بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو (مانگی 10) دیاریکرد و رایگەیاند، نرخی هەر سەعاتێک بۆ یەک ئەمپێر بە (48) دینار دەبێت.

نرخەکە کام ناوچانە دەگرێتەوە؟

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەو نرخە بۆ ئەو قەزا و ناحیانەی سنوری پارێزگای سلێمانییە کە هێشتا کارەبایان بەشێوەی بەردەوام پێناگات و لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکیدا موەلیدەکانیان کاردەکەن.

روونیشکراوەتەوە، لە سەنتەری شاری سلێمانی و گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی مەلیک مەحمود کارەبا بەردەوامە و موەلیدەکان کارناکەن، بۆیە ئەم نرخە ئەو ناوچانە ناگرێتەوە. شێوازی حسابکردنی نرخەکەش بەپێی کاتژمێری کارکردنی موەلیدە دەبێت، کە ژمارەی کاتژمێرەکان جارانی (48) دینار دەکرێت.

نرخی کیلۆوات بۆ سیتییەکان:

سەبارەت بەو سیتییانەی کە کارەبای نیشتمانییان نییە و تەنها پشتیان بە کارەبای موەلیدە بەستووە، نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا بە (293) دینار دیاریکراوە.