قوباد تاڵەبانی: یەکێتی رێگری دەکات لەوەی ئازادیی بەرتەسک بکرێتەوە
محەمەد رزگار
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت: سەرۆک مام جەلال زۆر جار دەیوت یەکێتی کە لە فڕۆکە و بۆمب و موشەک ناترسێت، لە رەخنەی رۆژنامەنووس و تەنانەت چەواشەکاری بە پلانی میدیای لایەنی رکابەریش ناترسێت.
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری بازنەی هەولێری لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی میدیاکار و کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندن لە پارێزگای هەولێر ئاماژەم بەوەدا، راستە لە هەولێر و هەندێک ناوچەی دیکە کاری رۆژنامەوانی ئەرکێکی قورسە، بەڵام هەڤاڵانی میدیاکاری ئێمە ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، دڵنیاشم کردنەوە کە وەک سەرۆک بافڵ لە هەولێر ئاماژەی پێدا، یەکێتی وەک چیای سەفین لە پشتی میدیاکاران و هەڤاڵ و کادرانی خۆی رادەوستێت، سوپاسیشم کردن کە لە رووماڵکردنی روداوی چەند رۆژی لەمەوبەری هێرشکردنەسەر هەڤاڵانمان لە کاتی بانگەشەدا زۆر ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد.
ئاشکراشیکرد، یەکێتی نەک تەنیا ئازادیی کاری رۆژنامەگەری مسۆگەر کردووە، بەڵکو رێگریش دەکات لەوەی لایەنی دیکە سنوری ئەو ئازادییە بەرتەسک بکاتەوە.



