ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی دیموکرات، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردوەتەوە توانیویانە حەشارگەیەکی داعش بکەنە ئامانج  لە باکووری ڕەقە و پێنج ئەندامی داعشیان دەستگیرکردوە کە یەکێک لە شانەکانی داعشیان پێکهێناوە.

ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاندووە، لە ئۆپراسیۆنێکی وردا لە باکور رەقە، هێزەکانی کۆماندۆ بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی حەشارگەی شانەیەکی تیرۆریستی داعشیان کردوەتە ئامانج لە شارۆچکەیەکی باوکری رەقە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە ئۆپراسیۆنەکەدا پێنج ئەندامی داعشیان دەستگیر کردوە، کە سیانیان سەرکردەن و بەشداربوون، لە پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان کە پێگە سەربازییەکانیان و دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەریان کردبووە ئامانج، و هەوڵیان دەدا ئاژاوە چاندن و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە.

ئاماژەیانبەوەشکردوە؛ ئۆپەراسیۆنەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و هەواڵگری لەسەر جموجۆڵی ئەندامانی شانەکە و چاودێریکردنی پەیوەندییەکانیان و ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ دژی هێزەکانیان و دامەزراوە مەدەنییەکان بووە، جەختیشدەکەنەوە لەوەی  بە پشتبەستن بە زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، هێزەکانیان بە وردبینییەکی بەرز، لە هەمان کاتدا بە پشتیوانی ئاسمانی و سیخوڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامدا.