
هیچ گەشتێکی عومرە بە هێڵی ئاسمانی لە کوردستانەوە بۆ سعودیە ئەنجام نادرێت، حەج و عومرەی کوردستانیش دەڵێت: تا ئەو عومرەکارانەی لە سعودیە گیریان خواردووە نەگەڕێندرێنەوە گەشتەکان رادەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حهج و عومرهی كوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، وهكوو ههڵوێستێك له بهرانبهر دواكهوتنی گهڕاندنهوهی ئهو هاووڵاتیانهی كه به فرۆكه گهشتی عومرهیان كردووه و له سعودیه گیریان خواردووه، بههۆی نهبوونی فرۆكه ناچاربوونه به پاس بگهرێنهوه یاخود لهوێ بمێننهوه رێگه به هیچ گهشتێكی عومرهی ئاسمانی له كوردستان نادهن بۆ بردنی هاووڵاتیان بۆ سعودیه.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ههموو ئهو عومرهكارانهی لهوێن له نزیكترین كاتدا دهگهرێندرێنهوه و دڵنیایی تهواو نهدرێت كه ئهو هاووڵاتیانهی دهبردرێن بۆ عومره له وادهی دیاریكراوی خۆیاندا دهگهرێندرینهوه بۆ ههرێمی كوردستان، هیچ گەشتێکی دیکە ئەنجام نادرێت.
حەج و عومرەی کوردستان راشیگەیاندووە، ئاگاداری ههموو كۆمپانیاكانی حهج و عومڕه دهکەنەوە له ههموو پارێزگا و ئیداره سهربهخۆكان هیچ گهشتێكی عومره به رێگهی ئاسمانی رێك نهخهن تا بهرێوهبهرایهتی گشتی حهج و عومڕه رێگهیان پێنهداتهوه.
هەروەها هۆشداریش به بریكارهكانی هێڵی فرۆكهوانی عیراقی دهدات كه پێویسته ههوڵ بدهن به زووترین كات عومرهكارانی كوردستان له سعودیه بگهرێندرێنهوه به پێچهوانه روبهڕووی لێپێچینهوهی یاسایی دهبنهوه.
جێگەی ئاماژەیە، ماوەیەک به هۆكاری جیا جیا گهشتهكانی عومره به هێڵی فرۆكهوانی عیراقی كهم و کوڕی و نارێكیان تێدا كهوتووه بههۆیهوه ههزاران عومرهكارانی كوردستان و عیراق له سعودیه گهڕاندنهوهكانیان دواكهوتووه.
بڕیارە بەم نزیکانە پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، وەزارەتی دارای عیراقیش پارەی پێویست بۆ شایستەکانی جوتیاران تەرخان دەکات.
د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لە بەدواداچوون بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم بەردەوامن و بەردەوام لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە لە پەیوەندیدان.
وتیشی، بەڕێوەبەری گشتی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە پێی راگەیاندووە، بڕیارە بەم نزیکانە وەزارەتی دارایی عیراق بڕە پارەی پێویست بۆ شایستەی جوتیاران تەرخان بکات و پارەکەیان بۆ خەرجبکرێت.
لە قەزای سەیدسادق چوار کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: تۆمەتبارەکان ئاژەڵ و ماتۆڕسکیلیان دزیوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە دوو چالاکی جیاوازدا بەتۆمەتی دزی کردن، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، چوار تۆمەتباریان دەستگیرکرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سکاڵای تۆمار کرد کە چەند سەر ئاژەڵێکی لێ دزراوە، بڕیاری دادوەر بۆ دۆسییەکە وەرگیراو هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد. سەرەنجام توانرا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەچالاکییەکی دیکەدا و پاش تۆمارکردنی سکاڵای هاووڵاتییەک کە ماتۆڕسکیلی لێ دزرابوو، بەبڕیاری دادوەر هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەستپێکرد، پاش گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێن.
ئاشکراشیکرد، تۆمەتباران دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لەیاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە هەردوو دۆسییەکە بەردەوامە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەولێر رۆژنامەنوس شێروان شێروانی دادگایی کرا و تیایدا بە چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا.
ئەمڕۆ لە دادگای بنەسڵاوە لە هەولێر، بۆ جارێکی دیکە دادگاییکردنی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی بەرێوەچوو، کە تیایدا دادگا بە چوار ساڵ و پێنج مانگ سزادرایەوە.
محەمەد عەبدوڵا پارێزەر لە تیمی دۆسیەی شێروان شێروانی رایگەیاند، "وەک ئەوەی پێشتر بڕیاری لێدرابێت، دادگا ئەم سزایەی بەسەردا سەپاندووە"، وتیشی "دەبێت دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە".
وتیشی، بڕیاری سزادانی شێروان شێروانی بە زیندانیکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ و پێنج مانگ پێچەوانەی یاسایە و دۆسیەکە بە سیاسی کراوە.
شێروان شێروانی لە ئۆکتۆبەری 2020 لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و چالاكوانێكی دیکەی بادینان دەسگیرکران و لە 16ـی شوباتی 2021 بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، دواتر لە شوباتی 2022 پاش ناڕەزایەتی و کاردانەوەكان سزاکانیان بەڕێژەی سەدا 50 تا سەدا 60 کەمکرایەوە.
ئەیلولی 2023 ماوەی سزاکەی شێروان تەواودەبوو، بەڵام دۆسییەیەکی تازە ئەوی لە زیندان هێشتەوە و لە 26ـی 10ـی 2023 سزاكەی لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوە.
ئەمشەو وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات و پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم تاوتوێ دەکرێت.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، کاتژمێر 11ـی ئەمشەو، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکدێن لە، د.ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و چەندین بەڕێوەبەری گشتی سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بەڕێدەکەون.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد، سبەینێ کۆبونەوەکانی وەفدی باڵای هەرێم لەگەڵ حکومەتی عیراق دەستپێدەکات، بە ئومێدی ئەوەی بەر لە بەڕێوەچوونی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ موچەخۆرانی هەرێم بەدەست بهێنن.